فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سەپاندنی سزای بەندکردن و لێدانی قامچی بەسەر سولەیمان عەبدی، مامۆستای خەڵکی سەقز
پێنجشەممە ۲۹-۰۴-۱۴۰۲   |  20-07-2023

سولەیمان عەبدی، مامۆستای خەڵکی شاری سەقز، لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن لقی ١٠٥ی دادگای تاوانەکانی ژمارە ٢ی ئەو شارە، بە تۆمەتی “هەوڵی تێکدانی ئاسایش و ئارامیی گشتی لە ڕێگەی بەشداریکردنی کۆبووەنەوە نایاسایییەکان لە گۆڕستانی ئایچی” سزای ٨ مانگ بەندکردن و لێدانی ٧٠ قامچی بەسەردا سەپاوە. بەپێی زانیارییەکان، سزای ٨ مانگ بەندکرانی ئەو مامۆستایە گۆڕدراوە بۆ ٧٢٠ کاتژمێر وانەوتنەوە بەو کەسانەی کە لەژێر چاودێریی “کۆمیتەی ئیمداد”ی حکوومەتن و هەروەها سزای لێدانی ٧٠ قامچییەکەشی بۆ ماوەی ٢ ساڵ و ٦ مانگ هەڵپسێردراوە. سولەیمان عەبدی ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی ڕەشەمە، بەبێ هیچ هۆکارێک لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقزەوە لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواسترایەوە. ناوبراو ڕۆژی ١٦ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز گواسترایەوە و دواجار پاش ٢٣ ڕۆژ دەستبەسەربوون، ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی خاکەلێوە، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد بوو.