لە سەرەتای ساڵی نوێ داین و کۆمەڵگای ئێران لە ناوەوە دەکوڵێت و جەماوەری ژێر ستەم لە هەموو دەرفەتێک کەڵک وەردەگرن تا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا تووڕەیی پنگخواردوویان دەربڕن. لەم نێوەدا “شەقام” گۆڕەپانی ناڕەزایەتیی بەرینی کۆمەڵگا و مەیدانی پەیکاری چینایەتی و کۆمەڵایەتیی بەرینترین هێزە ڕادیکاڵەکانە. لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا شەقام بووەتە بەرچاوترین و شکۆدارترین بواری ڕووبەڕووبوونەوەی کرێکاران، ژنان، مامۆستایان، بێبەشانی شار، خوێندکاران، خانەنشینکراوان و باقیی جەماوەری ناڕازی و توڕە دژبە نیزامی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی. ئەگەر ڕەوتە بورژواکان و ڕاستڕەوان و کۆنەپارێزان چاوی هیوایان لە گۆڕانکاری لەسەرەوە، ڕژیم چەینج و دەستتێوەردانی دەسەڵاتە ئیمپریالیست و کۆنەپەرستەکان بڕیوە، ئەگەر هێزە بورژوا – ناسیۆنالیستەکان بە حزوور لە داڵانەکانی واشنگتۆن، لابیگەری، موعامەلە و دانوستان لە پشت دەرگا داخراوەکان و بەدوور لە چاوی خەڵک و بە چاوەڕوان ڕاگرتنیان، بەتەمان لە داهاتووی دەسەڵاتی سیاسیدا بەشدار بن، بۆ هێزی شۆڕشگێڕ و پێشڕەو شەقام ساحەی گۆڕانکاری لە خوارەوە و هیوا بە داهاتووییەکی باشترە بۆ زۆربەی جەماوەری کۆمەڵگا. پرسیار ئەوەیە کە شەقام چ جێگە و پێگەیەکی هەیە کە بەمجۆرە بووەتە گۆڕەپانی ناڕەزایەتی، مانگرتن و شەڕ و کێشمەکێش لە سەرتاسەری کۆمەڵگای ئێران و بۆچی دەبێ شەقامەکان بگرێنەوە.
لە نیزامی سەرمایەداریدا، شەقام هەمیشە قەڵغانی ڕووبەڕووبوونەوەی چینایەتی ستەمکاران و ستەملێکراوان بووە. لە ڕاستیدا شەقام تەنیا شوێنی تێپەڕین و هاتووچۆی خەڵک و ئۆتۆمبێلەکان نییە، بەڵکوو هاوکات لە لایەن دوو لایەنی حاکمان و مەحکوومانەوە بۆ هێزنواندنیان کەڵکی لێ وەردەگیرێت. هەرکات شەقام دەبێتە ساحەی خەباتی چینی کرێکار، بێبەشان و ئازادیخوازان، کەشوهەوای بێڕووحی شەقام و شوێنە گشتییەکانی شار دەستبەجێ دەگۆڕدرێت و دەکەوێتە خرۆش و دەبووژێتەوە. حەماوەری خرۆشاو لەسەر شەقام، زنجیری تێکتەنیوی ڕیزی چینایەتی و هاوپشتیی گشتیی خۆیان پێک دێنن و شان بە شانی یەک هەروەک جەستەیەکی واحید، خواست و داخوازییەکانیان یەکدەنگ هاوار دەکەن.
سەرمایەداران و دەوڵەتانی پشتیوانیان، چینی کرێکاریان بە شێوازی جۆراوجۆر لە شوێنی داخراوی کارخانە و کارگاکاندا بە یاسای زاڵمانە و سەرمایەدارانە بە بەند و زنجیر دەکێشن، ئەوان وەک پەیکەرێکی بێگیان و لەخۆنامۆ دەکەنە بەشێک لە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و شیرەی گیانیان بۆ وەدەستهێنانی قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایە دەمژن. بەڵام هەرکات کرێکاران ئیرادە بکەن و ئامرازی کاریان لە زەوی دانێن، زنجیری کۆیلەتی دەپچڕێنن و بە مانگرتن و ناڕەزایەتی و ڕێپێوان و کۆبوونەوە، کارخانە و شوێنی کار و یان شەقام و مەیدانەکانی شار دەکەنە گۆڕەپانی مارشی چینایەتیی خۆیان. بە گرتنەوەی شەقامەکان دەڵێی خوێنی تازە چووەتە ناو دەمارەکانی کۆمەڵگاوە و شار زیندوو و پڕ گڕوتین دەکات. کرێکاران زاتی ئینسانیی خۆیان بە خۆڕاگری و خەبات دەردەخەن. ئەوان نیشانی دەدەن کە بەم ئاستە لە پێگەیشتن و وشیاری گەیشتوون کە بۆ وەدیهاتنی ماف و ئازادییەکانیان بەردەوام خەبات بکەن. مانگرتنی جۆراوجۆر لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و پیشەسازی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا نموونە بەرچاوەکانی گرتنەبەری ئەم سیاسەتە ڕادیکاڵەیە. کرێکاران شەقامیان کردە گۆڕەپانی پەیکاری چینایەتی دژبە خاوەنانی سەرمایە، دزان و گەندەڵان و دەوڵەتی پشتیوانیان.
یاسا، سوننەت و کلتووری پیاومەزن و دژەژن و پڕ لە هەڵاواردن لە لایەن دەوڵەتانی دەسەڵاتدار و هێزە کۆنەپەرستەکانی ناو کۆمەڵ، ژنان دەخاتە سووچی ماڵەکانەوە و یان لە شوێنە گشتییەکان، دەیانداتە بەر توندوتیژی و سەرکوت و ئازار و ئەزیەت. بەڵام هەرکات شەقام دەبێتە مەیدانی بەرابەریتەڵەبی و ئازادیخوازیی ژنان، پشوو تازە دەکەنەوە و هێزی بێناوەرۆکی سەرکوتگەران و کۆنەپەرستانی دەسەڵاتدار و یاسای دژەژن دەبەنە ژێر پرسیارەوە و تابووی مەزهەبی و دواکەوتووانە تێک دەشکێنن و پایەکانی نیزامی نامرۆڤانە و دیکتاتۆری دەخەنە لەرزە. شکۆی “کچانی شەقامی ئینقلاب” وەبیر خۆمان بێنینەوە کە چلۆن کچان و ژنانی ئازادیخواز و بوێر بە نیشانەی ناڕەزایەتی دژبە حیجابی ئیجباری و لە حەرەکەتێکی سەمبۆلیکدا ڕووسەرییەکانیان لەسەر شەقام لابرد و بەداریانەوە کرد و هەیبەتی پیاوسالاری و دینیی دەسەڵاتیان تێکشکاند. لەخۆڕا نییە کە وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی دانی بەوە داناوە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی زەربە ببینێت “لە لایەن ژنانەوەیە”.
بێگومان ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەردەوام و سەرتاسەریی مامۆستایان و حزووریان لەسەر شەقامەکان یەکێک لە دیارترین دیمەنەکانی خەباتی کۆمەڵایەتی و داخوازی بووە. مامۆستایان لە ناڕەزایەتی بە زەبروزەنگ، هەژاری و فەلاکەتی زۆربەی کۆمەڵگا، و نەبوونی ئازادیی کۆمەڵایەتی و سیاسی ناتوانن خۆیان بە چواچێوەی داخراوی مەدرەسە و شوێنەکانی فێرکردن سنووردار بکەن و ئەوەیکە نیزامی دەسەڵاتدار دیاریی کردووە بیڵێنەوە. لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا مامۆستایان ئازادیخواز و خەباتکار هەروەک لافاوی خرۆشان هاتنە سەر شەقامەکان و هاودەنگ و شان بە شانی یەک لە زۆربەی شارەکان داخوازییەکانیان دەربڕی و شەقامیان کردە گۆڕەپانی خەبات بۆ گەیشتن بە مافەکانیان. یەکێک لە دیارترین و شکۆدارترین تایبەتمەندییەکانی ئەم خەباتە، پێشەنگبوونی ژنان لە ڕیزی شکۆدار و تێک تەنیوی ئەم مانگرتن و کۆبوونەوە سەراسەرییانە دایە کە دیمەنی نوێ و پڕگوڕوتینی بە بزووتنەوەی چنیایەتی و ڕادیکاڵی مامۆستایان بەخشیوە. ئەم بەشدارییە بەرینە و پێشەنگ بوونی ژنان، نیشانەی گەشە و پێشڕەویی خەباتی ڕادیکاڵی کۆمەڵایەتی و سیاسییە. ئەم فاکتۆرانە، لەلایەکەوە لاوازبوونی ئایدیۆلۆژی و سیاسەتی کۆماری ئیسلامی و باقیی هێزە کۆنەپەرستەکان ئاشکرا دەکات و لەلایەکی دیکەشەوە مزگێنیدەری داهاتوویەکی گەش بۆ خەبات و ئاخێزی کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراو و بێبەشە.
بەڵێ! بێگومان گۆڕانکاری لە خوارەوە و لە شەقامەکانەوە دەست پێ دەکات. شەقام شوێنی جەماوەری بوونەوەی بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی کرێکاران و ڕەنجبەران لە چارەنووسی خۆیان دایە. شەقام شوێنی هاوپشتیی کۆمەڵایەتی و چینایەتی، ئەزموونی سیاسەتی ڕادیکاڵ، دەرخستنی توانا و وزە بۆ گۆڕینی کۆمەڵگا، و هێمای ئیرادە و زەروورەت و توانای بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسییە لە لایەن زۆرینەی کۆمەڵگاوە. شەقام شوێنی بەیەک گەیشتنەوەی بەرینترین خواست و داخوازییەکانی کرێکاران، ژنان، مامۆستایان، کەمینە ئێتنیکی و نەتەوەییەکان، منداڵانی کار و زۆربەی هەرەزۆری جەماوەری بێبەشە. خاڵی بەیەک گەیشتنەوەی حەرەکەتە کۆمەڵایەتییەکان و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتی و ڕادیکاڵەکانە. شەقام ئەو شوێنەیە کە ڕێکخستن، یەکگرتن و هاوپشتیی جەماوەری تێیدا سەر هەڵدەدات و گەشە دەکات.
ئەگەر بورژوازی هەوڵ دەدات تا دەورونەخشی زۆربەی کۆمەڵگا بە چوونی هەر چەند ساڵ یەکجار بۆ پای سندووقەکانی دەنگدان سنووردار بکات و ئەوان بە نیسبەت کاروباری کۆمەڵگا بێ ئیرادە و لەخۆنامۆ بکات، لە بەرامبەردا، چوون بۆسەر شەقام بەئامانجی مافخوازی و گۆڕینی شێنەیی و بەردەوام و سەرەنجام لەپێناو ئاخێزی جەماوەری و شۆڕشی کۆمەڵایەتی، بۆ چینی کرێکار و بێبەشانی کۆمەڵ دەرفەتی دەورونەخش نواندن لە ئاڵوگۆڕی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری دەخوڵقێنێت. ئەگەر بمانهەوێ وتاری سۆسیالیستی و چینایەتی لە گشت کۆمەڵگای ئێراندا ببێتە وتارێکی زاڵ و هێژمۆنیک، هێزە بابەتی و ماددییەکەی لە کارخانە و لەسەر شەقامەکانە. گۆڕینی هاوسەنگیی هێزی چینایەتی بە قازانجی زۆربەی کۆمەڵ لەوێ مومکینە و پێویستە لە چوارچێوەی شەقام و شوێنی کار و ژیانی کرێکاراندا دابین بکرێت. گوڕوتینی ئاخێزێکی مەزن لەسەر شەقام دادەگیرسێت. شەقام هی چەوساوەکانە و پێویستە بیگرینەوە.