ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕەزبەر، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان بڵاوی کردەوە، بەهۆی بۆردومانەکانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری بەیرووت پایتەختی ئەم وڵاتە، ٢٢ کەس کوژران و ١١٧ کەسی دیکەش برینداربوون.
هاوکات مێدیاکانی لوبنان بڵاویان کردەوە، لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممەوە ئیسرائیل چەندین شار و شارۆچکەی لە لوبنان بۆردومان کردووە. لەم پێوەندەدا، جینین هێنیس پلاسخارت، ڕێکخەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “لوبنان ڕووبەڕووی ململانێ و قەیرانێکی مرۆیی کارەساتبار بووتەوە و هیوای خواست کە ئیسرائیل شەڕەکە ڕابگرێت”. هەروەها ڕێکخەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان، ڕایگەیاندووە، لوبنان ڕووبەڕووی یەکێک لە خوێناویترین قۆناغەکان بووەتەوە لە مێژووی خۆیدا. ئاماژەی بەوەش داوە، 600 هەزار کەس لە ناوخۆی وڵات ئاوارە بوون کە زیاتر لە 350 هەزار کەسیان منداڵن.