بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی شەممە ١٨ی سەرماوەز، “سوهراب ئاویزکەن” دوای ئەوەی کە لە لایەن لقی جێبەجێکاریی بڕیارەکانی داواکاریی گشتی و شۆڕشی مەهاباد بانگ کراوە، دەستبەجێ دەستبەر و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٣ ساڵ بەندکرانەکەی ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کرا.
ناوبراو پێشتر لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری مەهاباد بە تۆمەتی “پێکهێنانی باند و گرووپ بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامیی گشتی” و “بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان” سزای ٣ ساڵ بەندکردن و ٣ ساڵ دوورخستنەوە لە زێدی خۆی بۆ شاری زەنجان بەسەریدا سەپابوو. شایانی باسە، ناوبراو پێشتر جیا لەوەی کە لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە بە شێوەیەکی دڕندانە ڕفێندرابوو، لە دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە حکوومەتییەش بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ ئازار و ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی درابوو.
جێگای ئاماژەیە، ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، لە لایەن هێزەکانی ناوەندی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ڕفێندراوە و پاش لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە لایەن ئەو ناوەندە حکوومەتییەوە، بۆ زیندانی ناوەندیی مەهاباد گواسترابوویەوە و پاش چوار مانگ، هەروا چارەنووسی نادیارە.