بەپێی هەواڵیک کە بە سایتی کۆمەلە گەیشتووە، “یەدێ بەهاری” چالاکی کرێکاری و خەڵکی شاری سنە و دانیشتووی شاری دەماوەند، لە لایەن دادگای ڕژیم لەمشارە، بە شەش ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.
بەپێی ئەم هەواڵە، ناوبراو ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٢ی ڕەزبەری ئەمساڵ، لە لایەن لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادگوستەری دەماوەندەوە بانگهێشت و بە تۆمەتی “هەوڵدان لەدژی ئەمنییەتی میلی”، “سووکایەتی کردن بە ڕێبەری”، “پێکهێنانی گرووپی دژی نیزام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان”، “پڕوپاگاندا دژ بە کۆماری ئیسلامی” و “پێوەندی لەگەڵ کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران”، سەرجەم بە شەش ساڵ زیندان مەحکووم کراوە. پێویستە ئاماژە بکرێ، یەدێ بەهاری لە رێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژی ئەمساڵ، بە دانانی بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد بوو. ئەم چالاکە کرێکارییە ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی ڕەشەممە، بە مەبەستی تێپەڕاندنی حوکمەکەی، لە دادسەرای شاری دەماوەندەوە، گواسترایەوە بۆ زیندانی ئێوین.