فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شیلی، سەرکەوتنی کاندیدای بەرەی چەپ، هیوا و خۆشباوەڕییەکان
پێنجشەممە ۰۹-۱۰-۱۴۰۰   |  30-12-2021

لە ١٩ی دێسامبردا قۆناغی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری شیلی کۆتایی پێهات. بەپێچەوانەی قۆناغی یەکەم و تەبلیغاتی میدیای لایەنگرانی کاندیدای ڕاست، ئەم جارەیان “گابرییەل بۆریچ” کاندیدی هاوپەیمانیی هێزە میانەڕەو و چەپەکان سەرکەوتووی هەڵبژاردنەکان بوو. ڕەقیبی ناوبراو “ئانتۆنۆ کەست” ڕاستڕەوێکی بەتەواو مانای لە جنسی ترامپ و بۆلسۆنارۆ لە بڕێزیل، نەوەی ئەفسەرێکی نازیستی ئاڵمانی کە لە قۆناغی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا بە جیاوازیی سێ لەسەد بەسەرکەوتن گەیشتبوو، لە قۆناغی دووهەمدا بە جیاوازیی دەنگی پتر لە ١١ لەسەد شکستی خوارد. ئەم هەڵبژاردنانە لە باروودۆخێکدا ئەنجام دەدرێت کە لانیکەم لە ئۆکتۆبری ٢٠١٩ەوە ئەوەیکە وەک “مۆدێلی سەرکەوتووی شیلی” لە میدیاکانی بورژوازی لە هەموو جیهانی سەرمایەداریدا تەبلیغی بۆ دەکرا، لەگەڵ بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتیی جەماوەری لە لایەن دۆڕاوانی ئەم مۆدێلە بەرەوڕوو ببۆوە. مۆدێلێک کە لەسەری ئاڵای نێئۆلیبرالیسم هەڵکرابوو. لە ئێستادا دۆڕاوانی ئەم “بەهەشت”ە واتە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، لاوان، ژنان، خەڵکی خۆجێیی، کۆچبەرانی وڵاتانی دیکەی ئەمریکای لاتین، بڕیاریان داوە تا لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندا دەخاڵەت بکەن. ئەوان لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خۆیاندا، ئەو بەشە لە حیزب و هێزە دیمۆکرات مەسیحی و سۆسیال  مەسیحییەکان کە لە شکڵ و شێوەی ئۆپۆزیسیۆندا دەرکەوتبوون، وەلا نا و خستیاننە پەراوێزەوە. ئەوجار ئەوە “بەرەی بەرینی کەرامەتی ئینسانی” بوو کە هەنگاو بە هەنگاو مەیدانی دەگرتەوە. دوو ساڵ لەمەوبەر ئەگەرچی ڕێپێوانەکان لە ناڕەزایەتی دژبە چوونەسەرەوەی قیمەتی بلیتی مێترۆ، لە لایەن خوێندکارانەوە دەستی پێکرد بەڵام ڕیزی بەرینی خەڵکی ناڕازی و لە لایەکی دیکەوە هەڵسووکەوتی توندی هێزە سەرکوتگەرەکانی دەوڵەت، هەم وەبیرهێنەرەوەی دیمەنەکانی کوودتای پینۆشە دژبە دەوڵەتی سۆسیالیستی سالوادۆر ئالێندە و هەم وەبیرهێنەرەوەی خەباتێک بوو کە ڕووخانی دیکتاتۆری فاشیستیی بیست ساڵەی پینۆشەی لێکەوتەوە. لە هەمان ڕۆژانی یەکەم و دووهەمی ناڕەزایەتییەکان واتە لە ڕۆژانی ١٩ و ٢٠ی ئۆکتۆبردا لانیکەم سێ کەس لە ناڕازیان کوژران. ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە لایەن سەرۆک کۆمارەوە جەماوەری ناڕازیی نەگەڕاندنەوە ناو ماڵەکانیان. سەرەنجام لە سێهەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکان، دەوڵەت بڕیاری بردنەسەرەوەی قیمەتی بلیتی مێترۆی هەڵوەشاندەوە و خوازیاری گفتوگۆ لەگەڵ ناڕازیان بوو و ڕەزامەندیی خۆی لە ئاست پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک بۆ دووبارە نووسینەوەی یاسای بنەڕەتی کە لە کاتی دیکتاتۆریی پینۆشەوە دەستی لێنەدرابوو، ڕاگەیاند. ئەم کۆمیسیۆنە لە مانگی مەی ئەمساڵدا کاری خۆی دەستپێکرد. 

کەمتر لە دوو مانگ بەرلە هەڵبژاردنەکان بۆ جارێکی دیکە لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی ئۆکتۆبردا، شەقامەکانی شیلی مەیدانی خۆپیشاندانی هەزاران کەسی ناڕازی لە دووهەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی چەند حەفتەیی دژبە نیزامی لیبرالیی سەرمایەداری بوو. هەموو ئەوانە نیشانی دەدا کە کۆمەڵگا بەتەواو مانا لە نێوان لایەنگرانی بەرەی ڕاست و چەپ و میانەڕەودا جەمسەربەندی کراوە. ئەو کات میدیاکان ئەو وێنەیان نیشان دەدا کە گۆیا “دوو پۆپۆلیست” لە ڕاست و چەپی کۆمەڵگاوە بەڕیز بوون و کاتێکیش پاش قۆناغی یەکەمی هەڵبژاردنەکان، کاندیدی  بەرەی چەپ و کاندیدی ڕەوتی ڕاست چوونە قۆناغی دووهەمەوە، گۆڤاری ئێکۆنۆمیست وێڕای ئاگادارکردنەوە،  قۆناغی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی “هەڵەی ئاشکرای دەنگدەرانی شیلی” ناولێنا.

نەبوونی پێشڕەوی لە کۆمیتەی دووبارە نووسینەوەی یاسای بنەڕەتیی نوێ، دەرفەتێک بۆ بەرەی ڕاست بوو تا هەموو بەشەکانی بورژوازیی شیلی لە دەوری “ئانتۆنیۆ کەست” یەکگرتوو بکات. تەبلیغات لە دژی بەرنامە ئابوورییەکانی کاندیدی چەپ، تەبلیغات دژبە کۆچبەرانی ئەمریکای لاتین و بەتایبەت دژبە کۆچبەرانی هایتی، ژەهر ڕژاندن دژبە دانیشتووانی خۆجێیی و بەتایبەت خۆجێییەکانی “ماپوچە” وەک “سەرچاوەی هەموو خراپکارییەکان”، لەنابردنی ژینگە، تەبلیغات دژبە جیاباونی سێکسی و سەرەنجام “مەترسیی کۆمۆنیسم”، ماجوومێک بوو کە دەبوو هەموو باڵەکانی بورژوازیی شیلی لە دەوری “ئانتۆنیۆ کەست” بەڕیز بکات. بەڵام دەرکەوتنی لاوان، ژنان و خەڵکی خۆجێیی لە ئاستی بەرین لە ساحەی هەڵبژاردنەکاندا، چارەنووسیانی دیاری کرد. ڕێکخراوەکانی بواری ژنان بەرامبەر بە بەرنامەی بەتەواو مانا دژەژنی “ئانتۆنیۆ کەست”، داوای لە ملیۆنان ژن کرد کە لە “گابرییەل بۆریچ” پشتیوانی بکەن. ئەم بابەتە سەبارەت بە یەکیەتییە کرێکارییەکانیش هەر بەم شێوەیە بوو. “گابرییەل بۆریچ” بەڵێنی دابوو کە خسووسی سازی لە بەشی تەندرووستی و خانەنشینی دا هەڵوەشێنێتەوە.

لە ڕاستیدا جەمسەربەندیی کۆمەڵگا بەهۆی قەیرانی ئابووری و سیاسیی ساڵانی ڕابردوو نەتەنیا بەرەنگاربوونەوەی کاندیدا ڕاست و چەپەکانی پێکهێنابوو، بەڵکوو لەوەش بانتر، ڕووبەڕوو بوونەوەی چینە سەرەکییەکانی کۆمەڵگا واتە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی لەگەڵ خاوەنانی سەرمایەش لە گۆڕەپانی سیاسیدا لێکەوتبۆوە. ڕێک لەم ڕوانگەوە سەرەڕای وشیاریی نیسبیی لەئاست ماهییەتی ڕێفۆرمیستیی بەرنامەکانی “گابرییەل بۆریچ”، جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش ناتوانن بێ لایەن بمێننەوە.  بۆ ئەوان شکست دانی “ئانتۆنیۆ کەست” یەکەمین سەنگەر بۆ پێشڕەوییەکانی دواتر بوو. چونکە سەرکەوتنی “ئانتۆنیۆ کەست”، بۆ چینی کرێکار، بۆ لاوان، بۆ ژنان، بۆ دانیشتووانی خۆجێیی، بۆ شیلی و بۆ ئەمریکای لاتین بەمانای شکست بوو.

لەئێستادا بۆ چەپە ڕێفۆرمیستەکان کە ئاوات و ئارەزووەکانیان لە پەرلەمان و کایەکانی ناو پەرلەماندا دەبینن،  هەڵبژێردرانی “بۆریچ، سەرکەوتنێکی گەورەیە. بەڵام بۆ کۆمۆنیستەکان سەرکەوتنی خەڵک بە ڕێبەریی چەپی ڕێفۆرمیست دژبە ڕەوتە ڕاستەکان تەنیا و تەنیا یەک هەنگاوی ڕوو بە پێشەوەیە و هیچیتر. بەتایبەت نابێ لەبیرمان بچێتەوە کە “گابرییل بۆریچ” دەبێتە سەرۆک کۆماری وڵاتێک کە زۆربەی نوێنەرانی پەرلەمانی لە کەسانێک پێکهاتوون کە داکۆکیکارانی “پینیەرا” سەرۆک کۆماری ئێستا و نوێنەرانی بورژوازیی شیلی لە پەرلەمان دان. “بۆریچ” لە وتەکانی بە بۆنەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا، دەستخۆشی لەو کەسانەش کرد کە دەنگیان پێ نەدابوو کە گۆیا ” پابەندبوونی خۆیان بە ولاتەکەیان ڕاگەیاند”. ناوبراو ڕووبە باقیی کاندیداکان لەوانە ڕەقیبی سەرەکیی، واتە نوێنەری هەموو باڵەکانی بورژوازی وتی: “داهاتووی شیلی پێویستی بە هەموو ئێمەیە لە پێناو یەک ئامانج، ئەو ئامانجەش خەڵکە. هیوادارم بە پشت بەستن بە پشتیوانیی و بۆچوون و پێشنیارەکانیتان دەوڵەتی خۆ دەستپێبکەم. دەزانم سەرەڕای جیاوازییەکانی نێوانمان، بەتایبەت لەگەڵ “خۆزێ ئانتۆنیۆ کەست”، بەوە دەگەین کە چۆن لە نێوانماندا پرد لێ بدەین. پردێک بۆ ئەوەیکە هاووڵاتییانمان بتوانن باشتر بژین. چۆنکە ئەوەی ئێمە یەکگرتوو دەکات خۆشەویستیی ئێمەیە بۆ شیلی و خەڵکەکەی”. بەدەر لەوەیکە “بۆریچ” بە ناردنی ئەم پەیامە بەشوێن چ ئامانجێکەوەیە، هیچ بەرژەوەندییەکی هاوبەش لە نێوان بەرەی ڕاست و ئەو خەڵکەی کە بە دەنگی خۆیان “بۆریچ”یان ڕەوانەی کۆشکی سەرۆک کۆماری کرد، بوونی نییە. خودی ئەوەیکە قەرارە پردێک لە نێوان ڕاستی بورژوایی و جەماوەری ناڕازی لێ بدرێت، ئیدەیەکی مەترسیدارە کە دەتوانێ جەماوەری ناڕازی بەرامبەر بە دوژمنانیان تووشی خۆشباوەڕی بکات.

سەرەڕای هەمووی ئەمانە، ئەم سەرکەوتنە بۆ قاڕەیەک کە حەساری خەڵوەتی ئیمپریالیسمی ئەمریکا بە ئەژمار دێت و خاوەن مێژووی خوێناویی کوودتا و سەرکەوتنی ڕەوتی دەستی ڕاستی، ڕاسیستی و تەنانەت فاشیستیی لەجۆری پینۆشەیە، قاڕەیەک کە هەر گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە ئارایشی چینایەتییەکەیدا پێنتاگۆن و سیا هەستیار دەکات و ئەوان وەجمووجۆڵ دەخات و گوێیان تیژ دەکات، کەم بایەخ نییە. بەڵام نابێ ئەزموونەکانی ئێستا لەم بوارەدا، بەتایبەت سریزا لە یوونان و پودموس لە سپانیا فەرامۆش بکرێن. لە یوونان بزووتنەوەیەک کە لە دڵی ناڕەزایەتیی و مانگرتنی درێژماوەدا شکڵی گرتبوو و “سیپراس”ی لە سەرووی “سریزا”وە بەدەسەڵات گەیاند، چلۆن بوو بە کارگێڕی ئەو سیستەمەی کە قەرار بوو بەرەنگاری بێتەوە.

بێگومان ڕەوتی باروودۆخەکە بەم بابەتەوە گرێ دراوە کە ئەو بزووتنەوە کرێکاری و ناڕەزایەتییەی کە بەشانی خۆی “گابرییەل بۆریچ”ی هەڵگرت و لەسەر کورسیی سەرۆک کۆماریی دانا، تا چ ڕادەیەک بەسەر خۆشباوەڕییەکانیدا زاڵ دەبێت و شەقام تەسلیمی پەرلەمان ناکات.