بەپێی ڕاپۆرتەکان، “مەهیار ئەحمەدی” بەندکراوی سیاسیی پێشوو، بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان” لە لایەن دەزگای دادوەریی دەوڵەتی تورکییەوە سزای ٦ ساڵ و ٣ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.
مەهیار ئەحمەدی، کە ئێستا لە زیندانی شاری “وان” ڕاگیراوە، لە ٢١ی خەرمانانی ئەمساڵ و لە کاتی ڕۆیشتن بۆ ئۆرووپا، لە شاری “هەکاری” لە لایەن هێزەکانی سنوور پارێزیی تورکییەوە دەستبەسەر و دوای چەند هەفتەیەک بۆ زیندانی شاری “وان” گواستراوەتەوە. ئەم بەندکراوە سیاسییە، ساڵی ڕابردوو بەناچار زێدی خۆی بەجێ هێشتووە و نزیکەی ساڵێک لە هەرێمی کوردستان مایەوە کە دواتر هەوڵی دا بە هەر جۆر بێت خۆی بگەیەنێتە وڵاتێکی ئۆرووپایی. جێگای ئاماژەیە، مەهیار ئەحمەدی، ڕۆژی ١٧ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٧ لە شاری سنە و لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کرا، پاش ٢ مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرابوو.
دواجار ئەو هاووڵاتییە لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری سنەوە بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی” سزای ٣ مانگ بەندکردن و هەروەها سزای ٣ ساڵ هەڵپەساردنی بەسەردا سەپا و لە کۆتاییشدا ساڵی ١٣٩٨ ماوەی ٣ مانگەی بەندکرانەکەی تێپەڕ کرد.