فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردن لە کوردستان و پێویستیی خەباتی یەکگرتووانە
یەکشەممە ۳۰-۰۸-۱۴۰۰   |  21-11-2021

لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی مانگی گەڵاڕێزانەوە پتر لە ٤٠ کەس لە هاووڵاتییان، لاوان و چالاکانی مەدەنی لە شارەکانی کوردستان لەوانە سنە، مەریوان، سەقز و بانە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی گشتیی ئیتلاعاتی ئۆستانی کوردستان دەستبەسەرکراون. دەستبەسەرکردنی زۆربەی ئەم هاووڵاتییانە بەکۆمەڵ بووە. هێزە ئیتلاعاتییەکانی سنە بە بێ حوکمی قەزایی لە ئاوایی “نیەر” وێڕای دەستبەسەرکردنی چوار کەس بە ناوەکانی زانیار مەنبەری، میلاد مەنبەری، ئارەش مەنبەری و سەیوان مەنبەری، دەستیان داوەتە پشکنینی ماڵ و زەوت کردنی کەلوپەلی شەخسیی ئەم هاووڵاتییانە. هاوکات هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی شاری سنە بەناوی ئارام مۆرادیان کە پێشتر لە ڕێکەوتی حەوتی مانگی گوڵانی ئەمساڵدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو و پاش ١٣٠ ڕۆژ بە قەراری وەسیقەی ٢٥٠ ملیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازادکرابوو، پاش بانگکرانی بۆ لقی دووی لێکۆڵینەوەی دادسەرای گشتیی سنە، دیسان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرایەوە. لە درێژەی ئەم دەستبەسەرکردنانەدا، لە ئاواییەکانی “چۆمان”، “نەمشیر”، نەجنە” و “کوپیچ”ی سەربە شارستانی بانە ١٧ کەس، لە ئاوایی “نەی”ی سەربە شاری مەریوان ٦ کەس و لە ئاوایی مەلقەرەنی”ی شاری سەقز دوو کەس دەستبەسەر کران. ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی مانگی گەڵاڕێزان دوو هاووڵاتی لە پیرانشار بەناوەکانی جەهانگیر ساغەرنیا و خەبات خەتیال لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کران. وەک دەوترێ هێزە ئەمنییەکان لە شاری بانە لە ئامبۆڵانسی هێلالی ئەحمەر بۆ دەستبەسەرکردن و گواستنەوەی هاووڵاتییان بۆ گرتووخانە ئەمنییەکان کەڵکیان وەگرتووە.

لە لایەکی دیکەوە دوو کەس بە ناوەکانی ئەسعەد ڕامین و داوود ڕەحیمی کە لە دەهومی مانگی خەرمانان لە شارستانی نەغەدە دەستبەسەرکرابوون، لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای ورمێدا گیانیان بەختکرد. ئەم دوو هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەکردندا بە تۆمەتی ئەندامییەتی لە یەکێک لە حیزبە سیاسییەکانی کوردستان، ئۆتۆمبێلەکەیان درابووە بەر دەستڕێژی گولـله. ئەوان بە برینداری بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ ڕاگوێزرابوون و لە مافی بەندکراو و مافی دەرمان بێبەری کرابوون. ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەم دوو زیندانیە ئێعدامکراوە کردووە کە حەقیان نییە ڕێوڕەسمیان بۆ بگرن. هەروەها لە وڵام بە خواستی بنەماڵەکەیان واتە تەحویل وەرگرتنی تەرمی ڕۆڵەکانیان پێیان وتراوە کە: “هیچ تەرمێک لە کاردا نییە و هەر ئەوەندە بەسە کە بزانن ئەم کەسانە ئیتر زیندوو نین”.

خەڵکی کوردستان باش دەزانن کە شەپۆلی دەستبەسەرکردن و کوشتنی بەندکراوان لە زیندان و گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها ڕادەست نەکردنی تەرمەکانیان و ناشتنی بەنهێنیان لە شوێنی نامەعلووم، بابەتێکی تازە نییە. لە سەرەتای دەستبەکارکردنی دەوڵەتی سێزەدەهەمی ئیبراهیم ڕەئیسی، ئەمە دووهەمین جارە کە شەپۆلی دەستبەسەرکردنی بەرین لە شارەکانی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسداران بە بیانووی بێبنەما لەوانە: تەبلیغ دژبە نیزام، کۆبوونەوە و تەبانی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان ئەنجام دراوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی پاش ٤٢ ساڵ دەسەڵات بە بەرەو دواوە بردنی کۆمەڵگای ئێران و توندکردنەوەی نەهامەتییەکانی سەرمایەداری لەوانە  هەژاری، بێکاری، گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر و ئازارە کۆمەڵایەتییەکان، مەشرووعییەتی خۆی لەدەست داوە و بەرەوڕووی شەپۆلی بەردەوامی مانگرتنی کرێکاری و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بووەتەوە. ڕەشبگیریی بەرین و ئێعدامی بەندکراوانی سیاسی بەشێک لە ستراتێژی سەرکوتی بەرینی دەوڵەتی ڕەئیسی بۆ زەمانەتکردنی مانەوەی  ڕژیمە. دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی چالاکانی سیاسی لە لایەن دەزگا  ئەمنییەکان بەدەر لە ماهییەتی سەرکوتگەرانە، نیشانەی ئەوەیە کە هێزە ئەمنییەکان لە چالاکیی کۆمەڵایەتی، لە خۆڕێکخستنی هاووڵاتییان، لاوان و چالاکانی بوارە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان یەکجار دەترسێن. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕابردووشدا بەتایبەت لە قۆناغگەلێک کە سیاسەتی کۆنەپەرستانەی لە ئاستی جیهان و ناوچەکەدا بەرەوڕووی شکست و بنبەست بووەتەوە، دەستی کردووە بە پەرەپێدانی زەبروزەنگ و بە هۆکاری بێبنەما و بەشێوەی بەرین، هاووڵاتییانی دەستبەسەرکردووە.

ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ماشێنی سەرکوتی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران کارایی ڕابردووی خۆی لەدەست داوە و لەڕێگەی سەرکوت، دەستبەسەرکردن، زیندانیکردن و ئێعدام ناتوانێ پاشەکشە بە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بکات. ڕژیمی ئیسلامی پاش ٤٢ ساڵ دەسەڵاتی جەنایەتکاری خۆی، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی دەستبەسەرکردنی ئامانجدار، بە داسەپاندنی گوشار بەسەر چالاکانی پێشڕەو و بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە کوردستان، سەرەتاییترین مافەکانیان لێ زەوت بکات. ڕژیمی ئیسلامیی ئێران دەبێ بزانێ کە چالاکانی بوارە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان سەردەمی ترس و خوف لە ڕژیمی جەنایەتکاری ئیسلامییان وەپشت سەر ناوە. بێگومان تەنیا فاکتۆرێک کە دەتوانێ ماشێنی سەرکوتی ڕژیم لەکار بخات خۆڕاگریی گشتیی کۆمەڵگا بەرامبەر بە هەرجۆرە گوشارێکە دژبە چالاکانی سیاسی. خەڵکی کوردستان لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی چەندین مانگرتنی سەرتاسەری لە شارە کوردنشینەکان، لە ناڕەزایەتی بە ئێعدام و دەستبەسەرکردن، خاوەنی ئەزموونی خەباتکارانەی جێگای متمانەن بۆ ڕێکخستنی سەرتاسەری و گۆڕینی هاوسەنگیی هێز بە قازانجی کۆمەڵانی ئێران. لەسەر ئەم بنەمایە، چالاکان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری، چالاکانی ژینگەپارێز، چالاکانی بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانیتر لە کوردستان، دەتوانن بە دەرس وەرگرتن لە ئەزموونەکانی ڕابردووی خۆیان لە بواری پێکهێنان و ڕێکخستنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەرتاسەری و بە دەورونەخش نواندنی خۆیان، پاشەکشە بە ماشێنی سەرکوتی ڕژیمی جەنایەتکاری ئیسلامی  بکەن. لە وەها باروودۆخێکدا پێویستە هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و باقیی حیزب و هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان و هەموو مرۆڤە چەپ و خەباتکارەکانی کوردستان لە پێوەند و هاوکاری و هاوفکریی زیاتر لەگەڵ یەکتر، بە هەڵسەنگاندنی واقعبینانەی کەشوهەوای کۆمەڵگا و بە هەوڵی کردەوەیی بیرلێکراوە، بۆ هێنانە مەیدان و بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتیی جەماوەری خەڵکی کوردستان هاوکات لەگەڵ شارەکانی دیکەی ئێران، بەستێنسازی بکەن.