ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوە، هەواڵێک لە سۆشیال میدیا بڵاوکرایەوە کە بەپێی ئەم هەواڵە ڕێژیم بەربەستی نوێی بەسەر ژمارەیەکی زۆر لە بەکارهێنەرانی ئینتەرنێتدا سەپاندووە. ئەم سنووردارکردن و پەکخستنەی ڕژێم کە “قفڵی منداڵان”ی پێ دەوترێت، لەسەر زۆرێک لە مۆتۆرەکانی گەڕان، لەوانە گووگڵ و بینگی مایکرۆسافت بەکارهێندراوە. لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت هەرکات لە گووگڵ یان مۆتۆرێکی دیکەی گەڕان بەدوای سایتە دڵخوازەکانیاندا دەگەڕێن، ڕووبەڕووی دەقی “گەڕانی ئەمن” دەبنەوە کە بە شێوەی دیفۆڵت چالاک کراوە و گەڕانی سنووردار کردووە و بە بێ فیلتێرشکێن لەکار ناخرێت. ئەم کردەوەیە لەلایەن کۆمپانیای “پەیوەندی ژێرخانی”ی ڕێژیمەوە لە ئاستی سەرانسەریدا بە مەبەستی بێبەشکردنی بەکارهێنەران لە دەستڕاگەیشتنیان بە هەواڵ و پرسە سیاسییەکان ئەنجام دراوە. “گەڕانی ئەمن” فۆنکسیۆنێکە کە هەندێک جار لە وڵاتانی دیکەدا چالاک دەکرێت بۆ ئەوەی منداڵان و بەکارهێنەرانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ نەتوانن بە هەندێک کلیپ یان بەرنامە کە ناوەڕۆکێکی نەشیاویان بۆ منداڵان هەیە، دەستیان ڕابگات.
ئەم کارەی دەوڵەت دەرئەنجامی دوا فەرمانی خامنەییە کە لە ڕێکەوتی ٧ی خاکەلێوەدا جارێکی دیکە توڕەیی و نەفرەتی خۆی لەئاست بوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فەزای مەجازی دەربڕی. خامنەیی لەمێژە لە بابەتی هەواڵ و هۆشیاریدا هەوڵ دەدات خەڵک لە بوونی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فەزای مەجازی بێبەش بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە. ساڵی ڕابردوو خامنەیی بە گاڵتەجاڕی و توڕەییەوە ڕوو بە بەرپرسانی ڕێژیم وتی: “شانازی دەکەین کە وازمان لە فەزای مەجازی هێناوە، ئەمە جێگەی شانازی نییە”. هەروەها ئەمساڵیش بەم ڕستەیە کە “فەزای مەجازی ئەمنییەتی دەروونیی خەڵکی لەناوبردووە”، ڕوو بە دەزگای قەزایی خوازیاری هەڵسووکەوت لەگەڵ فەزای مەجازی بوو و وتی: “ئەگەر تا دۆینێ تەنیا ڕۆژنامەکان بوون کە ئەم کارەیان دەکرد ئێستا فەزای مەجازیش زیاد بووە. هەرچەند وەخت جارێک دەنگۆیەک لە فەزای مەجازیدا بڵاودەبێتەوە و خەڵک نیگەران دەکات. یەکێک لە ئەرکەکانی دەزگای قەزایی هەڵسووکەوت کردن لەگەڵ ئەم مەسەلەیە. ئێستا یاساتان بۆی نییە، بڕۆن خێرا یاسایەکی بۆ ئامادە بکەن”.
پەلەی خامنەیی بۆ دانانی یاسا لە حاڵێکدایە کە گەڵاڵەی ناسراو بە “سیانەتی فەزای مەجازی” کەوتووەتە دەستووری کاری مەجلیسەوە. عیسا زارع پوور، وەزیری پەیوەندییەکان و فەناوەریی ئیتلاعاتی ڕێژیم، ڕۆژی ٦ی خاکەلێوە بەڵێنی دا کە دوو هەفتەی تر “ئینتەرنێتی ئەمن” بۆ منداڵان و تازەلاوان ئامادە دەکرێت، بەجۆرێک کە لە کاتی بەکارهێنانی ئینتەرنێتدا تەنیا ئەو ماڵپەڕانە بەردەستن کە لە لیستی وەزارەتی ئیرشادی ڕێژیم دان. هەروەها سێشەممەی ڕابردوو، لە کۆبوونەوەی “ئەنجومەنی باڵای فەزای مەجازی” بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم ڕەئیسی، بڕیاردرا کە “وێبگەڕ و مۆتۆری گەڕانی ناوخۆیی وەڕێ بخرێت. بێ گومان ئەم پیلان و هەوڵەی ڕێژیم، وەک پیلانەکانی دیکەی ڕابردووی، بۆ نموونە “پێکهێنانی گوردانی سایبێری”، “ئینتەرنێتی میللی”، “فیلتێرکردنی هۆشمەند و ناهۆشمەندی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان”، “پیلانی سیانەت یان پاراستنی بەکارهێنەرانی فەزای مەجازی” ، شکست دەهێنێت. پیلانە پڕهەزینەکانی ڕێژیم لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بۆ جێخستنی مۆتۆری گەڕانی ناوخۆیی لەوانە “پارسی جوو، سەلام، گۆرگۆر، یووز و ئەوانی تر لەلایەن خەڵکەوە بایەخیان پێ نەدرا و بەرەوڕووی شکست بوونەوە و دەزگای تەبلیغاتیی درۆ و فریو و کۆنەپەرستیی ڕێژیم نەتیوانیوە سەرەنجی خەڵک بەرەو خۆی ڕابکێشێت. ئەمجارەشیان خەڵک بۆ دەستڕاگەیشتن بە هەواڵ و زانیاریی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فەزای مەجازی، پیلانەکانی ڕێژیمیان پووچەڵ کردووەتەوە و سایت و ئەپلیکەیشێنی گەڕانی ئەمنی خۆیان دۆزیوەتەوە.
بەڵام نیگەرانیی و سەرلێشێواویی خامنەیی و باقیی سەرانی ڕێژیم لەخۆڕا نییە. ئەمە نەک ئەمنییەتی ڕەوانیی خەڵک بەڵکوو ئەمنییەتی خامنەیی و باقیی سەرانی حکوومەتی ئیسلامییە کە بە تۆڕی ئینتەرنێت کەوتووەتە مەترسییەوە. لە باروودۆخێکدا کە بەپێی دوایین ڕاپڕسییەکان زیاتر لە ٧٨ لەسەدی خەڵکی ئێران لانیکەم لە میدیا یان تۆڕێکی کۆمەڵایەتی کەڵک وەردەگرن، لە حاڵێکدا کە ڕۆژانە کرێکاران، موعەلیمان، ژنان، خانەنشینکراوان و باقیی توێژەکانی تری کۆمەڵگە لە ناڕەزایەتی دژبە بێکاری، گرانی، هەژاری، برسییەتی و دژبە پێشێلکردنی هەرجۆرە ئازادی و مافێکی ئینسانی لە نەبەرد و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕێژیم دان، لەحاڵێکدا کە ژنان بە هەشتەگی “حیجاب بێ حیجاب” لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یاسا و بەرنامەی کۆنەپەرستانە و دژەژنی ڕێژیمی ئیسلامیی واتە ڕۆژی “حیجاب و عیفاف” دەبەنە ژێر پرسیارەوە، لە حاڵێکدا کە شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکان” بە بانگهێشتێک لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناڕەزایەتیی سەرانسەری موعەلیمان و خانەنشینکراوان لە ئێران وەڕێ دەخات، خامنەیی و باقیی ڕێبەران و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی دەبێ لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فەزای مەجازی دوژمنایەتی بکەن و ٧٨ لەسەدی خەڵکی ئێران بە دوژمنی خۆیان بزانن.
١١ ساڵ لەمەوبەر بە فەرمانی خامنەیی ناوەندێکی نیزامی – ئەمنییەتی – تەبلیغاتی لەژێرناوی “ئەنجومەنی باڵای فەزای مەجازی” لە ئاستی باڵای حکوومەتدا شکڵی گرت کە لە (سەرۆک کۆمار، سەرۆکی دەزگای قەزایی، سەرۆکی مەجلیس، وەزیری دیفاع، فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران، فەرماندەی هێزی ئینتزامیی کۆماری ئیسلامی، دادستانی گشتی، و سەرۆکانی سەدا و سیما و سازمانی تەبلیغاتی ئیسلامی و وەزیری پەیوەندییەکان و وەزیری ئیتلاعات” پێکهاتووە تا ڕۆژانە لە ناوخۆ و دەرەوە دەست بدەنە کۆنتڕۆڵ و سانسۆڕی خەڵکی ئێران لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. بەڵام سەرەڕای هەمووی ئەم هەوڵانە هێستاش ٧٨ لەسەدی خەڵکی ئێران لەم تۆڕە کەڵک وەردەگرن و بۆ بەرەوپێشبردنی کار و خەباتی ڕۆژانەی خۆیان بەکاری دێنن و ئەوەش بە مانای شکستی ڕێژیم لەم بوارەدایە. بێگومان هەروەک هەتاکوو ئێستا ڕێژیم نەیتوانیوە بە سانسۆڕ و فیلتێرینگ و زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام بەربەم ڕەوتە بگرێت، لەمەش بەدوا سەرکەوتوو نابێت. لەبەر ئەوەیکە جەماوەری ملیۆنیی بەکارهێنەرانی وشیاری فەزای مەجازی لە ئێران دەتوانن لەم فیلتێرانەی ڕێژیم تێپەڕن و دیواری قەڵەشیوی سانسۆڕی ڕێژیمی ئیسلامی بەسەر سەریاندا بڕووخێنن.