فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شکستی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و کودەتای هەڵبژاردن لە شاری وان
شەممە ۱۸-۰۱-۱۴۰۳   |  06-04-2024

ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی مانگی خاکەلێوە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە سەرتاسەری تورکییە بەڕێوەچوو. لەم هەڵبژاردنەدا نزیکەی ٦١ ملیۆن کەسی خاوەن مەرج دەنگیان داوە و ڕێژەی بەشداریکردن زیاتر لە ٧٧% ڕاگەیەندراوە. لەم هەڵبژاردنەدا، بە پێچەوانەی زۆرێک لە ڕاپرسییەکان، پارتی داد و گەشەپێدان “ئاکەپە” بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان بەرامبەر بە پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکییە “جەهەپە”، بەتایبەتی لە شارە گەورەکانی وەک ئەستەنبوڵ، ئانکارا، ئیزمیر، بورسا کە شاری سەرەکین بۆ ئابووری و گەشتیاری تورکییە، تووشی شکستێکی گەورە بوو. بە گوتەی زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی، ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنانە بۆ ئەردۆغان لەوە خراپتر بوو کە بیریان لێدەکردەوە. لە هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی یەکشەممەدا، پارتی “داد و گەشەپێدان” جگە لە ئیستەنبوڵ و ئانکارا، بەرامبەر بە پارتی “کۆماریخوازی گەل”، پۆستی سەرۆکی شارەوانی ١٩ شاری دیکەی لەدەستدا. جگە لەوەش لە شارەکانی کوردستانی تورکییە، “ئاک پارتی” لە بەرامبەر پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەل “پارتی دیم ” تووشی شکستێکی قورس بوو. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە “پارتی دیم” لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی حکوومەتە و کاریگەری جەماوەری لە شارەکانی کوردستانی تورکییە هەیە. “پارتی دیم” دوای ئەوەی حکوومەتی ئەردۆغان هەڵوەشاندنەوەی پارتی دیموکراتی گەلان “هەدەپە”ی ڕاگەیاند، پێکهات.

ئەردۆغان کە ڕۆژی یەکشەممە خۆی بەرپرسی هیدایەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بوو، ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەی بە خاڵی وەرچەرخان ناوبرد و لە میانی وتارێکی درێژخایەندا لە بارەگای پارتی “داد و گەشەپێدان” شکستی پارتەکەی لە هەڵبژاردنی سەرتاسەری قبوڵ کرد. گوتیشی: “ئەنجامی هەڵبژاردن قبوڵ دەکەین، ڕێز لە ئیرادەی میللەت دەگرین و نابینە بەربەست”. شکستی ئەردۆغان لە کاتێکدا بوو کە دە مانگ پێشتر لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکییە بەرامبەر بە ڕکابەرەکەی سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو و لەسەر بنەمای ئەوەش بەڵێنی دابوو کە سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستەنبوڵ و ئانکارا بۆ کاندیدەکانی پارتەکەی بەدەستبهێنێت. بەڵام دوای ژماردنی دەنگەکان دەرکەوت کە “موراد کوروم” کاندیدی حیزبەکەی بە جیاوازیی یەک ملیۆن دەنگ بەرامبەر بە “ئەکرەم ئیمام ئوغڵو” کاندیدی “جەهەپە” شکستیهێناوە. شکستی پارتی “داد و گەشەپێدان”ی ئەردۆغان لەم هەڵبژاردنەدا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو قەیرانە ئابوورییە قووڵەی کە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە بەردەوام توندتر بووەتەوە، زۆر ئاسایی بوو. لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا بەهای لیرەی تورکی بە ڕێژەی ٨٠% دابەزیوە و بووەتە یەکێک لە بێ ئیعتبارترین دراوەکان و بێکاری پەرەی سەندووە و توانای کڕینی خەڵک یەکجار کەم بووەتەوە. ئابووری تورکییە لەگەڵ هەڵاوسانی قورسی ٧٠%ی، ژیان و گوزەرانی کرێکاران و چین و توێژە هەژارەکانی دیکەی کۆمەڵگای ڕووبەڕووی هەژاری و برسێتی کردووەتەوە. لە حاڵێکدا کە ئەردۆغان ساڵەها بەپێچەوانەی بنەماکانی بانکداری نیزامی سەرمایەداری، ژێستی دژایەتی ئیسلامی لەگەڵ بەهرەی بانکی دەگرت، لەئێستادا بەهرەی بانکی لە تورکییە گەیشتووەتە ٥٠ لەسەد. سیاسەتە ئابوورییەکانی حکوومەتی ئەردۆغان کە هەمان سیاسەتی نیولیبراڵانەی سیستەمی سەرمایەدارییە، ناڕەزایی زۆری کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی لێکەوتووەتەوە. بەڵێنە بێ بنەماکانی ئەردۆغان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ساڵی ڕابردوو واتە بووژاندنەوە و باشتر کردنی بواری ئابووری، نەک هەر بەدی نەهاتووە، بەڵکوو بارودۆخی ژیانی کرێکاران و جەماوەری تورکییەی خراپتر و قەیراناویتر لە ساڵی ڕابردوو کردووە. ئەکرەم ئیمام ئوغڵو کاندیدی “جەهەپە”ی حیزبی ڕەقیبی ئەردۆغان، لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا ئەردۆغانی بەوە تۆمەتبار کرد کە “یاسا ئابوورییەکان بەپێچەوانە بەڕێوەدەبات”. ئەو بە تیشک خستنە سەر قەیرانی ئابووری، دروشمی “ئەم وڵاتە شایەنی هەژاری نییە”ی وتەوە و کردی بە دروشمی سەرەکی بۆ بانگەشەی هەڵبژرادنی خۆی. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە سیاسەتی ئابووری ڕکابەری ئەردۆغان “پارتی کۆماریخوازی گەل” هیچی تر نییە جگە لە سیاسەتی ئێستای ئەردۆغان کە بریتییە لە پەیڕەوکردنی سیستەمی سەرمایەداریی نیولیبراڵ و بێگومان ئەم حیزبەش ناتوانێ ئابووری تورکییە لە قەیران دەرباز بکات.

بەڵام ئەم شکستەی ئەردۆغان تەنیا بەرامبەر بە “جەهەپە” نەبوو، بەڵکوو لە کوردستانی تورکییەش کاندیدەکانی “ئاک پارتی” بە جیاوازییەکی زۆر لە بەرامبەر کاندیدەکانی “پارتی دێم” شکستیان هێنا. «ئۆرن بالتا»، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ئیستەنبوڵ، دەنگی خەڵکی کوردی بە هۆکارێکی دیکەی شکستی ئەردۆغان لە ئەستەنبوڵ و لە شارەکانی کوردستانی تورکییە زانی. واتە ئەو دەنگانەی کە خەڵکی کورد لە ئیستانبوڵ بە ئەکرەم ئیمام ئوغڵو و لە شارەکانی کوردستان بە کاندیدەکانی حیزبی یەکسانی و دیموکراسی گەل “پارتی دیم”یان دا. بە گوتەی “بالتا” ئەمە بڕیارێکی حیسابکراو و دروستی “پارتی دیم” بوو لە ئەستەنبوڵ. چونکە ئەردۆغان بە گرووپی تیرۆریستی ناویان دەبات، بەڵام ئیمامئۆغڵو لە ئێستادا کوردەکان بە هاووڵاتی تورکییە ناو دەبات. شایانی باسە کە ئەردۆغان لە وتاری شکستە سەرشۆڕانەکەیدا، بۆ پاساوی شکستی کاندیدەکانی حیزبەکە لە دە پارێزگای کوردستان لەوانە دیاربەکر، ماردین، سیرت، حەکاری، وان و شێرناخ، ئەم بۆچوونە شۆڤنیستییەی وەک خاڵێکی بەهێز دووپات کردەوە و وتی: ”ئێمە لە چالاکییە نیزامییەکانمان لەدژی تیرۆریستەکان بەردەوام دەبین”.

دوو ڕۆژ دوای هەڵبژاردنەکان، دەوڵەتی ئەردۆغان بە کەڵک وەگرتن لە دەسەڵاتی دەوڵەتی، لەڕێگەی حوکمی دادگایەکی فەرمایشیەوە سەلاحیەتی کاندیدی براوەی “پارتی دیم”ی لە شاری وان ڕەت کردەوە و حوکمی پۆستی شارەوانی وانی بەناوی کاندیدی حیزبەکەی خۆی دەرکرد. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە کاندیدی “پارتی دێم” زیاتر لە ٥٥.٥%ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو و کاندیدی پارتەکەی ئەردۆغانی بە ٢٧.١٥ لەسەدی دەنگەگان شکست دابوو. لە هەوڵێکی هاوشێوەدا لە شاری “شاتلی ئۆرفا”ش، دەوڵەت ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی قبوڵ نەکرد. وە لە شاری شێرناخیش بەهۆی موهەندسی کردنی هەڵبژاردن لەلایەن حکوومەتەوە، خەڵکی ناڕازی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان تێکهەڵچوون. ئەم کردەوەیەی دەسەڵاتی ئەردۆغان کە نموونەیەکی ڕوونی هەڵوێستی درۆزنانە و شوڤنیستیی ئەوە، لە کاتێکدا ڕوودەدات کە دوو شەو پێشتر ئیدیعای ڕێزگرتن لە دەنگ و ئیرادەی میللەت و بەرگریکردن لە دیموکراسی کردبوو. پێویستە بوترێ کە لە دەورەکانی پێشووشدا دەوڵەتی ئەردۆغان هەر بەم هەڵوێستە و بە بیانووی ناڕاستی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ “پەکەکە” بۆ زۆرێک لە شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان دۆسیەی ئەمنیی پێکهێنا و ئەوانی لەسەر کار لابرد و ڕەوانەی زیندانی کردن و کەسانی دیکەی نزیک لە خۆی لەژێرناوی “قەییووم” کردە جێنشینی ئەوان. دانانی کەسانی سەربە حکوومەت لە وان بەرەوڕووی ناڕەزایەتیی بەرینی خەڵک بووەوە و هەزاران ژن و پیاوانی ئازادیخواز بە دروشمی “لە وان کودەتا کراوە” و “ژن، ژیان، ئازادی” ڕژانە سەر شەقامەکان. هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ خەڵک تووشی تێکهەڵچوون بوون و عەبدوڵڵا زیدان سەرۆکی هەڵبژێردراوی شاری وانیان دەستگیرکرد. هەروەها خەڵکی بازاڕیش لە ناڕەزایەتی بە ئەم کردەوەیەی دەوڵەت دووکانەکانیان داخست و فەزای شار نیزامی و ئەمنیەتی بوو. ڕێبەرانی حیزبی “جەهەپە”ش بە پشتیوانی لە “پارتی دیم” ئەم کردەوەیەی دەوڵەتیان یاریکردن بە ئاگر وەسف کرد و ڕایانگەیاند کە ئەم کارە دژی خواست و ئیرادەی خەڵکی شاری وانە و بۆ پارێزراوبوونی سندووقەکانی دەنگدان چەند هەیئەتێک ڕەوانە شاری وان دەکەن و داوایان لە ئەردۆغان کرد کە ڕێز لە دەنگی خەڵک بگرێت. بەڵام بێگومان چاوەڕوانیی ڕێزگرتن لە ئازادی و مافی دیموکراتیکی خەڵک لە سرووشتی ئەردۆغان و باقیی ڕێبەرانی پارتە بورژواییەکاندا ناگونجێت و چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووریش لەڕێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە نایەتە دی. بەڵام دەکرێ بڵێین کە شکستی قورسی ئەردۆغان لەم ئینتخاباتە دەتوانێ نیشانەی داکشان و لاوازبوونی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی لە تورکییە بێت.

ئەزموونی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەتوانێ ئەم وانەیە بۆ چینی کرێکاری تورکییە و جەماوەری زەحمەتکێش و چەوساوەی ئەم کۆمەڵگایە لەخۆ بگرێت کە بە بشت بەستن بە دیموکراسی بۆرژوازی و بە هیواداربوون بە ئینقالی دەسەڵات لە دەستی حیزبی فاشیستی ئەردۆغان بۆ حیزبی ناسیۆنالیست سێکۆلاری جەهەپە و پشتیوانی کردن لە باڵێکی بورژوازی دژبە باڵێکی دیکە، ناتوانێ نیزامی هار و زاڵمانەی سەرمایەداری لە هێرش بردنەسەر چارەنووسی کۆمەڵگا پاشگەز بکات. ئەم ئەزموونە بۆ چینی کرێکار و چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێرانیش هەڵگری ئەم دەرسەیە کە بە ئومێد بەستن بە کۆماریخوازانی لائیک و سێکۆلار ناتوانن کۆتایی بە فاشیسمی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەدارانی ئێران و کۆتایی بە هەژاری و نەهامەتییەکانی نیزامی سەرمایەداری بێنن. چینی کرێکاری تورکییە تەنیا بە خۆسازماندان لەناو ڕێکخراوەی جەماوەری و چینایەتی و حیزبی کۆمۆنیستی خۆی و بە پەیوەنددانی خەبات بۆ وەدیهێنانی خواستی دەستبەجێ لەگەڵ خەبات بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتی و بە ڕاکێشانی پشتیوانیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانێ بەرەنگاری هێرشی دەوڵەتی بۆرژواکان بۆسەر ژیان و گوزەرانیان بێتەوە.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv
https://cpiran.org
https://komala.co
https://t.me/peshrawcpiran

www.facebook.com/Peshrawcpiran

www.instagram.com/Peshrawcpiran1

https://t.me/KomalaCpiranTv