بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەم دواییانەدا “بابەک کەریمی”، تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی ئەیوان سەر بە پارێزگای ئیلام، بە تۆمەتی “کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بەمەبەستی ئەنجامدانی تاوان لە دژی ئاسایشی وڵات”سزای پێنج ساڵ بەندکردن و بە تۆمەتی “بێ ڕێزیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی” سزای دوو ساڵ بەندکردن و هەروەها بە تۆمەتی “بێ ڕێزیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی” سزای دوو ساڵ بەندکردنی لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیلامەوە بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بابەک کەریمی لە دادگادا دۆسییەکی نوێی لە دژ کراوەتەوە کە هەتا ئێستا دانیشتنی بەدواداچوون بۆ ئەم تۆمەتانە لە دادگای تاوانەکانی ئیلام بەڕێوەنەچووە و دۆسییەکە بە کراوەیی ماوەتەوە. شایانی باسە، هێزەکانی ئیتلاعات لە دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە گوشاریان خستبووە سەر بابەک کەریمی و ئەشکەنجەیان دابوو. ئەمە لەحاڵێکدایە کە ئەم بەندکراوە سیاسییە لەماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە لەژێر ئەشکەنجەی سەختدا بووە و دووجار بە شێوازی شانۆ و بەمەبەستی ئەشکەنجەکردنی ئێعدام کراوە. هەروەها ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەریبووە. بابەک کەریمی، لە دەستبەسەرکراوانی مانگی ڕەزبەری ئاخێزی جەماوەریی خەڵکی ئەیوانە و ڕۆژی دووشەممە ١٧ی ڕێبەندانی پارەکە دوای سێ مانگ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی بەشێوەیەکی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ئیلام ئازادکرابوو.