ئەمساڵ چینی کرێکاری ئێران لە باروودۆخێکدا بەرەوپیری ئەوەڵی مانگی مەی دەچێت، کە قەیرانی جیهانی سەرمایەداری و گەمارۆ نێونەتەوەییەکان بەشێوەی ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر سەمایەداریی ئێران داناوە و قەیرانی ئابووریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی چەند بەرابەر قووڵتر کروودەتەوە. ڕۆژ نییە هەواڵی وەرشکستەبوونی ناوەندە سەنعەتییەکان، خسووسی سازییە نیۆلیبرالییەکان و بەشوێنیدا بێکاربوونی بەرین بڵاونەبێتەوە. کرێکاران بە بێ بەهرەمەندبوون لە مافی بیمەی بێکاری، بە بێ هیوای دۆزینەوەی کار، لە داوی هەژاری و برسییەتیدا ڕەها دەکرێن و ئاکامە کارەساتبارەکانی بەسەر سەری بنەمالە کرێکارییەکاندا وێران دەبێت.
لەم باروودۆخەدا شۆرای باڵای کاری ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەداران بە داسەپاندنی حەقدەستی چەند بەرابەر خوارتر لە هێڵی هەژاری و بە یاسایی کردنی دەستدرێژی بۆسەر ئاستی بژێو و سفرەی بێ ڕەونەقی کرێکاران و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگا هەوڵی دا تا دواهاتەکانی توندبوونەوەی قەیرانی ئابووری و وەرشکستەبوونی یەک لە دوای یەکی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان بخاتە سەر شانی کرێکاران. ئەم قەیرانە ئابوورییە لە باروودۆخێکدا توندتر بووەتەوە کە دەزگای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیش لەژێر زەبری مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و بزووتنەوەی جەماوەریدا لەگەڵ قەیران و شڵەژاوی بەرەوڕوو بووەتەوە. کۆماری ئیسلامی لە دەرفەتی نووژەنکردنەوەی ئابووریی قەیرانلێدراوی خۆی لەجەرگەی باروودۆخێکی ئارامی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەهرەمەند نییە. قەیران و سەرلێشێواویی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای یەکدەستکردنی سێ دەزگاکەی دەسەڵات و چڕکردنەوەی لەناودەستی کادری ڕێبەریی سپای پاسداران، هەروا درێژەی هەیە. سەرانی کۆماری ئیسلامی باش دەزانن کە چینی کرێکار لە چ زەرفییەتێکی بەهێز بۆ بەچۆک داهێنانی ڕژیم بەهرەمەندە.
لەئێستادا کە لە ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی هاوپشتیی ئەنترناسیۆنالیستیی کرێکارانی جیهان نزیک دەبینەوە، پێویستە کرێکارانی کۆمۆنیست وپێشڕەو لەم پێگە و هێزەی خۆیان تێ بگەن و ڕێگە نەدەن سەرمایەداریی ئێران و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە پێ دانان لەسەر شانی چینی کرێکار، خۆی لەم قەیرانە سیاسییە دەرباز بکات و بە قیمەتی ماڵوێرانیی و بەفیڕۆدانی ژیانی ملیۆنان بنەماڵەی کرێکاری، قازانجی سەرمایەکانی دابین بکات.
باروودۆخی ئێستا، و دەستدرێژییەکی وەحشیانە کە چینی سەرمایەدار و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دژبە ژیان و گوزەرانی کرێکاران ڕێکیخستووە، چینی کرێکار بۆ یەکگرتوویی و هاوپشتی، بۆ نومایشی شکۆداری دەسەڵاتی چینایەتی بەرامبەر بە سەرمایەرداران و دەوڵەتەکەیان لە ڕۆژی ئەوەڵی مانگی مەیدا بانگەشە دەکات. لە سەروبەندی ئەوەڵی مانگی مەیدا پێویستە ئامادەکردنی پێداویستییەکانی دەست بردن بۆ تاکتیکی مانگرتنی گشتی و سەرتاسەری و ڕاگرتنی چەرخی بەرهەمهێنان بەشێوەی جیددی لەناو کۆڕ و کۆبوونەوە کرێکارییەکاندا گەڵاڵە بکرێت و بدرێتە بەر باس و لێکدانەوە. ئەوە ڕاستە کە ڕێکخستنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەری پێویستی بە ڕێبەریی سەرتاسەری هەیە. بەڵام هەموو دەزانین کە لە جەرگەی مانگرتنی شکۆداری کرێکارانی حەوت تەپە و مانگرتنی سەرتاسەریی کرێکارانی سەنعەتی نەوت و پێترۆشیمی، لە جەرەیانی خەباتی کرێکارانی ڕێگەی ئاسن، مەعدەنەکان، شارەدارییەکان و باقیی بەشەکانی بزووتنەوەی کرێکاری، و لە جەرگەی ڕێکخستنی مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایاندا، ڕێبەرانی بەتوانا و بەئەزموون لە کوورەی داغی ئەم مانگرتنانەدا و لە جەرەیانی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە گشتییەکاندا پەروەردە بوون و هاتنە مەیدان. ئەم ڕێبەرانە کە لەگەڵ ناوەندە داغەکانی خەبات پەیوەندی زیندوو و ئۆرگانیکیان هەیە دەتوانن ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەرتاسەری ڕێک بخەن. تەنیا ئەوەندە بەسە کە ئەم ڕێبەرانە دەست بخەنە ناو دەستی یەک و پەیوەندی و هاوکارییەکانیان جێ بخەن. مانگرتنی سەرتاسەری و ڕاگرتنی چەرخی بەرهەمهێنان کاریگەرترین و براوەترین تاکتیکی خەباتکارانەی چینی کرێکار لە ئێستادایە. چینی کرێکار لە باروودۆخی ئێستادا بەبەکارهێنانی چەکی مانگرتنی سەرتاسەری دەتوانێ خواستە خێراکانی خۆی بەسەر دەوڵەت و سەرمایەداراندا بسەپێنێت و پێشڕەویی بزووتنەوەی جەماوەری و ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران زەمانەت بکات.
بەڕێوەبردنی شکۆداری ئەوەڵی مانگی مەی لە باروودۆخێکدا کە کۆمەڵگا هەنگاو بە هەنگاو لە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە نزیک دەبێتەوە، دەتوانێ کاریگەریی دایمی لەسەر کەشوهەوای سیاسیی کۆمەڵگا دابنێت. هەربۆیە پێویستە نەتەنیا هەڵسووڕاوانی کرێکاری بەڵکوو چالاکانی سۆسیالیست و پێشڕەوانی بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوەی خوێندکاریش بۆ هەرچی شکۆدارتر کردنی ئەوەڵی مانگی مەی، قۆڵی هیمەت هەڵماڵن.
چینی کرێکار لەم ڕۆژەدا نەتەنیا دەبێت ئاڵای داخوازییە خێراکانی بەرز بکاتەوە بەڵکوو پێویستە زەرفییەت و توانای خۆی بۆ ڕێبەریی خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران نیشان بدات. چینی کرێکار لەم ڕۆژەدا بە بەرزکردنەوەی درووشمی ئازادی و بەرابەری، ڕزگاریی ژن لە ستەم و هەڵاواردنی ڕەگەزی و ڕەهایی نەتەوە و ئایینەکان لە چنگ زوڵم و ستەم، هەنگاوێکی گەورە بەرەو پەیوەند و هاوپشتیی لەگەڵ بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکان هەڵدەگرێت. هەربۆیە ڕۆژی یەکی مەی، ڕۆژی ناڕەزایەتی دژبە زیندانی کردنی ڕێبەران و هەڵسووڕاوانی کرێکاری و ڕۆژی خەبات بۆ ئازادیی دەستبەجێی گشت بەندکراوانی سیاسییە. ڕۆژی تێکۆشان لەپێناو بردنەسەرەوەی حەقدەستەکان بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئینسانییە. ئەم ڕۆژە ڕۆژی خەبات بۆ ئازادیی پێکهێنانی ڕێکخراو و مانگرتن، ڕۆژی هەوڵ و چالاکی دژبە بێکاری و بێکارکردن، ڕۆژی خەبات بۆ بیمەی بێکاریی موکەفی بۆ بێکاران و گشت کەسانی ئامادە بەکارە! ئەم ڕۆژە ڕۆژی مەحکووم کردنی کاری منداڵان و داکۆکیکردن لەمافی منداڵانە! ڕۆژی مەحکووم کردنی کوشتاری کۆڵبەران و سووختبەرانە. ڕۆژی دەرکردنی ئەو بڕیارنامانەیە کە گشت داخوازییەکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕێفاهیی کرێکاران، زەحمەتکێشان، ژنان، لاوان و منداڵان لەخۆدەگرن!
ڕێوڕەسمەکانی ئەوەڵی مانگی مەی پێویستە بەشێوەی سەربەخۆ، واتە سەربەخۆ لە شانۆ فەرمایشییەکانی خانەی کاریگەر و باقیی ئۆرگانە دژەکرێکارییەکانی ڕژیم بەڕێوەبچن. بێگومان هەڵسووڕاوان و ڕێکخەرانی مەحەلی باش دەزانن کە چۆن ڕیزە سەربەخۆکانیان بپارێزن. بەڵام گونجاوترین و کاریگەرترین ڕێوڕەسمەکان، ئەو ڕێوڕەسمە جێگیر و ڕێکخراوانەن کە بەشێوەی بەرین لە ناوەندی شارەکاندا بەڕێوە دەچن. بەڵام لەڕاستیدا ئەم ڕێوڕەسمانە بەم تایبەتمەندییانەوە بەڕێوە ناچن، مەگەر بە بەشداریی بەرین و پڕگوڕوتینی بەشە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکار و بنەماڵەکانیان، بە پێشەنگبوونی کۆمۆنیستەکان وکرێکارانی پێشڕەو و بە هاوڕێیەتیی ئەو ئینسانانە شەریفانەی کە دژی چەوسانەوەن و ئاواتی بەرابەریی مرۆڤەکانیان لە دڵ دایە.
https://cpiran.org/
https://alternative-shorai.tv