سپای پاسدارانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و وەزارەتی ئیتلاعات لە ١٠ ڕۆژی ڕابردووەوە بە بەڕێوەبردنی سیاسەتی سەرکوت لە شاری بۆکان، تاوان لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن، بە شێوەیەک کە بەدەیان کەسیان کوشتووە و برینداربوون و ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیی دەستبەسەرکراون یان ئاوارە بوون.
لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا لانیکەم ١٣ هاووڵاتی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە گیانیان بەخت کردووە و زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە ڕاپەرینی ئەو شارە برینداربوون، کە بارودۆخی تەندروستی بەشێکیان مەترسیدار ڕاگەیەندراوە.
سپای پاسداران، شەوی چوارشەممە لە ڕێگای بڵندگۆی مزگەوتی گەڕەکەکانی مەجبورئاوا و میرئاوا ڕایگەیاندووە کە لە کاتژمێر ٩ی شەو هەتا ٩ی بەیانی حکومەت نیزامییەو کەس مافی هاتووچۆ کردن و هاتنە دەرەوەی لە ماڵ نییە. بنەماڵەی بەشێک لە گیان بەختکردوودان ڕایانگەیاندووە، کە هەر ئێستا تەرمی نزیک بە ١٠ کەس لە ساردخانەی نەخۆشخانەی قولی پووری بۆکان ڕاگیراوە کە ناوەندەکانی ڕژیم ڕێگری لە ناسینەوەی ئەو تەرمانە دەکەن و دوایین حاڵەت، سەعدی شاهرۆخی فەر بوو، کە دوای پێنج ڕۆژ بنەماڵەکەیان لە کوژرانی ناوبراو ئاگادار کراوەتەوە.
بەپێی هەواڵەکان، بەسەدان کەس لە خەڵکی ئەو شارە یان ونبوون یاخود بریندارن، کە بریندارەکان لە ترسی ڕفاندنیان لەلایەن ڕژیمەوە لە ماڵ و دەرەوەی ناوەندە دەرمانییەکان چارەسەر دەکرێن، کە زۆربەیان پێویستیان بە خوێن و نەشتەرگەرییە.
هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو هاووڵاتیانەی کە بێسەروشوێن بوون لەبەردەست دانییە و نازانرێت کە دەستبەسەرکراون یاخود گیانیان لەدەست داوە، هەندێک لە ڕاپۆرتەکان باس لە ناشتنی تەرمی گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییەکان بەبێ تۆمارکردنی ناو و ناسنامەیان دەکەن.بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی کە بەدەستمان گەیشتووە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزەکانی ڕژیم لە کاتژمێر ٢ هەتا ٥ی بەرەبەیان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاووڵاتییان، کە سەرەڕای زیانگەیاندن بە ماڵ، کەلوپەل و پێداویستی ناو ماڵەکان و پارە و زێڕ و تەنانەت مۆبایلی خەڵکیشیان دزیوە و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان لەناو پارکینگی ماڵەکانیشدا شکاندووە.