تاریق ڕەحیمپوور، تەمەن ٣٩ ساڵ، خەڵکی گوندی “ئەوێهەنگ” سەربە شاری سنە و دانیشتووی ئەم شارە، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت” و “ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان” بە ٣ ساڵ زیندان سزا درا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە تاکوو ئێستا هەندێک لە کەلوپەلی تایبەتی تاریق ڕەحیم پوور، وەک مۆبایلی نەگەڕاندۆتەوە.
بنەماڵەی تاریق ڕەحیمپوور لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا بێبەش بوون و ئەم هاووڵاتییە لە دەستبەسەرگە بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ، لەژێر ئەشکەنجە دابووە.
تاریق ڕەحیمپوور، دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خەرمانانی پارەکە، بە هێرشکردنی ١٢ ئەندامی ئیدارەی ئیتلاعات و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە لە دووکانی خۆی لە شاری سنە دەستبەسەر کرابوو.
ناوبراو ڕۆژی دووشەممە سەرەتای مانگی خەزەڵوەری سالی رابردوو، بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی تاکوو کۆتایی هاتنی دادگایەکەی بە شێوەیەکی کاتی لە زیندانی ناوەندی شاری سنە ئازاد بوو.