کەماڵ عەبدوڵڵازادە، لاوی خەڵکی شاری سەقز کە لە تاران دەورانی سەربازیی زۆرەملێی تێپەڕ دەکرد، پاش ئەوەی کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراوە، سزای بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.
ڕۆژی شەممە، ٢٩ی خەرمانان، کەماڵ عەبدوڵڵازادە، لاوی خەڵکی شاری سەقز کە دەورانی سەربازیی زۆرەملێی تێپەڕ دەکرد، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە ڕفێندراو لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سزای ۵ ساڵ و ٨ مانگ بەندکردن بەسەر ناوبراودا سەپێندراوە.بە وتەی کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی عەبدوڵڵازادە، ئەو سزایە لەلایەن لقی ٢۶ی دادگای ئینقلابی ڕژیم لە تاران و بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایش و ئەمنییەتی گشتی بەسەر ئەو لاوەدا سەپاوە. ئەو هاووڵاتییە لە کەڵانتەریی ١٣۵ی گۆڕەپانی ئازادیی شاری تاران سەرباز بووە و لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات لەو شارە ڕفێندراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کەماڵ عەبدوڵڵازادە، زیاتر لە ٤٤ ڕۆژ لە ژووری تاکە کەسیی گرتنگەی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی شاری تاراندا بووە. بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەستمان گەیشتوون، ئەو هاووڵاتییە کە ئێستا لە بەندیخانەی گەورە ساڵانی تارانی گەورە ڕاگیراوە، هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و تەندروستیی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.