کرێکارانی گرووهی میللیی فوولادی ئەهواز ڕۆژی شەممە ٧ی مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٢ لە پێنجەمین ڕۆژی مانگرتنی خۆیاندا لە بەرامبەر ئۆستانداریی خووزستان و فەرمانداریی ئەهواز دەستیان دایە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی. بەدوای وەدینەهاتنی بەڵێنەکانی بەڕێوەبەرایەتی گروهی میللیی سەنعەتیی فوولادی ئەهواز سەبارەت بە جێبەجێکردنی ڕێزبەندیی پیشە، ڕۆژی سێشەممە، سێی مانگی ڕێبەندان، کرێکارانی ئەم کۆمەڵگە پیشەسازییە، بە ڕاگرتنی بەرهەمهێنان لە هەموو هێڵەکاندا، خولێکی دیکەی مانگرتنە شکۆمەندەکەیان دەستپێکرد. کرێکاران کاتێک بڕیاری مانگرتنیان دا کە ڕۆژی شەممەی هەفتەی ڕابردوو بەڕێوەبەرایەتیی شیرکەت داوای دوو ڕۆژ مۆڵەتی کردبوو، بەڵام لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەم مۆڵەتە، شیرکەت لەجیات وڵامدانەوە بە خواستی کرێکاران ڕۆژێکی تریشی فورسەت داوا کردبوو. کرێکاران کە لە ئەزموونی کردەوەیی خۆیاندا وەختکوژیی بەردەوام و جیددی نەبوونی خاوەنکار و بەڕێوەبەریان لە جێبەجێکردنی ئەم گەڵاڵەیەدا بینیبوو و زانییان کە بەڕێوەبەرایەتیی شیرکەت لەجیات جێبەجێکردنی گەڵاڵەی ڕیزبەندیی پیشە، بە وادە و بەڵێنی پووچ و بێبنەما داواکاریی کرێکاران پشگوێ دەخات، بڕیاریان دا چەرخەکانی بەرهەمهێنان لە هەموو هێڵەکاندا ڕابگرن.
کرێکارانی مانگرتوو ڕایانگەیاند کە ئەم مانگرتنە هەتا ڕۆژی شەممە حەوتی ڕێبەندان درێژەی دەبێت و هیچ جۆرە چالاکییەک لەوانە بەرهەمهێنان، بەتاڵکردنی مەوادی ئەوڵییە و بارکردنی بەرهەمەکان ئەنجام نادرێت و ئەگەر مودیریەت لە ئیجرای ئەم تەرحەدا هەوڵێکی جیددی نەدات، ڕۆژی شەممە سەبارەت بە چۆنیەتی و شێوەی ئیدامەی مانگرتن بڕیاری جەمعی دەدەن. ڕۆژی شەممە ٧ی مانگی ڕێبەندان کرێکارانی فوولاد ڕایانگەیاند کە دەستەی بەڕێوەبەری مافیایی کارخانە نەتەنها حازر بە ئیجرای گەڵاڵەی ڕبزبەندی نین بەڵکوو سەرەڕای ڕێکەوتنی پێشوو بە پێشنیاری پێدانی ٥ لەسەد لەجیاتی ٥٠ لەسەد، بەئاشکرا بە کرێکارانی شەریفی گرووهی میللی و خانەوادەکانیان تەوهین دەکەن. دوای ئەوەیکە بەڕێوەبەرایەتیی کارخانە بە ژێرپێنانی ڕێکەوتنەکانی پێشوو لەگەڵ کرێکاران ئامانج و نیەتی ڕاستەقینەی خۆی لە وەختکوژیی بەردەوام ئاشکرا کرد، کرێکارانی فوولاد بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی گشتی لە چوارچێوەی کارخانە بەدژی پێشنیاری بێشەرمانەی دەستەی بەڕێوەبەری بڕیاریان دا مانگرتن درێژە بدەن و بڕۆنە سەر شەقام. کرێکارانی مانگرتوو ڕایانگەیاند کە گەلێک جار لێبڕاوانە نیشانمان دا کە ئێمە کرێکاران لەسەر بەرژەوەند و مافەکانی خۆمان زەڕەیەک کۆتا نایەین و ئەمجارەش وڵامی فریوکاری و جێبەجێ نەکردنی بەڵێنەکان لەسەر شەقامەکانی ئەهواز دەدەینەوە.
شەپۆلی نوێی مانگرتنی کرێکارانی فوولادی ئەهواز لە درێژەی ناڕەزایەتیی مانگی خەزەڵوەر و مانگرتنی ٨ی ڕۆژە و شکۆمەندی کرێکاران لە مانگی بەفرانباردا ڕێکخراوە. کرێکارانی ئەم ناوەندە سەنعیەتیی ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٢ لە ئیعتڕاز بە بایەخنەدانی بەڕێوەبەرایەتیی شیرکەت بە خواستەکانیان لە دەوروبەری شیرکەت کۆبوونەوە و ڕێپێوانی ناڕەزایەتییان بەرپاکرد و ڕایانگەیاند: “ئەگەر سەرەتای مانگی بەفرانبار خواستی ئێمە کرێکاران واتە ئیجرای کامڵی گەڵاڵەی ڕیزبەندی و هاوسانسازیی حقووق نەیەتە دی، بە بێ بایەخدان بە هەر جۆرە هەڕەشە و بەڵێن و هەر میزان واریزی، پەیگیری مانگرتن دەبین.” لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەم مۆڵەتە و دوای ئەوەیکە عەلی محەممەدی مودیر عاملی گەندەڵی گرووهی میللیی سەنعەتی فوولادی ئەهواز ٢١ کرێکاری لە چوون بۆناو شیرکەت قەدەغە کرد و گەڵاڵەی ڕیزبەبەندیی پیشەی بەڕێوەنەبرد، بەیانیی ڕۆژی شەممە ٢ی مانگی بەفرانباری ١٤٠٢ کرێکارانی گرووهی میللیی فوولاد یەکپارچە دەستیان دایە مانگرتن و لە هەموو بەشەکاندا هێڵەکانی بەرهەمهێنانیان ڕاگرت.
خواستە سەرەکییەکانی کرێکارانی فوولاد کە بەڕێوەبەرابەتیی گەندەڵی کارخانە بە وەختکوژی بەردەوام و بە ژێرپێنانی ڕێکەوتنەکانی پێشوویان خۆی دەدزێتەوە، ڕوونە. گرینگترین خواستی کرێکاران جێبەجێکردنی کامڵ و دەستبەجێی ڕیبەندیی پیشەکان، هاوسانسازیی حەقدەستەکان بەرابەر لەگەڵ کرێکارانی شیرکەتەکانی فوولادی دەوروبەر بەپێی خەرجی ژیانی خانەوادەیەکی چوار کەسی، قەراردادی کردنی هەموو کرێکارانێک کە بە قەراردادی کاتی کار دەکەن، لەسەرکارلاچوونی بەڕێوەبەری گشتیی گەندەڵ و ئەستاندنەوەی خاوەنداریەتی لە بانکی میللی، بەشداریی کرێکاران لە بەڕێوەبردنی شیرکەت و شەفافیەتی تەرازنامەی ماڵیی شیرکەت کە هی خەڵک و هەموو کۆمەڵگایە.
کرێکارانی فوولادی ئەهواز لە جەریانی مانگرتنی ٨ ڕۆژە و شکۆداری خۆیان لە مانگی بەفرانبار هەروەک لە جەمعبەندیی دەستکەوت و بەربەستەکانی مانگرتندا تەئکیدیان کرد، بە پێکهێنانی هاوئاهەنگیی تەواو لە نێوان هەموو شیفتەکان و هەموو بەشەکانی کارخانە، بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی گشتیی پڕگڕوتین و کاریگەر، بە هەڵبژاردنی نوێنەر بۆ وتووێژکردن، بە تێکەڵکردن و هاوکاریی هێزی قەراردادی و پەیمانکاری، بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ڕەنگدانەوەی بەرینی میدیایی، بە پشتیوانیی بیروڕای گشتیی و بە گرتنەوەی هاوکاتی کارخانە و شەقام توانییان پاشەکشە بە بەڕێوەبەرایەتیی گەندەڵی کارخانە بکەن و بەشێک لە خواستەکانیان بسەپێنن. کرێکارانی فوولاد بە پاراستنی یەکپارچەیی و یەکڕیزیی خۆیان و بە ڕێکخستنی وشیارانەی مانگرتن، فشاری هێزی ئینتزامی و فشاری بانگ کردنی شەو و ڕۆژیی کرێکارانی مانگرتوو بۆ ناوەندە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکان و پڕوپاگەندەی میدیایی دژبە مانگرتنیان پووچەڵ کردەوە. لە بارودۆخی ئێستاشدا کرێکارانی فوولاد بە پشت بەستن بەم ئەزموونە بەنرخانەی مانگرتنی ٨ ڕۆژەی مانگی بەفرانبار، بە پشتن بەستن بە یەکگرتوویی و یەکڕیزیی خۆیان و بە دەخاڵەتدانی ڕاستەوخۆی کرێکاران لە بڕیاردان لەڕێگەی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی گشتی دەتوانن پیلانی بەڕێوەبەرایەتیی گەندەڵی ئەم شیرکەتە و ناوەندە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕژیم پووچەڵ بکەنەوە و سەرکەوتنی مانگرتن زەمانەت بکەن.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran
www.instagram.com/Peshrawcpirn