لێدان و ئەشکەنجەی کۆڵبەرێک لە لایەن هێزەکانی ڕژیم لە سنووری بانە
دوشەممە ۱۱-۰۴-۱۴۰۳   |  01-07-2024
بەپێی زانیارییەکان، ڕۆژی شەممە ٩ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێک بەناوی شێزاد چاوشینی تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی شاری بانە، لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ڕژیم جێگیر لە سنووری “هەنگەژاڵ”ی بانەوە دەستبەسەر و بە سەختی ئەشکەنجە دراوە.
شایانی باسە، ئەو هێزانە دەستیان بەسەر مۆبایل و بڕی پارەی هەزار و ٢٣٠ دۆلاری ناوبراودا گرتووە. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە چەکدارەکان دوای ئەشکەنجەدانی ئەو کۆلبەرە لاوە ئازادیان کردووە و لە پشتەوە بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لێکردووە کە لە ئەنجامدا لە بەشی پشت، ڕان، لاق و سمتی بە سەختی بریندار کراوە. جێگای ئاماژەیە، ئەو کۆڵبەرە ئێستا لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری بانە لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.