دووای ئەوەی ڕاگەیەندرا کە ٦١ زیندانی سیاسی و عەقیدەتی ژن لە زیندانی ئێوینی تاران، وەک ناڕەزایەتی دەڕبڕینێک بەرامبەر “حۆکمی ئێعدام” مان لە خوواردن دەگرن، چەندین بەندکراوی سیاسی دیکە و بنەماڵەی زیندانییە سیاسییەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەوانیش پەیوەستی ئەو مانگرتنە دەبن. وەکوو زەینەب جەلالیان، مەهدی یەراحی، توماج سالحی و بنەماڵەی سپیدە قولیان.
زەینەب جەلالیان، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە زیندانی هەتاهەتایی لە زیندانی یەزد، بە مەبەستی مەحکووم کردنی جێبەجێکردنی سزای ئێعدامی مۆحەمەد قوبادلوو و فەرهاد سەلیمی ڕایگەیاند کە ئەویش لەگەڵ ئەم بانگەوازەدا مان لە خواردن دەگرێت.
کەسێکی نزیکی ئەم زیندانیە سیاسیە راگەیاندووە: «سەرەڕای ئەوەی زەینەب جەلالیان لە زیندانی یەزد لە بارودۆخی ئیزۆلەدا ڕاگیراوە و بەربەستی زۆر قورس خراوەتە سەر پێوەندییە تەلەفۆنییەکانی، بەڵام ئەمڕۆ دوای بیستنی هەواڵی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی لە چەند مانگی ڕابردوودا و وەک پاڵپشتییەک لە خواستی جەماوەری بۆ هەڵوەشاندنەوەی حۆکمی ئێعدام لە ئێراندا، ڕایگەیاند کە ئەویش ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕێبەندان لەگەڵ ٦١ ژنی زیندانی سیاسی لە زیندانی یەزد مان لە خواردن دەگرێت».
هەروەها مەهدی یەراحی هونەرمەندی خوزستانی کە بەهۆی پاڵپشتی لە بزووتنەوەی ژینا لە زیندان دایە، ڕایگەیاندووە کە پاڵپشتی لە مانگرتنی زیندانیانی ژن دەکات و دژ بە جێبەجێکردنی سزای ئێعدام لە ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی بەفرانبارەوە مان لە خوواردن دەگرێت.
پێشتریش هەر یەکە لە توماج سالحی، عالییە موتەلیبزادە، هاوژینی سەعیده شەفیعی و بنەماڵەی سپیدە قولیان ڕایانگەیاندبوو کە پەیوەست بەو ناڕەزایەتییە دەبن.
مۆحەمەد قەبادلوو و فەرهاد سەلیمی ڕۆژی سێشەممە ٣ی بەفرانبار لە زیندانی قزلحەساری شاری کەرەج لەلایەن دەسەڵاتی دادی ڕژیمەوە ئێعدام کران. جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامی ئەو دوو زیندانییە ناڕەزایەتی بەرینی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێرانی لێکەوتەوە.