سەرمایەداری لەئێران، وەکو سیستەمێکی کۆمەڵایەتی، بەهۆی قەیرانی بنەڕەتی ئابووریی و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی فەشەلی هێناوە. سەرمایەداری ئێران لەگەڵ کێشەو گرفتێکی زۆر بەرەوڕووە کە بەر بە پەرەسەندن و گەشەی دووبارەی ئابووری ئێران دەگرێ. قەیران لەبەرهەمهێنانی پیشەسازی، داشکانی نرخی تمەن و هەڵاتنی سەرمایە، دابەزینی داهاتی کرێکاران و زۆرینەی خەڵکی ئێران، قەیران لە کەرتی کشتوکاڵ، مایەپووچ دەرچوونی بانک و دامەزراوە داراییەکان لەزوومرەی ئەو فاکتەرانەن کە سەرمایەداری ئێرانی تووشی قەیرانێکی سیاسی-کۆمەڵایەتی قووڵ کردووە. ئیتر با سیاسەتە رووخێنەرەکانی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بۆ ژینگە بمێنێت. نرخی سەرسووڕهێنەری ئاوسان و بێکاری، رێژەی گەشەی ئابووری و داشکانی نرخی پارەی ئێران، قووڵتربوونەوەی کەلێنی نێوان هەژار و دەوڵەمەند لەئێران ئاسۆیەکی لێڵ بۆ ئابووری ئێران دەستنیشان دەکەن. هەموو نیشانەکان باس لەدرێژەو قووڵبوونەوەی ئەو قەیرانە و نەسەقامگیری ئابووری ئێران دەکەن.
رژیمی کۆماری ئیسلامی وەکو دەسەڵاتێکی سەرمایەداری ئایینی ناتوانێ قەیرانی ئابووری سەرمایەداری ئێران کۆنترۆڵ بکات. تەنانەت بۆ خۆی بووەتە هۆکاری سەرەکی قووڵبوونەوەو پەرەسەندنی ئەو قەیرانە. کۆماری ئیسلامی نە تەنیا نەیتوانیوە هەلومەرجی لەبار بۆ تێکهەڵبوونی ئابووری ئێران لەگەڵ بازاڕی جیهانی، هەناردەکردن و هاوردەکرنی سەرمایەو ئاڵوگۆڕی کالا بڕەخسێنێ و سەرمایەو تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو بەرەولای خۆی رابکێشێ، بەڵکوو بەپێکهاتەی ئایدیۆلۆژیایی، یاسادانەر، ئیداری و سیاسەتی ئاژاوەنانەوەو پاوانخوازانەی لەناوچەکە، قەیرانی سەرمایەداری ئێرانی قووڵترکردووەتەوە. ئەم قەیران و بێ ئاکام مانەوانە لەسەر بەستێنی قەیرانی ئابووری جیهانی سەرمایەداری، قەیران لەپەیوەندی دیپلۆماتیک لەناوچەکەو لەئاستی نێونەتەوەیی، درێژەی گەمارۆ ئابوورییەکانی رۆژئاواو پەرەسەندنی کارەساتباری نەخۆشی کرۆنادا بەربینی بەرژیم گرتووەو ئابووری قەیران لێدراوی ئێرانی بەرەو لێکترازان بردووە.
قەیرانی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی لەئێران بواری بۆ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و مانگرتنە کرێکارییەکان و سەرهەڵدانی ئاخێزە جەماوەرییەکانی لەچەشنی ئاخێزی بەفرانبەری ١٣٩٦ و خەزەڵوەری ١٣٩٨ خۆشکردووە. ئەمە ئاسۆی گەشەکردن و پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و مانگرتنەکان لەئێران لەلایەن چینی کرێکار و توێژە هەژارەکانی تری کۆمەڵگای روونکردووەتەوە. لەم بارودۆخەدا بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی لەئێران هەوڵ دەدەن بەدیلی جێگای سەرنجی خۆیان پێکبهێنن. هیچکام لەم شاخ و باڵانەی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی رێگاچارەی بۆ کۆتایی هێنان بەهەژاری و بێ دەرەتانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش نییە. ئەمانە تەنانەت رێگایەکیشان بۆ گەشەی ئابووری ئێران پێ نییە. رێگاچارەی ئەمانە بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانی ئابووری تەنیا ئەوەیە کە ئابووری ئێران بەدەست ژوومارەیەک تێکنۆکرات و خوێندەوار بدەن، پێوەندییەکان لەگەڵ دەوڵەتانی رۆژئاوایی ئاسایی بکەنەوە و کۆسپەکانی سەر رێگای تێکەڵبوونی سەرمایەداری ئێران لەنێو بازاڕی جیهانی لاببەن و پلان و بەرنامەکانی نیۆلیبراڵی لەئێران بەکردەوە دەربێنن. ئەمە لەکاتێکدایە کە نمونەی ئەم پلانانە لەژوومارەیەکی زۆر لەووڵاتانی جیهان بەکردەوە دەرهاتووەو پەرەسەندنی هەژاری و قووڵبوونەوەی کەلێنی نێوان هەژار و دەوڵەمەندی لێ کەوتووەتەوە.
لەم بارودۆخەدا تەنیا ئەڵتێرناتیڤی سۆسیالیستی ئاسۆی رزگاری بەرووی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی بەش مەینەتی ئێران دەکاتەوە. بەدیلی سۆسیالیستی لەسەر بنەمایەکی بابەتی دامەزراوەو جێبەجێکردنی زۆر عەمەلییە. هێزی کۆمەڵایەتی، واتە چینی کرێکار لەمەیداندایە. ئەم چینە لەرەوتی گەشەی خەباتەکەیدا پشتیوانی زۆرینەی بێبەشان و ستەم لێکراوان و ئازادیخوازانی ئێران بەرەو لای خۆی رادەکێشێت. ئەڵتێرناتیڤی سۆسیالیستی لەیەکەم هەنگاویدا رژیمی کۆماری ئیسلامی دەڕووخێنێت، ماشێنی دەوڵەتی ئەمڕۆ بەهەموو دام و دەزگای سەرکوتیەوە تێکدەشکێنێت و دەسەڵاتی شووڕایی دادەمەزرێنێت. دەسەڵاتی شووڕایی لەدووهەمین هەنگاودا ئازادی بێ شەرت و مەرجی سیاسی جێدەخات. دەسەڵاتی شووڕوایی خاوەندارێتی کۆمەڵایەتی بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لەئێران دادەنێت و پلان بۆ گەشەی ئابووری لەئێران دادەڕێژێت. لەو رێگەیەوە هەموو زەرفیەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لەکۆمەڵگای ئێران دەخرێتەگەڕ. بەچارەسەرکردنی لەخۆنامۆبوونی مرۆڤ لەگەڵ بەرهەمی کارەکەی، توانایی و لێهاتووییەکانی مرۆڤ چرۆ دەکات. ئەو کات ئیتر ئامانجی بەرهەمهێنان دەبێتە چارەسەرکردنی پێداویستییەکانی جەماوەر و ژیانێکی ئاسوودەو شیاوی مرۆڤ بۆ هەمووان. گەشەی ئابووری لەم رێگایەوە مسۆگەر دەبێ، بەرهەمی زیاتر بەکات و هێزێکی کەمتر بەرهەم دەێت و خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش دەکرێت، بۆ چارەسەرکردنی پێویستییە مادی و مەعنەوییەکانی مرۆڤەکان خزمەتگوزاری و بەرهەمهێنانی پێداویستییەکانی خەڵک لەئاستێکی بەریندا بەڕێوەدەچێت. لەوەها سیستەمێکدا خەڵک دەرفەت و ئیمکانی یەکسان و بەرفراوانیان بۆ دەڕەخسێت بۆ ئەوەی لێهاتوویی و تواناییەکانی خۆیان وەکوو تاک گەشە پێ بدەن. لەوەها کۆمەڵگایەکدا ئازادی و ئاسوودەیی تاک دەبێ بەمەرجی ئازادی و ئاسوودەیی گشتی. لەئاکامدا خەبات بۆ ماننەوەی تاکەکەسی کۆتایی پێ دێت و مرۆڤەکان پێ دەنێنە نێو بارودۆخێکی مرۆیی راستەقینەوە.
لەکۆمەڵگای سۆسیالیستیدا کار ئیتر نە زۆرەملییەو نە بۆ دابینکردنی ژیانەو تاک دڵخوازانە کار دەکات. تاک هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات و لەو رووەوە وەڵام بەپێویستیەکی کۆمەڵایەتی دەداتەوە. تکنۆلۆژیا و گەشەی زانست لەدەست کێبرکێی سەرمایەداری هەوسارپچڕاو دێتەدەر و گەشەی جیهانی زانست خێراییەکی بێ وێنە بەخۆیەوە دەگرێت، لەبەر ئەوەی لەدەست ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی سەر بەشەریکە ئابوورییەکان دێتە دەر کە دژ بەیەک هەموو کارێک دەکەن. لەگۆمەڵگای سۆسیالیستیدا هەرچەشنە نایەکسانیی و هەڵاواردنییەکی رەگەزی و نەتەوەیی هەڵدەوەشێتەوە. هاوپشتی مرۆیی جێگای هەڵاواردنی رەگەزی، نەتەوەیی و راسیزم دەگرێتەوە. وەدیهاتنی کۆمەڵگایەکی لەوچەشنە خەیاڵ نییە، بەڵکوو رەوتی گەشەی مێژووی مرۆڤ بەو ئاراستەیەدا دەچێت. هێزی کۆمەڵایەتی و ئیمکاناتی مادی بۆ وەدیهاتنی هەر لەم کۆمەڵگایەدا، واتە سەرمایەداریدایە. ئەوە بەو مانایە نییە کە دەستەوەستان و چاوەڕوان رابووەستین، بەڵکوو پێویستە قۆڵی لێ هەڵماڵین و چارەنووسی خۆمان دیاریبکەین.