فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سەپاندنی سزای ٣ مانگ بەندکردن و لێدانی ٣٠ قامچی بەسەر هاووڵاتیەکی خەلکی پیرانشار
چوارشەممە ۲۵-۰۵-۱۴۰۲   |  16-08-2023

سادق مەحموودنژاد، خێزاندار و باوکی منداڵێک و خەڵکی پیرانشار، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکان لەو شارە، بە تۆمەتی “هاندانی خەڵک لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان”، سزای ٣ مانگ بەندکردن و لێدانی ٣٠ قامچیی بەسەردا سەپاوە. هەروەها ناوبراو لە دۆسیەیەکی دیکە لە دادگای شۆڕشی مەهاباد، تۆمەتی “ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان” و “پڕوپاگەندە بە دژی کۆماری ئیسلامی” دراوەتە پاڵی و ئەم دۆسیەیەش هێشتا کراوەیە. سادق مەحموودنژاد، سەرەڕای ئەوەیکە بە چەند قۆناغێک لە نەخۆشخانەکانی “خومەینی”ی ورمێ، “فارابی”ی تاران و “ئیمام سەجاد”ی ڕامسەر نەشتەرگەریی چاوی بۆ کراوە، بەڵام ٢٠٪ بیناییی چاوی چەپی لەدەست داوە. ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ١٢ی پووشپەڕ، لە ماڵەکەی خۆی و لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کرا، ڕۆژی ٥ی گەلاوێژ بە دانانی بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد بوو. شایانی باسە کە سدیق مەحموودنژاد، شەوی ٣٠ی خەرمانانی پارەکە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی پیرانشار لە گۆڕەپانی “مامۆستای هەژار”ی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم چاوی چەپی بریندار بووە.