فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سزای ٢ ساڵ زیندان بۆ سپیدە قولیان پشت ڕاست کرایەوە
چوارشەممە ۲۱-۰۴-۱۴۰۲   |  12-07-2023

سزای ٢ ساڵ زیندان بۆ سپیدە قولیان، هەڵسووڕاوی کریکاری لە زیندانی ئێڤین لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی ڕژیمەوە پشتڕاست کرایەوە. مێهدی قولیان برای سپیدە قولیان، ڕۆژی سێشەمە ٢٠ی پووشپەڕ لە ڕێگەی بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا نووسی: کە خوشکەکەی بە هۆی “وتنەوەی دروشم و دە خولەک ڤیدیۆ لە بەر دەرگای زیندانی ئێڤین” سزای زیندانی بەسەردا سەپێندراوە. سپیده قولیان لە ڕۆژی ٢٤ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو و چەند کاتژمێر لە داوی ئازاد بوونی لە زیندان، بە هۆی وتنەوەی دروشمی “خامنه‌ای ضحاک، می‌کِشیمت زیر خاک” بە شێوەی توندوتیژانە دەستگیر کرا و لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشەوە سزای “٢ ساڵ زیندانی” بۆ دەرچوو. “دوو ساڵ بێبەش کردن لە موبایلی هووشمەند، دوو ساڵ دوور کەوتنەوەی لە تاران و پارێزگاکانی دەورووبەری، دوو ساڵ قەدەغە کردنی ئەندامێتیی لە گرووپە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان” ئەو سزایانەی دیکە بوون کە بە سەر سپیده قولیان‌ دا سەپێندراوە و هەروەها لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کراوەتەوە.