باروودۆخی ئابووریی تورکییە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا خراپتر بووە و دواهاتی قەیرانی ئابووریی ئەم وڵاتە ڕۆژ بە ڕۆژ ژیان و بژێوی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشی تورکییە زیاتر لەگەڵ ئاستەنگی جیددی بەرەوڕوو دەکاتەوە. توانای کڕینی خەڵک یەکجار هاتووەتە خوارێ و ڕێژەی هەژاری بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە. کەسریی بوودجەی دەوڵەتی ئەردۆغان کە تا کۆتایی مانگی سێپتامبری ئەمساڵ گەیشتبووە پتر لە ٢٣ و نیو ملیارد دۆلار، لە ساڵی داهاتوودا زیاتر دەبێت. ئەگەرچی هۆکاری وەها باروودۆخێک لە تورکییەش قووڵ بوونەوەی قەیرانی سەرمایەدارییە بەڵام گرتنەبەری سیاسەتی ناوخۆیی، نێونەتەوەیی و ناوچەییی ئەردۆغان و دەخاڵەتی ناکارناسانەی ئەو لە کاروباری ئابووری بەتایبەت لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بووەتە هۆی چوونەسەرەوەی ڕێژەی تەوەرۆم و هاتنەخوارەوەی زیاتری بەهای لیری تورکییە. سەرەڕای دژایەتی و هۆشداری کارناسان و ناوەندە ئابوورییەکانی سەرمایەداری ناوخۆیی و دەرەکی و لەوانە سندووقی نێونەتەوەیی پارە لەپێوەند لەگەڵ هاتنەخوارەوەی سوودی بانکی، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی سەرماوەز ئەردۆغان وتی: “بە هۆکاری مەزهەبی دژی بردنەسەرەوەی نرخی بەهرەی بانکیم. بەهرەی بانکی سەرچاوەی هەموو بەدەبەختییەکانە و تەوەرۆم دەباتە سەرێ و پێویستە هەروا لەخوارێ بمێنێتەوە”.
لە حاڵێک دا کە ناوەندە ماڵییەکانی سەرمایەداری هەوڵ دەدەن کە بە بردنەسەرەوەی بەهرەی بانکی بەرەنگاری چوونەسەرەوەی تەوەروم ببنەوە، ئەردۆغان لەسەر ئەو باوەڕەیە کە لەسەرێ بوونی نرخی بەهرەی بانک دەبێتە هۆی چوونەسەرەوەی تەوەرۆم و قیمەتەکان. لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا بەهۆی گوشارەکانی ئەردۆغان، بانکی ناوەندیی تورکییە ناچار بە هێنانەخوارەوەی بەهرەی بانکی لە ١٩ەوە بۆ ١٤ لەسەد بووە. ناوبراو هەتا ئێستا سێ سەرۆکی بانکی ناوەندیی بەهۆی جیددی نەبوون لە بەڕێوەبردنی فەرمانەکانی لەسەر کار لابردووە. ئەردۆغان بەڵێنی داوە تا لەڕێگەی هێنانەخواری نرخی بەهرەی بانکی لە چوارچێوەی سیستەمی سەرمایەداریدا، سەنعەتی تووریسم و هەناردەکردن کە دوو بناغەی سەرەکیی ئابووریی تورکییە بوون، دووبارە زیندوو بکاتەوە، تەورۆم بۆ چوار لەسەدی دەیەی یەکەمی قەڕن بگەڕێنێتەوە و ئەرزشی لیری تورکییە دووبارە بەرێتەوە سەرێ. هەڵبەت ئەردۆغان پێشتریش لە داهێنانێکی دیکەدا ئیدیعای کردبوو کە “هاتنەخوارەوەی بەهای لیر لەسەر سەرمایەگوزاری و بەرهەمهێنان و دامەزراندن کاریگەری دانانێت”. بەڵام ئاکامەکەی بووەتە ئەوەیکە لەمساڵدا لیری تورکییە نزیکەی ٥٠ لەسەد ئەرزشی خۆی لە بەرامبەر دۆلاردا لەدەست بدات و تەنانەت ڕەوانەکردنی دەیان ملیۆن دۆلار بەرەو بازاڕیش نەیتوانیوە ڕەوتی هاتنەخوارەوەی بەهای لیر ڕابگرێت. بەمجۆرە توانای کڕینی خەڵکیش تا ڕادەیەک هاتووەتە خوارێ کە جەماوەری بێبەشی تورکییە لەئێستادا ناچارن بۆ کڕینی نان و باقیی پێداویستییەکانی ژیان بە قیمەتی خوارتر، لە سەرمای زستاندا چەندین کاتژمێر لە سەفی دوور و درێژدا ڕاوەستن.
گرانی و پەرەسەندنی هەژاریی کەم وێنە لەگەڵ ناڕەزایەتیی بەرین لە ناوخۆی تورکییە بەرەوڕوو بووەتەوە. دوو حەوتوو لەمەوبەر سەرەڕای کەشوهەوای ئەمنیی توند، لەسەر بانگەوازی یەکیەتیی سەندیکا کرێکارییەکان، خۆپیشاندانی بەرین لە زۆرێک لە شارەکان لەوانە لە ئیستامبوڵ، ئانکارا، ئەزمیر و شارەکانی دیکە بەڕێوەچوو. کرێکارانی ناڕازی بە درووشمی “نان-کار-ئازادی، ئیتر بەسە دەخوازین بژین” خوازیاری بردنەسەرەوەی لانیکەمی حەقدەستی گونجاو لەگەڵ هەزینەی سەبەدی مەعیشەت بوون. کرێکاران بەلەبەرچاوگرتنی هاتنەخوارەوەی خێرای بەهای لیر، خوازیاری ئەوەن کە لانیکەمی حەقدەست ٤٥ لەسەد بڕواتە سەرێ و لە ٣٥٧٧ لیرەوە بگاتە پێنج هەزار و ٢٠٠ لیر لە مانگدا. پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش بەسەرەنجدان بە لاوازبوونی پێگەی دەوڵەتی ئەردۆغان، لەڕێگەی بەشداریی کردن لەم خوپیشاندانانە، خوازیاری لەسەر کار لاچوونی ناوبراو و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت بوون. چونکە باش دەزانن لە باروودۆخی ئێستادا پێگەی ئەردۆغان یەکجار لاواز بووە و ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام بدات شکست دەخوات. لە خۆپیشاندانی ئیستانبوڵدا خانمی ئارەزووو جەرکس ئۆغڵو، بەڕێوەبەری گشتیی یەکیەتیی ئەنجومەنە کرێکارییەکان وێڕای ئاماژە بەم واقعییەتە وتی: ” ئێمە لەم مەیدانەدا شەڕ لەدژی کۆیلەتی دەست پێدەکەین. پێکەوە پشتیوانی لە کار و داهاتووی منداڵەکانمان دەکەن، ئەرکی ئێمە گۆڕینی ئەم نیزامەیە”.
بەڵام سەرەڕای سیاسەتی ئابووری و ناوخۆیی، خراپتربوونی پەیوەندی نێونەتەوەیی و سیاسەتی دەرەکیی دەوڵەتی ئەردۆغانیش بووەتە هۆکارێکی جیددیی دیکە بۆ دابەزینی بەهای لیر و توندبوونەوەی قەیرانی ئابووریی تورکییە. مانۆڕی ئەردۆغان لە خۆنزیک کردنەوە لە ڕووسیە و پشتیوانیی ئەم وڵاتە لە گرووپە تیرۆریستییە ئیسلامییەکان، گوشاری ئابووریی ڕۆژاوا و ئەمریکای دژبە تورکییە لێکەوتووەتەوە. هەواڵێنریی “بلوومبێرگ” ئاشکرای کرد کە یەکێک لە سەرەکیترین نیگەرانییەکانی بازاڕی تورکییە باروودۆخی نالەباری پەیوەندی تورکییە و ئەمریکایە. ڕاگەیاندنی کڕینی بەشی دووهەمی سیستەمی بەرگریی مووشەکی ئێس ٤٠٠ لە ڕووسییە لە لایەن ئەردۆغانەوە لە کۆتاییەکانی خەرمانانی ئەمساڵ، تووڕەیی ئەمریکا و هەڕەشەی گەمارۆدانی تورکییەی لێکەوتەوە. لەم پەیوەندەدا چەند مانگ لەمەوبەر گرووپی تایبەت بە کاری دارایی (FATF) کە ڕێکخراوێکە لە خزمەت دەسەڵاتەکانی سەرمایەدرایدا و لە سیاسەتی دەوڵەتانی گرووپی جی حەوت بۆ بەناو بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سپی کردنەوەی پارە و دابینکردنی بەشی ماڵیی تیرۆریسم پشتیوانی دەکات، تورکییەی خستە لیستی خۆڵەمێشیی خۆیەوە و خوازیاری کۆنتڕۆڵکردنی موعامەلەی ماڵیی ئەم وڵاتە بوو. بێگومان ئەم کردەوەیە، کۆمپانی و دامەزراوەکانی سەرمایەگوزاری و ئیعتباری نیسبەت بە سەرمایەگوزاری و تەجارەت لەگەڵ تورکییە قایمکارتر دەکات و دەبێتە هۆی دابەزینی زیاتری بەهای لیری تورکییە.
دواهاتی نەرێنیی سیاسەتە ئابوورییەکانی ئەردۆغان لەسەر بەستێنی قەیرانی جیهانیی سەرمایەداری، باروودۆخی ژیانی کرێکاران و باقیی توێژە بێبەشەکانی تورکییە زیاتر لە ڕابردوو دەخاتە ژێر گوشارەوە. سیاسەتی پڕ هەزینەی زێدەخوازی و داگیرکاری ئەردۆغان لە ناوچەکە قەیرانی ئابووریی ئەم وڵاتەی قووڵتر کردووەتەوە. هەتا ئێستا ئەردۆغان لەڕێگەی بەکردەوەدەرهێنانی هیچ کام لەم سیاسەتانەوە نەیتوانیوە سەرکەوتنێک بەدەست بێنێت. لەگەڵ درێژەی دەسەڵاتی حکوومەتی سەرمایەداریی ئیسلامیی ئەردۆغان، کرێکاران و توێژی هەژاری تورکییە و ناوچەکە هەروا شایەدی توندبوونەوەی قەیرانی سیاسی و ئابووری دەبن. لەو نێوەدا ئەوەیکە دەتوانێ ئاسۆی ڕوون بخاتە بەردەم جەماوەری وەگیان هاتوو لە هەژاری و فەلاکەت و دیکتاتۆریی تۆخ، هەر ئەو ڕێگاچارەیە کە خانمی ئارەزوو جەرکەس ئۆغڵو باسی لێ دەکات: “ئێمە لەم مەیدانەدا شەڕ لەدژی کۆیلەتی دەست پێدەکەین و ئەرکی ئێمە گۆڕینی ئەم نیزامەیە”.