هاووڵاتیەک، بەهۆی “ناڕەزایەتی دەربڕین بە کوژرانی هاووڵاتییان لەلایەن حکوومەتەوە” لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و بەمەبەستی جێبەجێکرانی ئەو سزایە دەستبەسەرکرا.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا محەممەد عەلی وەحدەتی، هاووڵاتی تەمەن ٦٥ ساڵ و خەڵکی قووچان سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی بەمەبەستی تێپەڕکردنی ماوەی بەندکرانە ١٥ ساڵەکەی دەستبەسەرکرا و بۆ زیندانی ناوەندی مەشهەد (وەکیل ئاوا) گواسترایەوە.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، محەممەد عەلی وەحدەتی لەحاڵێکدا بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی دەستبەسەرکراوە کە بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە لە بارودۆخێکی ناجێگیردا بەسەر دەبات.
ئەو هاووڵاتییە ناڕازییە، لەم دوایییانەدا لەلایەن دادگای شۆڕشی مەشهەد بە تۆمەتی وەکوو “چالاکی تەبلیغی دژ بە کۆماری ئیسلامی”، “بێڕێزیکردن بە خامنەیی”، “ئەندامییەتی لە گرووپە دژبەرەکانی حکومەت” و “بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکان” سەرجەم سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
شایەنی باسە کە، محەممەد عەلی وەحدەتی پێشتر و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەرکرابوو و لە ئاکامدا بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی، هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد بوو.