فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سێهەمین ڕۆژی مانگرتنەکان لە کوردستان
پێنجشەممە ۱۷-۰۹-۱۴۰۱   |  08-12-2022

دوای بانگەوازی سەراسەری بۆ مانگرتنەکان و ناڕەزایەتییە کان لە هەموو شارەکانی ئێران بۆ ڕۆژانی ١٤، ١٥ و ١٦ی سەرماوەز، رۆژی چوارشەممە ١٦ی سەرماوەز هاوکات لەگەڵ ڕۆژی خوێندکار و بۆ سێهەمین ڕۆژ، بازاڕیان و دووکاندارانی شارەکانی کوردستان لە هەر چوار ئۆستانی کرماشان، ئیلام، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا، لانیکەم دووکانداران و بازاڕیانی ٢٢ شار لە شارەکانی کوردستان دووکانەکانیان داخست و پەیوەست بوون بە مانگرتنە سەراسەرییەکانەوە.
بازاڕیان و دووکاندارانی شارەکانی سەقز، سنە، دێولان، ئیلام، کرماشان، پاوە، جوانڕۆ، دیواندەرە، کامیاران، قوروە، مەریوان، ورمێ، بانە، ڕوانسەر، شاباد، ئیسلامابادی غەرب، ئابدانان، بۆکان، مهاباد و شنۆ پەیوەست بوون بە مانگرتنە سەراسەرییەکانەوە و دووکان و بازاڕەکانیان داخست.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، هاوکات لەگەڵ مانگرتنەکان و ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان‌ کەشێکی قورسی ئەمنییەتی بەسەر زۆربەی شارەکاندا زاڵ بووە و ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزە ئەمنییەتی و چەکدارەکانی ڕژیم لە شەقامەکانی شارەکا‌ندا بە تایبەت لە قوروە، بۆکان، سەقز و مەریوان جیگیر کرابوون. هەروەها جگە لە دووکانداران و بازاڕیان، وەک ڕۆژانی ڕابردوو شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران، هەروەها یەکێتیی ڕێکخراوەکانی کامیونداران و شۆفیرانی سەراسەریی ئێران، هەندێک لە قوتابیان و خوێندکاران بۆ پشتیوانی کردن لە مانگرتنەکان و ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان مانیان گرت.
هاوکات لەگەڵ مانگرتنی سەراسەریی بازاڕیان و دووکانداران لە شارەکانی کوردستان، زۆربەی قوتابخانەکانی بەشی دواناوەندیی خولی یەکەم و دووهەم (دەبیرستان)ی سەر لە بەیانی و دوانیوەڕۆیش بە هۆی نەچوونەوەی قوتابیان بۆسەر پۆلەکانیان داخرابوون.
ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە قوتابیان لە شارەکانی مەهاباد، سەقز، مەریوان، سنە و ڕوانسەر بۆ پشتیوانی لە مانگرتن و ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان پۆلەکانی خۆیان چۆڵ کردووە و پەیوەست بوون بە مانگرتنە سەراسەرییەکانەوە.