فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

زەنگی دەستپێکی دەرس و مەدرەسە، زەنگی هۆشداری ئاستی بێوێنەی هەژاری و گرانی
هەینی ۱۶-۰۶-۱۴۰۳   |  06-09-2024

دوو حەفتە بەر لە لێدرانی زەنگی دەستپێکی دەرس و مەدرەسە، زەنگی هۆشداری بەرینایی بێوێنەی هەژاری و گرانی، زیاتر لە هەمیشە دەنگ دەداتەوە. لە سەروبەندنی کرانەوەی مەدرەسەکان میدیاکانی حکوومەت باس لە چوونەسەری نرخی کەلوپەلی نووسین، چوونەسەری نرخی جلوبەرگی خوێندکاران، چوونەسەری هەزینەی هاتوچۆ و چەند بەرابەر بوونی کرێی مەدرەسەکان دەکەن. بەراوردێک لە پێداویستییە سەرەتاییەکان نیشانی دەدات کە بنەماڵەکان بۆ کڕینی کەلوپەلی نووسینی خوێندکارێکی قۆناغی سەرەتایی، بۆ شەهریەی مەدرەسەکان لەژێرناوی جۆراوجۆر، بۆ هەزینەی بەرینی هاتوچۆ، دەبێ ملیۆنان تمەن خەرج بکەن. مەرجی مەدرەسەکان بۆ وەرگرتن و ناونووسیی خوێندکاران بۆ نموونە کڕینی جلوبەرگی هاوشێوە، کیفی یەکدەست و وەرگرتنی چەند ملیۆن تمەن لەژێرناوی جۆراوجۆری وەک کۆمەک بە مەدرەسە، کێشەی بۆ زۆرێک لە بنەماڵەکان دروستکردووە. داهاتی بنەماڵەکان لە بەرامبەر گرانی و تەوەرۆمدا، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کەمتر دەبێتەوە. دابینکردنی جلوبەرگی یەکدەست بە هەزینەی زۆر بۆ خوێندکاران، بۆ ئەو بنەماڵانەی مانگانە داهاتیان ١٠ تا ١٥ ملیۆنە سەخت و دژوارە. لێرەدا باسی مەدرەسە خسووسییەکان ناکەین کە دەیان ملیۆن لە بری کلاسی ئیزافی و فەزای خەڵوەتی کلاسەکان وەردەگرن. باسی ئەو مەدرەسە دەوڵەتییانە دەکەین کە لەبەرامبەر پێدانی خزمەتگوزاریی پەروەردە بە خوێندکاران، بارێکی قورسیان خستووەتە سەر شانی بنەماڵەکانیان. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بنەماڵەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا بەهۆی پەرەسەندنی بێکاری و گرانیی بەرین بۆ دابینکردنی لانیکەمەکانی ژیان لە مەزیقە دان و دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندنی منداڵەکانیان بووەتە موعزەلێکی واقعی.

لە وەها بارودۆخێکدا پێشبینی دەکرێت سەدان هەزار منداڵ لە خوێندن بێبەش بن. لەگەڵ کالایی بوونی پەروەردە، لە حاڵێکدا کە ئاغازادەکان و منداڵی سەران و فەرماندەکان و کارگێڕانی ڕژیم لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات لە باشترین ئیمکاناتی پەروەردە بەهرەمەندن، ملیۆنان منداڵ و تازەلاو بەتایبەت منداڵانی پەنابەری ئەفغانستانی بەهۆی سیاسەتی دژە پەنابەریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە چەرخەی دەرس و مەردەسە دەخرێنە دەر و بە ناچار لە کارگە، کورەخانە و مەزراکان دەچەوسێنەوە یان بە لەشکری منداڵانی شەقام پەیوەست دەبن.

سەرەڕای کاڵایی بوونی پەروەردە و ڕەنگدانەوەی بۆشایی قووڵی چینایەتی لەناو سیستەمی پەروەردە و سەرەڕای خەرجی یەکجار بەرینی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران بۆ پەرەپێدانی کۆنەپەرستی و خورافاتی مەزهەبی و دژایەتی لەگەڵ هەرجۆرە پەروەردەیەکی زانستی و پێشڕەو لەڕێگەی دەزگای ئادیۆلۆژیک و ناوەندە ئەمنییەکان و دامەزراندنی هەزاران تەڵەبەی حەوزەی عیلیمیە لە جیات موعەلیمان، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بە پێشەنگایەتیی ژنان لە شەقام و زانکۆ و مەدرەسە ئاسۆیەکی هیوابەخشی خستووەتە بەردەم بزووتنەوەی خوێندکاری و کۆمەڵگا بەگشتی. خوێندکاران لە زانکۆکاندا لە پەنا دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” بە وتنەوەی دروشمەکانی وەک “گیای هەرزە تۆی، ژنی ئازادە منم”، “تا ئاخوند نەبێتە کەفەن، وەتەن نابێتە وەتەن”، “نە ڕووسەری، نە تووسەری، ئازادی و بەرابەری” و بە سووتاندنی ڕووسەری و بە ژێرپێنانی یاسای حیجابی ئیسلامی و سیاسەتی هەڵاواردنی ڕەگەزی، دژایەتیی بزووتنەوەی ژینایان لەگەڵ خورافاتی دینی بەئاشکرا نیشاندا و هەڵاواردنی ڕەگەزییان لەناو سیستەمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامیدا خستە ژێر پرسیارەوە. شەپۆلی یەک لە دوای یەکی دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجە و زیندان و ئێعدام، دەرکردن لە زانکۆکان، بێبەریکردنی ژنان لە خوێندن لە دەیان خولی زانکۆ و هێرشی کیمیایی بۆسەر مەدرەسەکانی کچان هیچکام نەیتوانی بزووتنەوەی خوێندکاری ناچار بە تەسلیمبوون بکات.

ناڕەزایەتیی موعەلیمان دژبەم سەرکوتگەرییەکانە و بۆ دیفاع لە ئەمنیەت و حورمەتی خوێندکاران و خەباتیان لەپێناو بەدواداچوونی داخوازییە ڕەواکانیان کاریگەریی بەرچاوی لەسەر فەزای مەدرەسەکان و فەزای سیاسیی گشت کۆمەڵگا داناوە. موعەلیمان بە پێداگری لەسەر خواستی خوێندنی بەخۆڕایی بۆ هەموو منداڵان و نەمانی هەڵاواردن و بردنەسەرەوەی حەقدەست بۆ سەرووی هێڵی هەژاری و خواستی مەنعی کاڵایی بوونی پەروەردە و دەرمان و تەندرووستی، لەڕاستیدا خواستی کرێکاران و بێبەشان و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگەشیان گەڵاڵە کردووە. موعەلیمان لە جەریانی خەباتی خۆیاندا ئەزموونی بەنرخیان لە بواری سازماندان و بەرپاکردنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرانسەری بەدەست هێناوە. لەم ڕووەوە خوێندکاران پێویستە لە موعەلیمانی خۆیان نەتەنیا زانیاری و زانست، بەڵکوو تاکتیک و شێوازی سازماندان و یەکگرتوویی و خەباتیش فێربن. خوێندکاران دەتوانن بە دەرس وەرگرتن لە ئەزموونی بەنرخی بزووتنەوەی خوێندکاری، شۆرا و ناوەند و ئەنجومەنی خوێندکاران پێکبێنن. بزووتنەوەی خوێندکاران و موعەلیمان بە هاوپشتی لەگەڵ یەکتر و بنەماڵەکانیان دەتوانن سیاسەتی ئەمنیەتی و کۆنەپەرستانەی ڕژیمی ئیسلامی لە بواری پەروەردەدا ناچار بە پاشەکشە بکەن و وزەیەکی نوێ بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا ببەخشن.