فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

زەروورەتی چینایەتی خەباتی یەکگرتووانە بۆ بردنەسەرەوەی حەقدەست
سێشەممە ۰۸-۰۱-۱۴۰۲   |  28-03-2023
زەروورەتی چینایەتی خەباتی یەکگرتووانە بۆ بردنەسەرەوەی حەقدەست

شۆرای باڵای کاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، لانیکەمی حەقدەستی کرێکارانی بۆ ساڵی ١٤٠٢ وێڕای بردنەسەری ٢٧ لەسەد و حیسابکردنی بڕی حەقی مەسکەن، بۆنی خاروبار و حەقی ئەولاد، ٦ ملیۆن و ٤٣٣ هەزار تمەن بۆ بنەماڵەی ٣.٣ کەسی و هەشت ملیۆن و ٢٠٨ هەزار و ٣٦٠ تمەن بۆ بنەماڵەی کرێکاریی چوار کەسی دیاریکردووە. ئەم ناوەندە دژەکرێکارییە بردنەسەری حەقدەستی بۆ باقی ئاستەکانی حەقدەست بە ڕادەی ٢١ لەسەد دیاریکردووە. دیاریکردنی ئەم ئاستە لە لانیکەمی حەقدەست لە حاڵێکدایە کە تەنانەت هێندێک لە ناوەندە حکوومەتییەکان هێڵی هەژارییان ١٥ تا ٢٠ ملیۆن تمەن بەرئاورد کردووە. هێندێک لە لێکۆڵەرانی سەربەخۆ و ڕێکخراوە کرێکارییەکانی سەربەخۆ لە دەوڵەت لە ئێرانیش بە لەبەرچاوگرتنی هەزینەی مانگانەی بنەماڵەیەکی شاری و بەسەرەنجدان بە دابەزینی بەهای ڕیاڵ و تەوەرۆمی بەرین و تەوەرۆمی چاوەڕوانکراو لە مانگەکانی داهاتوو، هەزینەی دابینکردنی سەبەدی مەعیشەتی بنەماڵەیەکی کرێکارییان ٢٦ تا ٣٠ ملیۆن تمەن بەراورد کردووە. کەوابوو هەموو ئامار و ئەرقامەکان پێمان دەڵێن کە لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران بۆ ئەمساڵ سێ بەرابەر خوارتر لە هێڵی هەژاری دیاریکراوە.

بەڵام حەقدەست چییە و بۆچی تا ئەم ڕادەیە هاتووەتە خوارێ؟ حەقدەست پارەیەکە کە خاوەنکار ڕۆژانە، هەفتانە یان مانگانە دەیدا بە کرێکار تا کاری بۆ بکات. کرێکار ئەم پووڵە دەکاتە خەرجی پۆشاک، خۆراک و کرێی ماڵ و هیتر. واتە حەقدەست دەبێتە هەمان خەرجێک کە خاوەنکار ڕۆژانە یان مانگانە دەیدا بە کرێکار تا کرێکار لەم ماوەیەدا کاری بۆ بکات. واتە کرێکار کار دەکات، بەرهەم دێنێ و چینی سەرمایەدار هەموو حاسڵی کاری چینی کرێکار دەخاتە گیرفانیەوە و تەنیا بەشێکی کەم لە بەرهەمی کار بە شێوەی حەقدەست دەداتەوە کرێکاران. واتە حەقدەست بەشێکە لە بەرهەمی کاری کرێکاران کە دەدرێتەوە بە خۆیان، تا وەک چینێک درێژە بە ژیان بدەن، زیندوو بمێنن و بەردەوام سەروەتی چینی سەرمایەدار بەرهەم بێنن. ئەمە یەکێک لە یاسا بنەڕەتی و ئەساسییەکانی نیزامی سەرمایەدارییە. ئەم نیزامە، نیزامی کۆیلەتیی مزدییە. واتە کرێکاران مەجبوورن بۆ دابینکردنی ژیانی خۆیان و بنەماڵەیان، بۆ دابینکردنی نان و پۆشاک و مەسکەن، پێیان بە ماشێن و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان کە لە ئیختیاری سەرمایەدار دایە، زنجیر بکەن.

بەڵام ئەو بەشەی کە بۆ بەقای کۆمەڵایەتی دەدرێتە کرێکاران، چەندەیە؟ و ئاستی حەقدەست چۆن دیاری دەکرێت؟ ئاستی حەقدەست بەپێی بارودۆخی ڕەقابەت و هێز و توانای ئەم دوو لایەنەیە.

لێرەدا کرێکار خاوەنی کاڵایەکە کە هەمان هێزی کارەکەیەتی و ئەو کاڵایەی خۆی دەفرۆشێت. ئەوەیکە هێزی کاری کرێکار لە بەرامبەر چ حەقدەستێکدا دەکڕدرێت، بۆ دوو فاکتۆر دەگەڕێتەوە. یەکەم ئەوزاعی بازاڕ چۆنە، ئایا لە حاڵی ڕەونەق دایە یان ڕکوود، داواکاری بۆ هێزی کار زۆرە یان کەمە؟ دووهەم کە فاکتۆرێکی ئەساسیترە، ڕادەی یەکگرتوویی و توانای خۆڕاگری و خەباتی کرێکارانە. ئەوەیکە ئایا کرێکاران بەجۆرێک یەکیان گرتووە کە بتوانن بەرەنگاری سەرمایەداران و دەوڵەتی پشتیوانیان ببنەوە کە دەیانهەوێ کەمترین حەقدەستیان پێ بدەن یان نا؟ ئەگەر هەموو بارودۆخەکە باش بێت واتە هەم داواکاری بۆ هێزی کار زۆر بێت و هەم کرێکاران یەکگرتوو بن و توانای بەرەنگاربوونەوە و موقاومەتیان بێت، تازە ئەو کات کرێکاران شانسی ئەوەیان دەبێت کە حەقدەستێک وەرگرن کە ئیمکانی ئەوەیان پێ بدات لە چوارچێوەی ئەو ژیانەی کە لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا بۆ کرێکاران پێناسە کراوە، هێزی کارەکەیان تازە بکەنەوە و لەئاستی بنەماڵەشدا کرێکارانی داهاتوو پەروەردە بکەن. لەم حاڵەتەدا کە باشترین حاڵەتی مومکینە حەقدەستی کرێکاران بەرابەری بەهای هێزی کارەکەیانە واتە بەرابەری ئەو ئامراز و پێداویستییانەی ژیانە کە بۆ کارکردن و بەقای نەسلیان پێویستیانە.

بەڵام ئەم دوو هۆکارە، کە دەبوو بەهۆی ئەوەیکە کرێکار حەقدەستی بەرابەر لەگەڵ بەهای هێزی کارەکەی بەدەست بێنێ، لە دنیای واقعیدا بەردەوام لە نەوەساندایە و زۆرجار بەزیانی کرێکارانە. ئەوە زاتی سەرمایەدارییە کە لەگەڵ هەر دەورەیەکی ڕەونەق دەکەوێتە دەورەیەکی قەیران و ڕکوودەوە و لەگەڵ پەرەسەندنی بێکاری و هیتر ڕەقابەت لەنێوان کرێکاراندا زۆر دەبێت و هێزی موقاومەتی کرێکاران کەم دەبێتەوە. بەهۆی ئەم وەزعیەتە حەقدەستی کرێکار لە بەهای هێزی کارەکەی کەمتر دەبێتەوە، ئاستی حەقدەست دەڕواتە ژێر هێڵی هەژاری موتڵەق و کرێکار تەنانەت پێداویستیی تەڕ و تازە ڕاگرتنی هێزی کار و ئیدارەکردنی بنەماڵەی پێنادرێت و حەقدەستەکەی بەجۆرێک دێتە خوارێ کە بە زەحمەت بەشی زیندوو مانەوەی دەکات.

لەم هەرج و مەرجەی نیزامی سەرمایەداری، لەم هەرج و مەرەجەی نیزامی کۆیلەتی مزدیدا کە هەموو شتێک گرێدراوە بە شەڕی نێوان کرێکاران و سەرمایەداران، ئەوەیکە کرێکاران بتوانن تەنانەت بەهای هێزی کارەکەیان وەرگرن و پێداویستیەکانی ژیانێکی ئینسانی دابین بکەن، خۆی وزە و خەبات و تێکۆشانی بەرینی چینایەتیی پێویستە. لەم جەنگە چینایەتییەدا، کرێکاران بەو ئەندازەیەی کە یەکگرتوو و هەمبەستە و ڕێکخراو دێننە مەیدان، دەتوانن بەرەنگاری چینی سەرمایەدار و دەوڵەتی پشتیوانیان ببنەوە و حەقدەستی گونجاو بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی بەسەر سەرمایەداراندا بسەپێنن. ئەوەیکە ئاستی حەقدەست چەندە دەبێت و ئەوەیکە ئایا کرێکاران بەڕاستی بەهای هێزی کاری خۆیان و بەرابەری دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی وەردەگرن، بەکردەوە و لە دنیای واقعیدا زیاتر لە هەموو شتێک بە هێزی چینی کرێکار و توانای خەباتی دژبە چینی سەرمایەدارەوە گرێدراوە.

لە بارودۆخێکدا کە بزووتنەوەی ئێستا بە شێوازی جۆراوجۆر درێژەی هەیە و لە بارودۆخێکدا کە بردنەسەرەوەی ئاستی حەقدەستەکان وێڕای دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی خاوەنی هۆگرایەتیی کۆمەڵایەتییە، خەباتی کرێکاران بۆ زیادکردنی حەقدەستەکان بەشێوەی بابەتی درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستایە. لەم بارودۆخەدا لە ڕێکخراوەکان، هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی کرێکاری کە لەگەڵ ناوەندەکانی خەباتی کرێکاران لە پەیوەندی نزیک دان، چاوەڕوان دەکرێت کە دەست بخەنە ناو دەستی یەک و لەدەوری یەک کۆببنەوە و بۆ جێخستنی پەیوەندی و هاوکاری لەپێناو ڕێکخستنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرانسەری کرێکاران بۆ بردنەسەرەوی ئاستی حەقدەستەکان بەستێنسازی بکەن. سازماندانی ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەرین و یەکپارچە لە کارخانە و ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان تەنها زامنی درێژە و پێشڕەوی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و زامنی تێکشاندنی پەلاماری بەرینی حکوومەتی ئیسلامییە بۆسەر ژیانی کرێکاران.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co