فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سەپاندنی حوکمی افساد فی‌الارض بەسەر سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان
دوشەممە ۱۸-۱۰-۱۴۰۲   |  08-01-2024

سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی “کامڕان سوڵتانی”، “محەممەد فەرەجی” و “ڕەئووف شێخ مەعرووفی” کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا دەستبەسەر کراون، لە لایەن دەزگای دادوەریی ڕژیمەوە بە “افساد فی‌الارض” تۆمەتبار کران و مەترسیی ئەگەری سەپاندنی سزای سێدارە بەسەریاندا لە ئارادایە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کامران سوڵتانی و محەممەد فەرەجی، تەمەن ٢١ ساڵ و ڕەئووف شێخ مەعرووفی، تەمەن ٢٢ ساڵ، سەرەڕای ئەوەی کە تۆمەتی “افساد فی‌الارض” دراوەتە پاڵیان، مەترسیی ئەگەری سەپاندنی سزای سێدارە بەسەریاندا لە ئارادایە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سێ هاووڵاتییە لە ماوەی لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەکانیاندا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی کراون. شایانی باسە، ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم لە هەوڵی ئەوەدان تاکوو ماوەی دەستبەسەرکردن و گوشارخستنە سەر ئەو سێ هاووڵاتییە درێژتر بکەنەوە و سزای قورسیان بەسەریاندا بسەپێنن. هەروەها هەوڵ دەدەن ئەو سێ کەسە بەوە تۆمەتبار بکەن کە دەستیان لە کوشتنی ئەندامێکی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ساڵی ڕابردوودا هەبووە و بەم بیانووەشەوە سزای دادوەریی قورس بەسەریاندا بسەپێنن. جێگای ئاماژەیە، ڕەئووف شێخ مەعرووفی، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٥ی بەفرانباری پارەکە و محەممەد فەرەجی، ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕەشەممەی ١٤٠١ و هەروەها کامران سوڵتانی، ٨ی ڕەشەممەی هەمان ساڵ، بە شێوەیەکی دڕندانە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم لە شاری بۆکان دەستبەسەر و ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کراون. پاش چەند مانگ لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەدان، ئەو سێ هاووڵاتییە ڕۆژی هەینی ٢٠ی جۆزەردان، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێیەوە بۆ زیندانی ناوەندیی بۆکان گواستراونەتەوە و لەئێستادا لەم زیندان ڕاگیراون و هێشتا چارەنووسیان ناڕوونە. شایانی باسە، محەممەد فەرەجی، پێشتر واتە ڕۆژی شەممە ٢٤ی بەفرانباری پارەکە، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕژیم لە شاری بۆکان ڕفێندرابوو کە دوای حەفتەیەک لە ئازاد کرانی کاتی ناوبراو، دیسان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرایەوە.