فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

قوربانیکردنی خوێندکاران لە مەراسیمی حکوومەتیدا
سێشەممە ۱۹-۱۰-۱۴۰۲   |  09-01-2024

سێ ڕۆژ دوای دوو تەقینەوەی خوکوژی لە مەسیری گۆڕستانی کرمان لە کۆبوونەوەی حکوومەتی بەبۆنەی ساڵڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانیی جەنایەتکار، ڕۆژی شەممە ١٦ی مانگی بەفرانبار، شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سینفییەکانی مامۆستایان لە ڕاگەیاندنێکدا لەژێرناوی “خوێندکارانی کرمانی بوونەتە قوربانیی سیاسەتی تەبلیغاتی ئامووزش و پەروەرش”، نووسیی: ”میدیاکانی سەربە سپای پاسداران بەر لە بەڕێوەچوونی ئەم مراسیمە باسیان لە ئوردوویەکی دانش ئامووزی دەکرد لەژێرناوی “زائیری بەهەشت لە کرمان”. شۆرای هاوئاهەنگی ڕێکخراوە سینفییەکانی مامۆستایان لە کەناڵی تێلێگرامیی خۆیدا وێڕای ئاماژە بە تەبلیغاتی هەواڵنیرییە حکوومەتییەکان نووسیی: ”بەر لە بەڕێوەچوونی مەراسیمی ساڵڕۆژی قاسم سولەیمانی ئیدارەی گشتیی ئامووزش و پەروەرشی ئوستانی کرمان مەدرەسەکانی ئەم ئۆستانەی لە هەموو ئاستەکانی خوێندندا تەعتیل ڕاگەیاندبوو و بە بێ حزووری دایک و باوکی خوێندکاران، ئەوانی لەژێرناوی “ئوردووی دانش ئامووزی زائیری بەهەشت” بۆ مەراسیمی ساڵڕۆژی قاسم سولەیمانی بردبوو”. بەداخەوە لەم دوو هێرشە تیرۆریستییەدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک کوژران و برینداربوون.

مەقاماتی ئەمنیەتی و قەزایی ڕژیمی ئیسلامی لەم ماوەیەدا ئامار و بەیاناتی تاتەبایان لە ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی ئەم دوو تەقینەوەیە ڕاگەیاندووە. بەپێی دوایین ئاماری ڕژیم ٩٢ کەس لە جەریانی ئەم دوو تەقینەوە خوکوژییەدا کوژراون. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی هەمان ڕۆژ ڕایانگەیاند کە لە جەریانی ئەم دوو تەقینەوەیە ١٠٣ کەس کوژراون و زیاتر لە ٢٨٠ کەس برینداربوون. بەڕێوەبەری گشتیی ئامووزش و پەرورەرشی کرمانیش ئیعترافی کرد کە ٢٤ کەس لە کوژراوەکان خوێندکارانی قۆناغی دەبیرستان بوون. بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پزیشکی قانوونیی کرمان، بەداخەوە نزیکەی یەک لەسەر سێی قوربانییانی ئەم جەنایەتە تیرۆریستییە خوێندکارانی مەدرەسەکان بوون. سەرۆکی ئورژانسی کرمان لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێریی ئیرنا، گیانبەختکردنی منداڵێکی ٨ ساڵ تەمەنیشی ڕاگەیاند. ئەم قوربانییە بێدیفاعانە بەشێک لەو خوێندکارانە بوون کە بەپێی پلان و نەخشەی دەزگا تەبلیغاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی و بە دەستووری وەزارەتی ئامووزش و پەروەرش، بە ئیجبار بۆ مەراسیمی حکوومەتیی قاسم سولەیمانیی تیرۆریست بردرابوون. بەم ئیعتبارە، مەسئوولی مەرگی ئەم منداڵانە و باقیی قوربانییانی ئەم کارەساتە دڵتەزێنە ڕێبەران و کارگێڕانی کۆماری ئیسلامی، شەخسی عەلی خامنەیی و دەزگای ڕێبەریی سپای پاسدارانە.

سپای پاسداران و مەقاماتی قەزایی و ئەمنیەتیی ڕژیم هەروەک ڕابردوو و هاوشێوەی جەنایەتی چوار ساڵ لەمەوبەری بەردانەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی، ئەمجارەش بە دانی ئاماری ناڕاست و ناتەبا دەستیان کردووە بە ڕێکخستنی سێناریۆی دڵخوازی خۆیان لەم جەنایەتە دڵتەزێنە. مەقاماتی ڕژیم دەستبەجێ ئەم تەقینەوەیان بە ئیسرائیل نیسبەت دا، بەڵام یەک ڕۆژ دواتری داعش بەرپرسایەتیی ئەم دوو هێرشە خوکوژییەی گرتە ئەستۆ. هەروەها ڕۆژی شەممە ١٦ی مانگی بەفرانبار عەلی تەوەکولی سەرۆکی سازمانی قەزایی هێزە چەکدارەکانی کرمان لە کۆبوونەوەیەکی هەواڵنێراندا وتی: “لە پێشترەوە هەواڵ گەلێک لە هەڕەشەی دوژمن بە ئێمە گەیشتبوو و ١٦ بۆمبی ئامادەی تەقینەوە لە کرمان و زیاتر لە ٦٤ بۆمبیش لە سەراسەری ئێران دۆزرابووەوە، کە تایبەتی بۆ گوڵزاری شوهەدا و قەبری قاسم سولەیمانی دروست کرابوون و قەرار بوو لە مەراسیمەکەدا بتەقێندرێنەوە. لەئێستادا تاوانباران دەستگیر کراون”. بە ئیعترافی عەلی تەوەکولی هەموو دامودەزگا نیزامی و ئەمنیەتییەکانی ڕژیم لە زۆر پێشترەوە بۆ مەراسیمی ساڵگەردی قاسم سولەیمانی ئامادەکارییان کردبوو. بێجگەلە ئەمە ٥٠٠ کەسی تر لە هێزە ئەمنیەتییەکانی سپا لە ئۆستانەکانی دیکەوە بۆ بەرقەرارکردنی ئەمنیەتی ناوچەکە ڕەوانەی کرمان کرابوون. ئەم وتانە هەمان شەو لەلایەن دادستانی ئۆستانی کرمانیش لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی تەلەڤیزیۆنیی کرمان پشڕاست کرایەوە. بەڵام لەو جێگەوە کە دەزگا ئەمنیەتییەکان ئەم وتانەیان بەپێچەوانەی سێناریۆکانی خۆیان و بە زیانی دەزگا ئەمنیەتی و نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی دەبینی، کە بە زاهیر ئیدیعای “ئیقتدار و ئیشرافی ئەمنیەتی” بەسەر هەموو ئێران و تەنانەت ناوچەکەشدا دەکەن، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی مانگی بەفرانبار سپای ساروڵڵا لە ڕاگەیاندنێکدا کە لە هەواڵنێریی فارس بڵاوکرایەوە، وتەکانی سەرۆکی هێزە چەکدارەکان و دادستانی کرمانی درۆ و دەنگۆ ناولێنا و ئیدیعای کرد کە ئەسڵەن دانانی بۆمب لەئارادا نەبووە.

ڕژیمی تاوانکار و دەرماندەی کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا گەلێک جار نیشانی داوە کە بۆ پێشخستنی ئامانجە سیاسییەکانی، لە ئەنجامدانی هیچ جەنایەتێک تەنانەت لە کایەکردن بە گیانی منداڵیش دەست ناپارێزێت. جەنایەتی دڵتەزێنی بەکارهێنانی منداڵان لەلایەن ڕژیمی ئیسلامییەوە بۆ خونساکردنەوەی مەیدانەکانی مین لە ٨ سال شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێراق هیچ کەس فەرامۆش ناکات. ئەوەیکە هەتا ئێستا مەسئوولانی نیزامی و ئەمنیەتی و دەوڵەتیی ڕژیم لە پێوەند لەگەڵ جەنایەتی کرمان تەحویلی خەڵکیان داوە، درۆ و شانتاژی “تۆڵەسەندنەوە” و دەستگیری بووە. سەلامی فەرماندەی سپا وتی: «تۆڵەی کوژراوەکان بەر لە شەهادەتیان ئەستێندراوەتەوە”. ئیبراهیم ڕەئیسیی قاتڵ ڕۆژی هەینی دەستی کرد بە هەڵیت و پڵیت و وتی: «لەمبارەوە خەڵک دڵنیا و ئاگادار بن کە ئیبتیکاری عەمەل لەدەستی هێزە چەکدارەکانی ئێمەدایە و کات و شوێن دیاری دەکەن”. وەزارەتی ئیتلاعات ئاماژەی بە دەستگیرکردنی ١٢ کەسی مەجهول لە شەش ئۆستان کرد. لە پەنا ئەم تەبلیغاتە درۆیینەوە، دەزگا ئەمنیەتییەکان دەستیان کردووە بە هەڕەشە و دەستگیرکردنی خەڵکی ناڕازی و داخستنی ئەکاونتی کەسانێک کە لەمبارەوە لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕەخنە لە ڕژیم دەگرن.

ئەم هێرشە تیرۆریستییەی داعش، ئاکام و دەرئەنجامی سیاسەت و کردەوەی تیرۆریستیی و دژەئینسانیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوەوە و دەرەوەی ئێرانە. ئاکامی بێتوانایی و داماوبوونیەتی لە دابینکردنی ئەمنیەتی مەراسیمە حکوومەتییەکان کە بەداخەوە دووکەڵەکەی ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو چاوی خەڵکی ستەمدیدەی ئێرانەوە. حکوومەتی دەرماندەی کۆماری ئیسلامی لە سەروبەندی شانۆی هەڵبژاردنەکانیدا دەیهەوێ لەم عەمەلیاتە تیرۆریستییە بۆ مەزلووم نەمایی و بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی لە ئەوزاعی فەلاکەتباری ژیان و جەنایاتێک کە خۆی بەدژی خەڵکی ئێران ئەنجامی داوە و بۆ پەرەپێدان بە فەزای ئەمنیەتی لەناو کۆمەڵگا کەڵکی لێ وەربگرێ. بەڵام بێگومان جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بە ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی ئەم ئیجازەیە نادەن.