فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

“سووڕەی ئالی عومڕان”یش فریای خامنەیی ناکەوێ
پێنجشەممە ۱۰-۰۹-۱۴۰۱   |  01-12-2022
"سووڕەی ئالی عومڕان"یش فریای خامنەیی ناکەوێ

دوو مانگ و نێو لە دەستپێکی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەریی خەڵکی خەباتکاری ئێران تێدەپەڕێت. لەم ماوەیەدا ژنان و پیاوانی ئازادیخواز، شەقام، زانکۆ و مەدرەسە و گەڕەکی شارەکانی ئێرانیان کردووەتە گۆڕەپانی شۆڕش دژبە گشت دەسەڵاتی ئیسلامی. کردوویانەتە مەیدانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێرشی دڕندانەی بەکرێگیراوانی سەرکوتگەری ئەم ڕێژیمە تاوانکارە. لەم ماوەیەدا خەباتکارانی شەقام بە پێشەنگایەتیی ژنانی ئازادیخواز زۆر جار بوێرانە، بە گیانفیداییەکی بێوێنە و بەدەستی بەتاڵەوە هێزە سەرکوتگەرەکانیان لە مەیدانی نەبەرد ڕاوناوە. لە جەرەیانی ئەم ناڕەزایەتی و نەبەردانەی شەقامدا هەتا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ کەس گیانیان بەخت کردووە کە نزیکەی ١٠٠ کەسیان منداڵ بوون. هەزاران کەسیش بریندار بوون و زیاتر لە ١٠ هەزار کەسیش دەستبەسەر کراون و ڕفێندراون.

سەرەڕای هەموو ئەم سەرکوتگەرییە خوێناوییانە، ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر هەروا بەردەوامە. جەماوەری ڕاپەڕیو عەزمیان کردووە کە حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران بڕووخێنن. ئەو دروشمانەی کە لە شەقام و فەزای شار و زانکۆکاندا دەنگ دەدەنەوە پێمان دەڵێن کە ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێران بڕیاریان داوە کە لەسەر وێرانەکانی ڕێژیمی ئیسلامی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و بەرابەر و خۆشبژێو و بەدوور لە هەژاری، بێبەشی، هەڵاواردنی ڕەگەزی و نەتەوەیی و دینی پێک بێنن.

لەو ماوەیەدا خۆڕاگری، بوێری و فیداکاریی بێوێنەی خەباتکارانی شەقام بە پێشەنگایەتیی ژنانی ئازادیخواز لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران ڕووحییەی هێزە سەرکوتگەرەکانی تێکشکاندووە. بەجۆرێک کە خامنەیی لە سوخەنڕانیی ئەم دوایانەیدا بۆ هێزەکانی بەسیج ویستی ڕووحیەیان پێبدات و “ئایەی ١٣ی سووڕەی ئالی عومران”ی بۆ خوێندنەوە. ئەم ئایەیە لە مسوڵمانانی شکست خواردووی شەڕی ئەحەد داوا دەکات “سست و غەمبار مەبن. سەرکەوتوو دەبن ئەگەر ئیمانتان بێت”. ئامانجی نووسینی ئەم ئایەیە لەلایەن محەممەدەوە بە نوێنەرایەتی “خودا” ئەوە بووە کە ڕووحییە بدات بە پەیڕەوانی کە لە شەڕی ئەحەددا شکستێکی سەختیان خواردبوو.

سەرانی حکوومەتی ئیسلامی دوای ٤٣ ساڵ دەسەڵاتی جەنایەتکارانەیان، بۆ جارێکی دیکە هێزە چەکدارەکان لە جلی پۆلیس، ئەرتەش، سوپا و بەسیجی، گاردی ویژە و هێزی ئینتزامی و بە هیدایەتی فەرماندە جەنایەتکارەکان ڕەوانەی شەقام و زانکۆکان دەکەن تا دەست بدەنە کوشتنی خەڵکی ناڕازی. سەران و فەرماندەکانی حکوومەتی ئیسلامی لە هەینیی خوێناویی زاهیداندا بە دەرکردنی فەرمانی تەقە، زیاتر لە ٨٠ کەس لە خەڵکی ناڕازی و بێ دیفاعیان یەک جێ خەڵتانی خوێن کرد. هێزە بەکرێگیراو و سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم تەنیا لە دوو سێ هەفتەی ڕابردوودا بە بەڕێوەبردنی حکوومەتی نیزامییەکی ڕانەگەیندراو زیاتر لە ٥٠ کەسیان لە شارەکانی کوردستان کوشت، سەدان کەسیان بریندار و سەدانی تریشیان دەستگیر کرد. سەرانی ئەم ڕێژیمە بە ڕەوانەکردنی هێزی سەرکوتگەر و بە دەرکردنی فەرمانی تەقەکردن هەتا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ کەس لە ژنان و پیاوانی شۆڕشگێڕ و منداڵیان کوشتووە. ئێستا بۆ نائاگاترینی ڕیزەکانی خوارەوەی هێزی چەکداری حکوومەتی ئیسلامیش ماهییەتی درۆکانی خامنەیی و باقیی سەرانی ڕێژیم کە ناڕازییان بە ئاژاوەگێڕ و دەست و پێوەندی دەوڵەتانی دەرەکی دەزانن، ڕوون بووەتەوە.

سەران و فەرماندەکانی حکوومەتی ئیسلامی کە بە دزی و تاڵانکردنی حاسڵی ڕەنج و کاری کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش، سەروەت و پارەی بەرینیان وەسەریەکناوە، هەر لە ئێستاوە بۆ هەڵاتنی خۆیان نەخشەیان کێشاوە و هێزەکانی سپا و بەسیجیان لە گیانی خەڵک بەرداوە تا لە سبەینێیی شۆڕشدا، ئەوان تاوانی جەنایەتەکانیان بدەنەوە. سەرانی کۆماری ئیسلامی بیریان لە چارەنووسی خۆیان کردووەتەوە و نەخشەیان داڕشتووە تا وەک محەممەدڕەزا پەهلەوی و بنەماڵەکەی بە چەمەدانی پڕ لە دۆلارەوە لە ئێران بڕۆنە دەر.

ڕێزەکانی خوارەوەی هێزی چەکداری حکوومەتی ئیسلامی!

زۆرێک لە ئێوە بەشێک لەو جەماەرە کرێکار و زەحمەتکێش و هەژارەن کە خۆتان و بنەماڵەکانتان لە ژیانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا وەتەنگ هاتوون. ڕێگە مەدەن ئەم دەسەڵاتە تاوانکارە گیان و ژیانتان بکاتە زامنی مانەوەی خۆی. کاتێک بە ئەنگوستەکانتان ماشەی تفەنگ فشار دەدەن، ئاگادار بن کە گولـلەکانی لە سینگی ئەو خەڵکە زەحمەتکێشە دەدرێت کە هەروەک خۆتان لەژێر ستەم و مەشەقەت دا بوون. لە سینگی لاوان و خەڵکێک دەدرێت کە ئیرادەیان کردووە و بۆ ئازادی و بەرابەری و ڕەفاهی ئینسانەکان و بۆ نەجاتی خۆدی ئێوەش خەبات دەکەن. چارەنووسی خۆتان بە چارەنووسی ئەم ڕێژیمەوە گرێ مەدەن. چارەنووسێکی تر چاوەڕوانتان دەکات. با درەنگ نەبێ، شک و گومان وەلا نێن. هەر ئەمڕۆ چارەنووسی مرۆڤی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب و شۆڕشگێڕ هەڵبژێرن. ڕیزی دژەشۆڕشی حکوومەتی ئیسلامی جێ بهێڵن و بە ڕیزی خەڵکی خەباتکار و شۆڕشگێڕ پەیوەست بن. بێگومان ئەگەر بە ڕیزی خەڵک پەیوەست بن، خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بە باوەشی کراوەوە پێشوازیتان لێ دەکەن و لە هەڵبژاردن و گرتنەبەری ژیانێکی سەربەرزانەدا یارمەتیدەرتان دەبن.

تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co