بەهۆی ڕەچاو نەکرانی ئەمنییەتی شوێنی کار، لە ماوەی هەشت ڕۆژدا، چوار کرێکار لە شارەکانی تاران، کرماشان، مەریوان و یولاگەلدی سەر بە شاری ماکۆ گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوی ئەو کرێکارانە “محەممەد دارایی، محەممەدئەمین کاریگەر، محەممەد ئەفغان و بورهان ڕەنجبەر” ڕاگەیەندراوە. ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی سەرماوەز، محەممەد دارایی، خەڵکی گوندی دەلەک سەر بە شاری دێهگولان بەهۆی ڕووداوی کار لە کارگەیەکی بەردبڕیندا گیانی لە دەستدا. هەروەها ڕۆژی هەینی ١٠ی سەرماوەز، بورهان ڕەنجبەری، کرێکاری خەڵکی گوندی کولیژی شاری مەریوان لە کاتی کارکردن لە بینایەکی مەریواندا، بەهۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی، گیانی لە دەستدا. پێشتریش واتە ڕۆژی سێشەممە ٧ی سەرماوەز، “محەممەدئەمین کاریگەر”، دانیشتووی گەڕەکی دەوڵەتئاوای کرماشان، بەهۆی سووتان لە ئەنجامی تەقینەوەیەکدا لە دووکانێکی مکانیکی ئۆتۆمبێل، گیانی لەدەستدا. لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی سەرماوەز، محەممەد ئەفغان، کرێکاری خەڵکی گوندی میلی و دانیشتووی شاری یولاگەلدی سەر بە شاری ماکۆ، دوای ئەوەیکە بۆ ماوەی دوو حەفتە لە نەخۆشخانەدا خەوێندرابوو گیانی لە دەستدا. ئەو کرێکارە تەمەن ٤٦ ساڵە کە باوکی چوار منداڵ بووە، لە کاتی ئارماتۆربەستن لە قاتی دووەمی بینایەکدا، کەوتبووە خوارێ و بەسەختی بریندارببوو.