ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە دەورانی دەسەڵاتی خۆیدا لەڕێگەی یاسای کاری دژەکرێکاری، بە خستنەدەری بەشێکی بەرین لە کرێکاران لە بازنەی ئەم یاسای کارەی، بە داسەپاندنی حەقدەستی چەند قات ژێر هێڵی هەژاری، پەرەپێدانی ئەرتەشی پاشەکەوتی بێکاران و بە سەرکوتی مانگرتن و ناڕەزایەتی و بێبەری کردنی کرێکاران لە مافی پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆ و لەڕاستیدا بە زیادکردنی هێزی کاری هەرزان، بواری بۆ کەڵەکەکردنی بەرینی سەرمایە لە ئێران فەراهەم کردووە. وێڕای هەموو ئەمانە ڕژیم لەئێستادا ئەوپەڕی بێتوانایی خۆی لە کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی سەرمایەداریدا نیشان داوە. حکوومەتی ئیسلامی وەک دەسەڵاتێکی سەرمایەداریی مەزهەبی نەتتەنیا ناتوانێ قەیرانی ئابووریی سەرمایەداریی ئێران کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵکوو خۆی هۆکاری سەرەکی پەرەپێدان و قووڵبوونەوەی ئەم قەیرانەیە. ڕژیمی ئیسلامی نەتەنیا نەیتوانیوە بارودۆخی پێویست بۆ تێکەڵبوونی ئابووریی ئێران لەگەڵ بازاڕی ڕەقابەتی جیهانی، جەزبی سەرمایە و تێکۆنۆلۆژی پێشکەوتوو و هاتووچۆی ئازادی سەرمایە و موعامەلەی ئازادانەی کاڵاکان دابین بکات، بەڵکوو بەهۆکاری پێکهاتەی ئایدیۆلۆژی و یاسایی و ئیداری و سیاسی و هەروەها بەهۆی سیاسەتی ماجەراجویانە و زێدەخوازانەی لەئاستی ناوچەکە، قەیرانی سەرمایەداریی ئێرانی قووڵتر کردووەتەوە. ئەم قەیرانانە لە جەرگەی درێژەی قەیرانی جیهانیی سەرمایەداری، پەراوێزخرانی ڕژیم لە ئاست ناوچەکە و جیهان و درێژەی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان و هەروەها گەندەڵیی ناو دەسەڵات، ئابووریی قەیراناویی ئێرانی بەرەو داڕمان بردووە.
نیشانەکانی پرتووکاویی سەرمایەداریی ئێران و ئاکامە وێرانگەرەکانی سیاسەتی ئابووریی نیۆلیبرالی و گەندەڵی و ڕانتخۆرییی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، لە هەموو شوێنێک ڕوخساری ناحەز و دژەمرۆیی خۆی نیشان داوە. بەکردەوەدەرهێنانی بەرنامەی نیۆلیبڕالی، خسووسی سازی، پەرەپێدانی چەوساندنەوە و بێکاری، داسەپاندنی هەڵاواردنی ڕەگەزی دژبە ژنان لە بازاڕی کار و بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، کاڵایی کردنی پەروەردە و بارهێنان، تەندرووستی و دەرمان و باقیی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و بێبەری کردنی ژمارەیەکی هەرچی زیاتر لە خەڵک لە دەستڕاگەیشتنیان بەم خزمەتگوازارییە سەرەتاییانە، قەیرانی ژینگە و هەروەها پەرەسەندنی حاشیەنشینی وێڕای ئاکامە دڵتەزێنەکانی، بارودۆخێکی کارەساتباری بەسەر جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگەدا سەپاندووە. حەقدەستی چەند بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری، نەدرانی سەری وەختی هەر ئەم حەقدەستانە، پەرەسەندنی شیرکەتەکانی پەیمانکاری، تەورۆم و گرانی و هاتنە خوارەوەی توانای کڕینی کرێکاران، ژیانی بنەماڵە کرێکار و بێبەشەکانی کۆمەڵگەی بەرەو تەباهی بردووە. پەرەپێدان بە چەوساندنەوە لە نەبوونی کەرەستەی ئیمەنی شوێنی کاردا، شوێنەکانی کاری یەکجار نائەمن کردووە. بێکاریی بەرین و زیادبوونی قەراردادی کاتی و سپی ئیمزا هەرجۆرە ئەمنییەتێکی شوغڵیی لە کرێکاران زەوت کردووە. لە جەرگەی هەژاری و فەلاکەتی ئابووری و نائەمنیی کۆمەڵایەتیدا، دیاردەی منداڵانی کار و شەقام، دیاردەی ئیعتیاد و زۆربوونی لەشفرۆشی و گەلێک ئازاری کۆمەڵایەتیی تر کە بنەماڵەکانیان گرفتار کردووە، ژیانی بۆ کرێکاران و توێژە لاوازەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە دژوار و تاقەت پڕووکێن کردووە. لەبەرامبەردا دەسەڵاتداران و باندە حکوومەتییەکان بە سەروەتی سەرچاوەگرتوو لە ڕانتی دەسەڵات، ژیانێکی ئەفسانەییان پێکهێناوە و لە ناز و نیعمەتدا بەسەر دەبەن. لەم بارودۆخەدا دەسەڵات و سەروەتێکی هەرچی زیاتر کەوتووەتە دەست کەمینەیەکی بچووک لە سەرمایەداران، کاربەدەستانی حکوومەتی و ئاغازادە و سەرانی سپا و بۆشایی چینایەتی قووڵتر بووەتەوە و جەماوەرێکی هەرچی زیاتر لە توێژەکانی خوارەوە و تەنانەت لە توێژی مامناوەندی کۆمەڵگە ژیانێکی دژوار و هەژارانەیان بەسەردا سەپاوە.
هەر ئەم واقعییەتە ئابوورییانە و ئاسۆی هەژاری و فەلاکەتی زیاتر و داسەپاندنی هەڵاواردنی ڕەگەزیی دژبە ژنان، پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگەی کردووەتە بابەتێکی حەتمی و هەمیشەیی. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا کە بە ناوی ڕەمزی ژینا دەستی پێکرد و ئێستا زیاتر لە یەک ساڵ لە سەرهەڵدانی تێپەڕیوە لەسەر بەستێنی ئەم بێبەشی و بێ مافییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییانە شکڵی گرت. امانجی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە تەنیا ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی نییە. جەماوەری ڕاپەڕیو دژبە بێمافی، نەهامەتی و هەڵاواردنێک هاتوونەتە مەیدان کە ڕیشەی لە موناسباتی سەرمایەداریدایە. ئەم بزووتنەوەیە ماهییەتێکی دژەسەرمایەداریی هەیە. ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانە چاوی لە ئیمکاناتی بەرینی وڵاتی ئێران بۆ ودیهێنان و بەرپایی کۆمەڵگەیەکی ئازاد، بەرابەر و بەختەوەر بڕیوە و ئاسۆی خۆی بەکورتی لە دروشمی “ئازادی، بەرابەری، ئیدارەی شۆرایی”دا ڕاگەیاندووە. لەم ڕووەوە پێویستە ئاسۆی سۆسیالیستی بخرێتە بەردەم ئەم بزووتنەوەیە و پێویستە هێز و توانایەکی نوێ ببەخشین بەم وتارە.
لە وەها بارودۆخێکدا هێزە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی لە کۆماری خوازانەوە بگرە تا شۆرای مودیریەتی گوزار و باقیی هێزە ڕەنگاوڕەنگەکانی نیۆلیبڕاڵی بورژوازیی لایەنگری ڕۆژاوا، لە ئەحزابی ناسیۆنالیستەوە بگرە تا سەڵتەنەت خوازان و موجاهیدینی خەڵک، نیگەران لە ماهییەتی واقعیی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە، بۆ سەر و سامان دان بە ئاڵتێرناتیڤی خۆیان هەوڵ دەدەن. بەڵام هیچکام لە بەشەکانی ئەم ئۆپۆزیسیۆنە، ڕێگاچارەیەکی واقعییان بۆ کۆتایی هێنان بە فەلاکەتی ئابووریی خەڵک و تەنانەت بۆ گەشەدان بە ئابووریی دڵخوازیشیان نییە. ڕێگاچارەی ئەم هێزانە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی ئابووری هیچ شتێک نییە بێجگەلە سپاردنی ئیدارەی ئابووری وڵات بە دەستی مودیرانی تێکنۆکرات، ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی ڕۆژاوا، لابردنی بەربەستە سیاسییەکانی سەر ڕێی تێکەڵ بوونی زیاتری سەرمایەداریی ئێران لەگەڵ بازاڕی جیهانی، بەکردەوە دەرهێنانی بەرنامەی ئابووریی نیۆلیبڕاڵی لەسەر بنەمای بازاڕی ئازاد لە ناوخۆی وڵات. ئەم هێزانە لە باشترین حاڵەتدا بەرنامەی نیولیبڕالی بە مودیریەتی غەیری ئیسلامییەوە بەڕێوە دەبەن و دیکتاتۆریی غەیری دینی دەخەنە جێگای دیکتاتۆری دینی. ئەم جۆرە نوسخانە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووریی سەرمایەداریی ئێران لە حاڵێکدا دەپێچرێت کە هاوشێوەکانی لە زۆر وڵاتی جیهان بەکردەوە دەرهاتووە و نەهایەتەن شتێک بێجگەلە ئیدامەی وەزعی مەوجوود و پەرەسەندنی هەژاری و نابەرابەریی کۆمەڵایەتییان بەبار نەهێناوە.
لەم بارودۆخەدا تەنیا ئەڵتێرناتیڤی سۆسیالیستی ئاسۆی رزگاری بەرووی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی بەش مەینەتی ئێران دەکاتەوە. بەدیلی سۆسیالیستی لەسەر بنەمایەکی بابەتی دامەزراوە و جێبەجێکردنی زۆر عەمەلییە. هێزی کۆمەڵایەتی، واتە چینی کرێکار لەمەیداندایە. ئەم چینە لەرەوتی گەشەی خەباتەکەیدا پشتیوانی زۆرینەی بێبەشان و ستەم لێکراوان و ئازادیخوازانی ئێران بەرەو لای خۆی رادەکێشێت. ئەڵتێرناتیڤی سۆسیالیستی لە یەکەم هەنگاویدا رژیمی کۆماری ئیسلامی دەڕووخێنێت. ماشێنی دەوڵەتی بەهەموو دام و دەزگای سەرکوتیەوە تێکدەشکێنێت و دەسەڵاتی شووڕاکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش دادەمەزرێنێت. دەسەڵاتی شووڕایی ئازادی بێ شەرت و مەرجی سیاسی جێدەخات. دەسەڵاتی شووڕوایی خاوەندارێتی کۆمەڵایەتی بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لەئێران دادەنێت و پلان بۆ گەشەی ئابووری لەئێران دادەڕێژێت. لەو رێگەیەوە هەموو زەرفیەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لەکۆمەڵگای ئێران دەخرێتەگەڕ. بەچارەسەرکردنی لەخۆنامۆبوونی مرۆڤ لەگەڵ بەرهەمی کارەکەی، توانایی و لێهاتووییەکانی مرۆڤ چرۆ دەکات. ئەو کات ئیتر ئامانجی بەرهەمهێنان دەبێتە چارەسەرکردنی پێداویستییەکانی جەماوەر و ژیانێکی ئاسوودەو شیاوی مرۆڤ بۆ هەمووان. گەشەی ئابووری لەم رێگایەوە مسۆگەر دەبێ، بەرهەمی زیاتر بەکات و هێزێکی کەمتر بەرهەم دەێت و خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش دەکرێت، بۆ چارەسەرکردنی پێویستییە مادی و مەعنەوییەکانی مرۆڤەکان خزمەتگوزاری و بەرهەمهێنانی پێداویستییەکانی خەڵک لەئاستێکی بەریندا بەڕێوەدەچێت. لەوەها سیستەمێکدا خەڵک دەرفەت و ئیمکانی یەکسان و بەرفراوانیان بۆ دەڕەخسێت بۆ ئەوەی لێهاتوویی و تواناییەکانی خۆیان وەکوو تاک گەشە پێ بدەن. لەوەها کۆمەڵگایەکدا ئازادی و ئاسوودەیی تاک دەبێ بەمەرجی ئازادی و ئاسوودەیی گشتی. لەئاکامدا خەبات بۆ مانەوەی تاکەکەسی کۆتایی پێ دێت و مرۆڤەکان پێ دەنێنە نێو بارودۆخێکی مرۆیی راستەقینەوە.
لە کۆمەڵگای سۆسیالیستیدا کار ئیتر نە زۆرەملییەو نە بۆ دابینکردنی ژیانە و تاک دڵخوازانە کار دەکات. تاک هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات و لەو رووەوە وەڵام بەپێویستیەکی کۆمەڵایەتی دەداتەوە. تکنۆلۆژیا و گەشەی زانست لەدەست کێبرکێی سەرمایەداری هەوسارپچڕاو دێتەدەر و گەشەی جیهانی زانست خێراییەکی بێ وێنە بەخۆیەوە دەگرێت، لەبەر ئەوەی لەدەست ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی سەر بەشەریکە ئابوورییەکان دێتە دەر کە دژ بەیەک هەموو کارێک دەکەن. پێشکەوتنی زانست و تێکنۆلۆژی ئیمکانی هێنانە خوارەوەی سەعاتی کار و بردنەسەروەی سەعاتی فەراغەت فەراهەم دەکەن. کۆمەڵگەی سۆسیالیستی لەگەڵ هەموو جۆرە نابەرابەری و هەڵاواردنی وەک ستەمی نەتەوەیی و ستەمی جنسیەتی نامۆ دەبێت. هەموو جۆرە ستەمێک بە پێی ڕەگەز و نەتەوە هەڵدەوەشێتەوە و هاوپشتیی ئینسانی جێگای دەگرێتەوە. سۆسیالیسم کۆتایی بە کاولکاریی ژینگە دێنێت کە لەئێستادا هەستی و ڕەفاهی ئینسانەکانی خستووەتە مەترسییەوە. نیزامی سۆسیالیستی بەشێوەی عەقڵانی بەپێی پێویست لە سرووشت کەڵک وەردەگرێت. بەدڵنیاییەوە وەدیهاتنی کۆمەڵگایەکی لەوچەشنە خەیاڵ نییە، بەڵکوو رەوتی گەشەی مێژووی مرۆڤ بەو ئاراستەیەدا دەچێت.هێزە کۆمەڵایەتییەکەی لە قامەتی ناڕەزایەتی و مانگرتنی شکۆداری کرێکاران، ناڕەزایەتیی بێبەشانی شار حزووری هەیە و ئیمکاناتی مادیی وەدیهێنانی هەر ئێستا بەردەستن. بەڵام بۆ گەشە و سازماندانی ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە، بۆ بەرپاکردنی بزووتنەوەیەکی شوورایی و بۆ بەرقەرارکردنی سۆسیالیسم، پێویستە قۆڵمان هەڵماڵین.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە