مانگرتن، ناڕەزایەتی و خەباتی شکۆداری کرێکارانی حەوت تەپە، کرێکارانی فوولادی ئەهواز، کرێکارانی ماشێن سازیی ئەراک، کرێکارانی سەنایعی نەوت و گاز و پێترۆشیمی، کرێکارانی مەعدەن، کرێکارانی ڕێگەی ئاسن، مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرانسەریی مامۆستایان و خانەنشینکراوان و ناڕەزایەتیی کرێکارانی شارەدارییەکان و گەلێک ئیعتڕازی تر لە ماوەی ساڵان و مانگەکان و حەفتەکانی ڕابردوودا هەر هەموویان نیشانەی ئەوەن کە کرێکارانی ئێران نەتەنیا بەخاتری گوشار و سەرکوتگەریی خوێناویی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران چاوترسێن نەبوون، بەڵکوو سوورن لەسەر ئەوەیکە خەباتیان درێژە پێ بدەن و ڕێگە نەدەن ژیان و گوزەرانیان بکەوێتە بەر پەلاماری سەرمایەداران و دەوڵەتی پیشتیوانیان و تاڵان بکرێت. بەم ڕەوتە کە بزووتنەوەی کرێکاری گرتوویەتە بەر و بەلەبەرچاوگرتنی ئەزموونە بەنرخەکانی کرێکاران لە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی گشتی لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، هەوڵ بۆ پێکهێنانی شۆرای کرێکاری لە کارخانە و ناوەندەکانی بەرهەمهێناندا یەکجار گرینگە.
شۆرای ڕاستەقینەی کرێکارانی کارخانە ڕێکخراوێکە کە گشت کرێکارانی کارخانە لەخۆدەگرێت. ئامانجی هاوبەشی ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە بریتییە لە ڕاوێژکردن و بڕیاردان سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانی کرێکاران بەشێوەی دیمۆکراتیک و هەوڵ بۆ بڕیاردان بە بەشداریی ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە کە خودی کرێکارانی کارخانەن. بە واتایەکی دیکە شۆرای واقعیی کارخانە، ئۆرگانی داسەپاندنی ئیرادەی کرێکارانی کارخانەیە. بێگومان کاتێک باس لە ئیرادەی کرێکاران و بڕیاری کرێکاران دەکەین، مەبەست ئیرادە و بڕیاری زۆرینەی کرێکارانە. هەربۆیە دەسەڵاتدارییەتیی دیمۆکراسیی ناو ئەم ڕێکخراوە و پەیڕەوکردنی ئۆرگانەکان لە بڕیاری زۆرینەی ئەندامانی، زەرووری و پێویستە. باڵاترین ئۆرگانی بڕیاردانی شۆرا، “مەجمەعی عموومی” واتە کۆبوونەوەی گشتیی کرێکارانی کارخانەیە. کەوابوو لە هەموو ئەو کارخانانە کە ئیمکانی بەڕێوەبردنی مەجمەعی عموومیی کرێکارانی کارخانە بوونی هەیە، شۆرای کرێکاران بەواتای مەجمەعی عموومیی ڕێکخراوی کرێکارانە و تەنیا ئەو بڕیارانەی کە لە لایەن زۆربەی کرێکارانی ناو مەجمەعی عموومییەوە پەسندکراوە لە لایەن شۆرای کرێکارانی کارخانەوە بە پەسندکراوی کرێکارانی کارخانە پێناسە دەکرێن.
لە کارخانە و ناوەندە سەنعەتییە گەورەکاندا کە پڕژوبڵاویی واحیدە جۆراوجۆرەکان و یان تایبەتمەندیی بەرهەمهێنانی بێ وەستان، بەڕێوەچوونی مەجمەعی عموومی کرێکاران بەرەوڕووی کێشە و یان نامومکین دەکات، شۆرا ناتوانێ مەجمەعی عموومیی گشت کرێکاران بێت، بەڵام لەم حاڵەتەشدا ماهییەتی مەسەلەکە ناگۆڕدرێت. بێگومان لەم ناوەندە سەنعەتی و کارخانانەشدا مەجمەعی عموومیی کرێکارانی بەش یان شیفت و هتد بە ئاسانی دەتوانێ بەڕێوەبچێت و هەر کرێکارێک لە کارخانە هەروەک کارخانە چکۆلەکان دەتوانێ ئەندامی شۆرای ئەو بەشە یان شیفتیە بێت کە مەجمەعی عموومی ئەو بەشە یان شیفتەی تێدا بەڕێوەدەچێت. لەم حاڵەتەدا شۆرای ناوەندیی کارخانە بریتی دەبێت لە شۆرای نوێنەرانی کرێکاران. شۆرای نوێنەرانیش لە هەیئەتیی نوێنەرایەتیی جۆراوجۆر پێکهاتووە کە هەر کامیان نوێنەرایەتیی بەشێکی چکۆلەتری بەش یان شیفتێک دەکەن.
ئەم هەیئەتە نوێنەرایەتییە کە لە شۆرای ناوەندیی نوێنەرانی کرێکارانی کارخانەدا بەشداری دەکەن، بەشێوەی دیمۆکراتیک لە کۆبوونەوە ڕەمسییەکانی شۆرا چکۆلەترەکاندا هەڵدەبژێردێرن، چوارشێوەی ئەرک و ئیختیاراتیان لە لایەن هەڵبژێرانەوە دیاری دەکرێت و هەمان هەڵبژێرانیش هەرکات ئیرادەیان کرد دەتوانن بیانگۆڕن. کەوابوو لە کارخانە گەورەکانیشدا شۆراکانی نوێنەرانی کرێکارانی کارخانە، نوێنەرانی مەجمەعە عموومییەکانی کرێکارانن لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کارخانەدا کە تەنیا لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا لە لایەن ئەوانەوە ئیختیاری بڕیاردانیان هەیە و لەلایەن هەمان مەجمەعی عموومییەوە دیاری دەکرێن و لەسەرکار لادەبردرێن.
بەمجۆرە “شۆرای نوێنەرایەتیی کرێکاران” کە خۆی مەجمەعی عموومیی ژمارەیەکی یەکجار زۆرە لە کرێکارانی کارخانە و باڵاترین ئۆرگانی بڕیاردانی کرێکارانی کارخانەیە، پشت ئەستوورە بە شۆرا جۆاوجۆرەکانی کرێکارنی کارخانەوە. هەر کرێکارێک کە لە هەر بەشێک لە کارخانە بێت بەشێوەی ئۆتۆمات ئەندامی یەکێک لە شۆرا کرێکارییەکانی کارخانەیە و دەتوانێ بەشداری مەجمەعی عموومیی ئەم شۆرایە بێت و لەم ڕێگەوە بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەسەر بڕیارەکانی ئەم شۆرایە و بەشێوەی ناڕاستەوخۆ لەسەر بڕیارەکانی شۆرای نوێنەرایەتیی کرێکاران کاریگەری دابنێت و بۆ وەدیهاتنی ئیرادەی کرێکاران ڕێکبخرێت.
شۆرا بۆ ئەوەیکە بتوانێ بە خێراترین و باشترین شێوە بڕیار بدات، هەیئەتێکی بەڕێوەبەری لە ناو ئەندامانی خۆیدا هەڵدەبژێرێت. ئەم هەیئەتە ئەرکی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەکانی شۆرا بەپێی ئایین نامە ناوخۆییانی وەئەستۆیە و بە پێی ئایین نامە دەستووری کۆبوونەوەکان ئامادە دەکەن و بابەتی دەنگدان و کۆبوونەوەی شۆرا ڕێبەری و ئیدارە دەکەن. شۆرا لەڕاستیدا پەرلەمانی کرێکارانە و کۆبوونەوەکانیان هاوشێوەی کۆبوونەوەی پەرلەمانێکی کرێکارییە و ئەرکی هەیئەتی بەڕێوەبەری هاوشێوەی ئەرکی سەرۆکی پەرلەمانە. لەو کۆبوونەوانەدا سەبارەت بە شێوازی کۆبوونەوەکان بە پێشنیاری کرێکاران، دەنگدان ئەنجام دەدرێت. گەڵاڵە پێشنیارکراوەکانی کرێکاران دەدرێنە بەر باس و بە لایەنگران و نەیارانی هەر گەڵاڵەیەک ئیمکان و دەرفەتی دەربڕینی بۆچوون دەدرێت و سەرەنجام دەنگدان بەڕێوەدەچێت. پێویستە لە شۆرادا باروودۆخێک دابین بکرێت کە ئەندامەکانی واتە کرێکاران بتوانن بۆچوون و ڕێنوێنییەکانی خۆیان دەربڕن و خوازیاری ئەوە بن کە لە لایەن شۆراوە لەبەرچاوبگیرێت. تەنیا لەم حاڵەتە دایە کە بڕیاردانی درووست مەیسەر دەبێت و تەنیا لەم ڕێگەوەیە کە کرێکاران دۆستان و دوژمنانی خۆیان دەناسن.
تا ئێرە تەئکیدمان کرد کە شۆرا کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی کرێکارانی کارخانە و یان مەجمەعی عموومیی نوێنەرانێکە کە گشت کرێکارانی کارخانە نوێنەرایەتی دەکەن و هاوشێوەی پەرلەمانێک بە دیسیپلینی کرێکارییەوە دەربارەی تەوەرەکانی کرێکاران بڕیار دەدەن. بەڵام شۆرا تەنیا ئۆرگانی بڕیاردانی کرێکاران نییە، بەڵکوو بەڕێوەبەری بڕیارەکانی خۆشیەتی. خاڵی گرینگ ئەوەیە کە شۆرا واتە باڵاترین ئۆرگانی بڕیاردانی کرێکاران هیچ ئامرازێکی بۆ ناچارکردنی کەمینەیەکی نەیار بۆ قەبووڵکردنی بڕیارەکانی نییە، مەگەر هۆگرایەتی و نفووز و ئیحترامی لەناو کرێکاران و ئەوەش بە هیچ شێوەیەک گونجاو نییە. شۆرا مافی ئەوەی نییە کە ژمارەیەک لە کرێکاران لە شۆرا دەربکات. لەبەر ئەوەیکە لەم حاڵەتەدا وەک ئۆرگانی داسەپاندنی ئیرادەی جەماوەریی کرێکارانی ئەم کارخانەیە کۆتایی بە تەمەنی خۆی هێناوە. بەڵام لەڕاستیدا ئەگەر زۆربەی کرێکاران بەشێوەی ڕێکخراو بڕیارەکانیان بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە، دژایەتیی کەمینەیەک لە کرێکاران ناتوانێ ببێتە کۆسپی سەر ڕێگای زۆرینەی کرێکاران.
شۆرا خۆی ئەرکی سەرشانیەتی کە بۆ بەکردەوە دەرهێنانی بڕیارەکانی، کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پێویست دیاری بکات و ئەندامەکانی لەناو کەسانی خۆبەخشدا هەڵبژێرێت و بە دیاریکردنی چوارچێوەی ئەرک و ئیختیاراتیان بەکاریان بێنێت. کەوابوو شۆرا لە خودی ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی بەڕێوەبەریی کرێکارانی کارخانەوە سەرچاوە دەگرێت کە خەریکی کاری بەڕێوەبردنی بڕیارەکانی شۆران. لە سەرووی هەموو ئەم ئۆرگانانەشەوە دیسان خودی شۆرا، واتە مەجمەعی عموومیی پێکهاتوو لە کرێکاران و نوێنەرانی کرێکارانە.
خاڵی گرینگ لەپێوەند لەگەڵ کۆمیتەکانی بەڕێوەبردن ئەوەیە کە ئەم کۆمیتانە لەژێر ئۆتۆریتەی مەجمەعی عموومی دان و هیچ کۆمیتەیەک بە بێ دیاریکرانی ئیختیارات و ئەرکەکانی پێک نایەت. شۆرا هەمیشە بۆ بەکردەوەدەرهێنانی بڕیارەکانی لەلایەن ئەم کۆمیتانەوە چاوەدێریی ڕاستەوخۆی هەیە و لەگەڵ بینینی سەرپێچی لە چوارچێوەی دیاریکراو، لێپریسینەوە لە ئەندامانی ئەم کۆمیتەیە دەکات و یان دەیانگۆڕێت. ئێمە خوازیاری ئەوەین کە لەڕێگەی ڕێکخستنی کرێکاران لە وەها ڕێکخراوێکدا، دەخاڵەتی هەرچی زیاتر و هەرچی ڕاستەوخۆتری کرێکاران لە کاروباریان دابین بکرێت. سەرەنجام دەبێ ئەو ڕۆژە بێت کە هەر کرێکارێک بتوانێ پێگەی خۆی لە ڕێکخستنی بەرهەمێهێنان و لە ڕێکخستنی کرێکاراندا پێناسە بکات.
کەوابوو شۆرای ڕاستەقینەی کارخانە، مەجمەعی عموومیی ڕێکخراوی کرێکارانە، کە لە لایەکەوە بەشێوەی دیمۆکراتیک ڕێکخراوە و بێ کەموکۆڕی گونجاوترین وەزعییەت بۆ بەشداری و ڕاوێژ و بڕیاردان دابین دەکات و لە لایەکی دیکەشەوە خۆی ڕێکخراوێکە کە بە باشترین شێوە لە توانای تاک بە تاکی کرێکاران لەپێناو بەکردەوەدەرهێنانی بڕیار و ئیرادەیان کەڵک وەردەگرێت. لە شۆرای کارخانەدا باڵاترین مەرجەعی بڕیاردان مەجمەعی عموومیی کرێکارانە. مەجمەعی عموومی یەک ناوەند نییە بەڵکوو ئۆرگانێکە. ئۆتۆریتەی مەجمەعی عموومی لە کۆبوونەوەیەکەوە تا کۆبوونەوەیەکی دیکە بە هیچ ئۆرگانێکی تر ناسپێردرێت و لەناو خۆیدا دەمێنێت.