فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

زیادکردنی یارانەکان، ناوی ڕەمزی هێرش بۆسەر بژێوی خەڵک
دوشەممە ۰۶-۱۰-۱۴۰۰   |  27-12-2021

ئیبڕاهیم ڕەئیسی سەرۆکی دەزگای بەڕێوەبەریی ڕژیم و ئەندامی لیژنەی مەرگی قەتڵوعامی بەندکراوانی سیاسیی دەیەی ٦٠، لە کاتی تەبلیغاتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری دا، بەڵێنی دا تا گەشەی ئابووریی ئێران دوو بەرابەر بکات، ڕێژەی تەوەرۆم بگەیەنێتە نیوە و پاشان بیکاتە تەک ڕەقمەمی، بۆ چوار ملیۆن کەس ماڵ درووست بکات، بۆ پێنج دەهەکی داهاتی یەکەم کارتی مەعیشەت دەربکات، چوار ملیۆن پیشەی نوێ پێک بێنێت و سەهمی نەخۆشان لە هەزینەی سڵامەت بگەیەنێتە ٢٠ لەسەد. هەموو ئەم هارتوهورتانە لە هەر قۆناغێکدا لەلایەن کاندیداکانی ڕژیمەوە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکی دەزگای بەڕێوەبەری تەحویلی خەڵک دەدرێن.  ئەم وادە و بەڵێنانە هەر لە مانگەکانی سەرەتای چوونە سەر کاریانەوە لە بەرامبەر واقعییاتی قەیرانی پێکهاتەیی و چارەهەڵنەگری زاڵ بەسەر ئەم کۆمەڵگایەدا، بێ ناوەرۆک بوونیان دەردەکەوێت. ئەم واقعییەتانە ڕیشەیان لە قەیرانی پێکهاتەیی سەرمایەداریی ئێران دایە و سیاسەتە ئابوورییەکانی ڕژیم، دزی و تاڵان کردن، ئیختلاسی نجوومی و سیاسەتی نێئۆلیبرالی، توندتریان کردووەتەوە. هەموو ئەم وادە و بەڵێنیانە لە کاتێکدا دەدران کە گرینگترین سەرچاوەی داهاتی ڕژیم واتە هەناردەی نەوت و گاز بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە چووبووە ژێر ٥٠٠ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژدا و ڕژیم بۆ جێبەجێ کردنی هەر ئەم ڕێژەیەش دەبوو ڕوو بکاتە بازاڕی ڕەش و بە قیمەتێکی یەکجار کەمتر بیفرۆشێت. دەرئەنجامەکانی ئەم دابەزینە بەشێوەیەکی بەرچاوتر خۆیان لە کەسریی بوودجە، هاتنەخوارەوەی سەرچاوە و پاشەکەوتی دراو، چوونەسەرەوی قەرزەکانی دەوڵەت و دابەزینی بەهای ڕیاڵ نیشان دەدا. ئامارەکان ڕوونتر لەوە بوون کە بتوانن فریوکاری بکەن. هەر ئەوکات ڕاگەیەندرا کە کەسریی بوودجە بە ڕەوایەتی نوێنەرانی مەجلیس تا کۆتایی ساڵ دەگاتە ٤٠٠ هەزار ملیارد تمەن و ئاستی قەرزەکانی دەوڵەت بە بانکی ناوەندی بۆ ١٦٥ هەزار ملیارد تمەن بەرز بووەتەوە.

هەروەک هەمووان ئاگادارن دەوڵەتی ڕووحانی لە دوو ساڵی کۆتاییدا بۆ دابین کردنی کەسریی بوودجە، زیاتر ڕووی کردبووە فرۆشتنی ئەوراقی قەرز و لەم ڕێگەوە ٢٨٢ هەزار ملیارد تمەنی قەزر لە پاش خۆی بەجهێشت. ئەم قەیرانە ئابوورییە دەکرێ لە چوونەسەرەوەی بەردەوام و خێرای ئاماری بێکاراندا بەدی بکرێت. ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیس ڕایگەیاندووە کە پتر لە سێ ملیۆن کەس بەهۆی بێ سەمەربوونی گەرانیان بەشوێن کاردا، لە بازاڕی کار چوونەتە دەرێ. بە وتەی وەزیری جێگری کار و ڕێفاهی ئیجتماعی، لانیکەم حەوت ملیۆن کەس واتە یەک سێهەمی کەسانی لەسەرکار لەژێر پۆششی هیچ جۆرە بیمەیەکدا نین. ئەوە لە حاڵێک دایە کە ڕژیم ئەوانەی وا لە ماوەی یەک حەوتوودا پتر لە ٢٤ کاتژمێریان کار کردووە، وەک خاوەن پیشە بەئەژمار دێنێت. ئامارە ڕەسمییەکان دەریان خستووە کە لە بەهاری ئەمساڵدا زیاتر لە ٤١ و چوار دەهومی لەسەد لە گشت جەمعییەتی ٦٠٢ ملیۆن و ٧٩٨ هەزار کەسیی سەرووی ١٥ ساڵ، چالاکی ئابووری، واتە لەسەر کار یان خوازیاری کار بوون و ٣٦ ملیۆن و ٨٣٠ هەزار کەس واتە ٥٨ و شەش دەهۆمی لەسەدیش ناچالاک بوون. هاوکات سەرۆکی ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجە لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا ڕێژەی ڕاستەقینەی بێکاریی ٢٥ لەسەد ڕاگەیاند کە سێ بەرابەری ڕێژەی ڕەسمیی بێکاری ڕاگەیەندرابوو. لە جەرگەی ئەم باروودۆخەدا ئەوەیکە وەزیری ئابووریی دەوڵەتی سێزدەهەم تەحویلی مەجلیسی دا، هیچ شتێک نەبوو بێجگەلە هەمان سیاسەتی پێشینیانی خۆی. “دابین کردنی ئەمنییەتی سەرمایەگوزاریی ناوخۆیی و دەرەکی”، “باشتر کردنی شوێنی کەسب و کار”، “هەموارکردنەوەی یاساکان و زیادکردنی دەسەڵاتی ئەنجومەنی یاسادانان”، “ئاسانکاری بۆ فرۆشتنی دارایی گشتی و دەوڵەتی”. بە واتایەکی تر ئاواڵە هێشتنەوەی دەستی سەرمایەگوزاران بۆ بەهرەکێشیی زیاتر و هەڕاجی سەروەت و سامانی گشتی و یان کوتانی تەپڵی خسووسی سازی. لەئێسادا پاش پێنج مانگ، ئەو سیاسەتە بەناو کەڵانانەی کە قەرار بوو تەوەرۆم بگەیەنێتە نیوە، بۆ چوار ملیۆن کەس ماڵ درووست بکات و سەهمی نەخۆش لە هەزینەی سڵامەت بگەیەنێتە ٢٠ لەسەد، ڕوخساری قیزەونی خۆیان باشتر ئاشکرا دەکەن. 

لە گەڵاڵەی بوودجەی ١٤٠٠دا تەرخان کردنی دراوی تەرجیحی بۆ هاوردەکردنی پێداویستیی ئاژەڵ بۆ شەش مانگی یەکەم پەسند کرا. بەڵام ڕایانگەیاند کە ئەم ڕەوتە تا کۆتایی ساڵ درێژەی دەبێت. لە ئێستادا لە گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی داهاتوودا کە لە لایەن دەوڵەتی ڕەئیسییەوە ئامادە کراوە هاوردەکردنی پێداویستیی ئاژەڵ و باڵندە بەگشتی سڕدراوەتەوە. کەوابوو ئاشکرایە کە قیمەتی مریشک و هێلکە بەشێوەی سەرسووڕهێنەر بەزر دەبێتەوە. ئامار و داتا ڕەسمییەکان نیشانی دەدەن کە بە لابردنی دراوی تەرجیحی قیمەتی هەر شانەیەک هێلکە دەگاتە ١١٠ هەزار تمەن و هەر کیلۆیەک گۆشتی مریشک بۆ پتر لە ٦٠ هەزار تمەن بەرز دەبێتەوە. ئەوەش بەو مانایەیە کە گۆشتی  مریشک و هێلکە بۆ هەمیشە لەسەر سفرەی ملیۆنان کرێکار و زەحمەتکێش نامێنێت. بەر لە هەمووان جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی بەرنامە و بوودجەی مەجلیس ڕژیم لەپێوەند لەگەڵ لابردنی دراوی تەرجیحی وتی: “دەوڵەت دراوی ٤٢٠٠ تمەنیی لابردووە و ڕێکارگەلێکی بۆ قەرەبوو کردنەوەی توانای کڕینی خەڵک لەبەرچاو گرتووە، واتە بەقەد دراوی تەرجیحی، یارانە دەدرێت و یارانەی نەغدی زیاد دەکرێت”. دوای ئەو بەرپرسەی ڕژیم، لە حەوتووی کۆتایی مانگی سەرماوەزدا مۆحسێن ڕەزایی جێگری ئابووری و بەڕێوەبەری ستادی ئابووریی دەوڵەتی ڕەئیسی و بەڕێوەبەری شۆرای باڵای هاوئاهەنگیی ئابووریی سەرانی سێ دەزگاکە، باسی لە دوو بەرابەر کردنی یارانەکان لە مانگی بەفرانباردا کرد. زۆرێک لە شارەزایانی بواری ئابووری ئەم کردەوەیان بە دەستپێکی چوونەسەرەوەی قیمەتی سووتەمەنی و توندبوونەوەی تەوەرۆم لە سێ مانگی کۆتایی ساڵ پێناسە کرد. سەرەنجام بە پێی گەڵاڵە بوودجەی ١٤٠١ یارانە وەرگران لە ساڵی داهاتوودا حەوت دەهەکی داهات پێک دێنن و بەپێی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی بەرنامە و بوودجەی مەجلسی ڕژیم، بەم کەسانە ٩٠ تا ١٢٠ هەزار تمەن یارانە دەدرێت. بە سەرەنجدان بە قیمەتی کاڵا پێویستەکانی ناو بازاڕ دەردەکەوێت کە ئەم یارانەیە تەنیا بەشی هەزینەی چوار ڕۆژی بنەماڵەیەکی چوار کەسی دەکات. کەوابوو هات و هاواری زیادکردنی یارانەکان و هاوکات لابردنی دراوی تەرجیحی بۆ کاڵا ئەساسییەکان، هیچ شتێک نییە بێجگەلە هێرشی نوێ بۆسەر ژیانی ملیۆنان کرێکار و توێژی خواردەستی کۆمەڵگا.

بێگومان تەورۆم و گرانیی سەرسووڕهێنەر لەگەڵ بەکردەوە دەرهاتنی بڕیارە تازەکانی دەوڵەتی سێزدەهەم زیاتر دەچێتە سەرێ و هەژاری و فەلاکەت لە لایەکەوە و شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانیش لە لایەکی دیکەوە زیاتر پەرەدەستێنن. ئەگەرچی ڕژیم چارەیەکی بێجگەلە ڕەوانە کردنی هێزی سەرکوتگەر بۆ نەماوەتەوە، بەڵام لەڕاستیدا، لانیکەم لە مانگی بەفرانباری ٩٦ەوە، ئەم ئامرازە تا ڕادەیەکی زۆر کارایی خۆی لەدەست داوە. حزووری بەرینی موعەلیمان لە ماوەی ڕۆژان و حەوتووەکانی ڕابردوودا سەرەڕای هەڕەشە و هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆسەر ناڕازییان، نەیتوانیوە ڕووحییەی خەباتکارانەی موعەلیمان دابەزێنێت و هەر ئەم ڕووحییەش یەکێک لە گرینگترین تایبەتمەندییەکانی باروودۆخی ئێستای کۆمەڵگایە.