فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکانی فڕۆکەخانەی خومەینی لە ساڵح نیکبەخت و دەستبەسەر داگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤ
شەممە ۰۲-۱۰-۱۴۰۲   |  23-12-2023

ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١ی بەفرانبار، هێزە ئەمنییەکانی فڕۆکەخانەی خومەینی تاران، لە کاتی گەڕانەوەی ساڵح نیکبەخت لە فەرانسە بۆ ئێران و گەیشتنی بەو فڕۆکەخانەیە، دەستبەسەر و لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەی لێ کراوە و هەروەها خەڵاتی ساخارۆڤ کە لە لایەن پەرلەمانی ئۆرووپا بە ژینا ئەمینی بەخشرا و ناوبرا بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەی ئەمینی وەریگرتووە هاوکات لەگەڵ پاسپۆرت و موبایل و کۆمەڵێک کەلوپەلی تاکەکەسیی دیکەی خۆی لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
ساڵح نیکبەخت لە ٢١ی سەرماوەز، بەهۆی قەدەغەکردنی چوونە دەرەوەی بنەماڵەی ژینا ئەمینی لە کوردستان و ئێران، بە نوێنەرایەتیی ئەو بنەماڵەیە بە شێوەی یاسایی بەشداریی لە ڕێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤ کرد و ئەو خەڵاتەی کە بە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادی بەخشراوە، وەرگرت.
ڕێوڕەسمەکە لەناو پەرلەمانی ئۆرووپا کە لە شاری ستراسبۆرگی فەرانسە بەڕێوەچوو، ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ئەمینی و هەروەها ئەفسوون نەجەفی، خوشکی حەدیس نەجەفی و مێرسێدە شاهینکار کە پارێزەرێکی قوربانییانی بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادییە، خەڵاتەکەیان وەرگرت. هەرچەندە پەرلەمانی ئۆرووپا بنەماڵەی ژینا ئەمینی بۆ بەشداریکردن لەم ڕێوڕەسمەدا بانگهێشت کردبوو، بەڵام ڕۆژی هەینی ٨ی دیسەمبەر بەرپرسانی ڕژیم لە فڕۆکەخانەی خومەینی تاران ڕێگرییان لە سەفەری ئەمجەد ئەمینی، موژگان ئیفتخاری و ئەشکان ئەمینی بۆ فەرانسە کرد و ساڵح نیکبەختیان کە پارێزەری خۆیانە وەک نوێنەر بۆ ئەو ڕێوڕەسمە نارد. ئەو پارێزەرە لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە و چالاکیی تەبلیغی دژی کۆماری ئیسلامیی” سزای ساڵێک بەندکردنی بەسەردا سەپاوە و هەروەها سزای قەدەغەبوونی ماوەی دوو ساڵ چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بەسەریدا سەپێندراوە.
خەڵاتی ئاندرە ساخارۆڤ، بەرزترین ڕێزلێنانی یەکێتیی ئۆرووپایە کە ساڵانە بە چالاکانی مافی مرۆڤ و هەروەها بەرگریکارانی ئازادییە بنەڕەتییەکان، بەتایبەتی ئازادی ئەندێشە و تێفکرین دەبەخشرێت. ئەم خەڵاتە یەکەم جار لە ساڵی ١٩٨٨ی زایینی بەخشرایە نیلسۆن ماندێلا و ئانانویلی مارچینۆ، هەروەها ساڵی ڕابردووش بەخشرایە “خەڵکی بوێری ئۆکراین”.