لە باروودۆخێکدا لە سەروبەندی ٨ی مارس ڕۆژ جیهانیی ژن داین کە سیاسەتی دژەژنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەپێناو پاراستنی پایەکانی نیزامی ئاپارتایدی ڕەگەزی پێشێلکردنی هەموو ڕۆژێی مافی ژنان لەڕێگەی یاساکانی سەرچاوەگرتوو لە شەرعی ئیسلام و کلتووری پیاومەزنیی زاڵ لەئاستی کۆمەڵگەدا هەروا درێژەی هەیە. لە نیزامێکدا کە ژن نیوەی پیاو دێتە ئەژمار، دەستدرێژیی هەوسارپچڕاو بۆسەر مافی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیی ژنان و داسەپاندنی هەڵاواردنی ڕەگەزی بەسەریان، بەشێکی جیانەکراوەیە لە سیاسەت و کردەوەی پێکهاتەکانی دەسەڵات. یاساکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی، بێ مافی و ستەمی ژنان لەناو کۆمەڵگەدا جێ دەخەن و پەرەی پێدەدەن و ڕووحانییە دەسەڵاتدارەکانی ئێران ئەم یاسایانە، بەجێهێنانی ئەحکامی ئیلاهی لەقەڵەم دەدەن و بەڕێوەبدرنی ئەم یاسایانە و ژێرپێخستنی مافی نیوەی ئینسانەکان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کتلووری ڕۆژاوا بە پێویست دەزانن و ئەم بابەتە مەسڵەحەتی کۆمەڵگا ناولێدەنێن. لە ئێران تا هەر ڕادەیەک ئاستی هەڵگەڕانەوە لە ئایین و وەرشکستەیی ئایدیۆلۆژیکی ڕژیمی ئیسلامی ئاشکراتر بێت، سەرانی ڕژیم بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم ڕەوتە، سیاسەتە دژەژنەکانیان زیاتر پەرەپێدەدەن.
لە نیزامی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامیدا، مەزهەب بە تێکەڵبوونی لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی، هەڵاواردنی ڕەگەزی و بردنی ژنان بەرەو پێگەی دووهەمی لەئاستی بازاڕیشدا توندتر کردووەتەوە و خەباتی ژنان بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ماڵی لە پیاوانی ئاڵوز و دژوار کردووە. لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا گەڵاڵەی “دوورکاری” و لەڕاستیدا خانەنشینکردنی ژنان، سیاسەتی دامەزراندنی نیوەوەخت و سیاسەتی خانەنشینکردنی پێشوەختیان، هەر کامەیان بە نۆرەی خۆیان ژنانیان لە بازاڕی کار و چالاکی لە دەرەوەی چوارچێوەی بنەماڵە دوور خستووەتەوە و دووبارە ناچاری کردوون بگەڕێنەوە سووچی ماڵەکان. زاڵبوون و توندبوونەوەی هەڵاواردنی ڕەگەزی لە بازاڕی کار لە جەرگەی قەیرانی ئێستای ژنانی کرێکار و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگە، کە بۆ ژیان بەسەربردن و مانەوەیان ناچارن بڕۆنە دەرەوەی ماڵ، یەکجار خستوونیە ژێر گوشارەوە. ئەم ژنانە تازە ئەگەر بەخت لەگەڵیان یار بێت مەجبوورن دەست بدەنە ئەنجامدانی ئەو کارانە کە داهاتیان چەندین بەرابەر لەژێر هێڵی هەژاری دایە و هیچ چاوەدێرییەکی یاساییان بەسەرەوە نییە. ئەگەرچی سەهمی ژنان لە بازاڕی کاری ڕەسمیی ئێراندا هێستا ١٤ لەسەدە، بەڵام هەر لەم ئاستەشدا ئەم سیاسەت و جیاکارییە جنسییەتییانە لەسەر ڕیزبەندیی پیشەکان کاریگەری دادەنێن و زۆربەی ئەو پیشانە وەبەر ژنان دەکەون کە حەقدەستیان لەخوارێیە، پێویستیان بە شارەزایی نییە و نیوەخت، کاتی و ڕۆژمزدن.
لەئاکامی بەڕێوەچوونی گەڵاڵەی کۆنەپەرستانەی “سەهمیەبەندیی جنسییەتی” کچان لە خوێندنی زیاتر لە حەفتا لقی زانکۆ بێبەری کراون. بەپێی ئەم هەڵاواردنە ئاشکرایەی بواری پەروەردە، کە لەئاستی جیهاندا کەم وێنەیە، ژنان لە خوێندنی لقەکانی تەکینیکی و ئەندازیاری و هەروەها لقەکانی وەک وەرگێڕان، زمان و فریاڕەسیی کۆمەڵایەتی مەحرووم کراون. بێجگەلە سەهمییەبەندیی جنسییەتی، سیاسەتەکانی وەک “بوومی گۆزینیی جنسییەتی” و “هەڵاواردنی جنسییەتی”یش گەلێک بەربەستی بەرین دەخەنە بەردەم ژنانی ئێران لە بواری پەروەدەوە و بەڕێوەچوونی ئەم سیاسەتانەش زەمینەی بێبەریکرانی ژنان لە زۆرێک لە لقەکانی زانکۆی پێکهێناوە.
گۆڕینی سیاسەتی جەمعییەتیی ڕژیم و کوتانی تەپڵی “منداڵی زیاتر ژیانی شادتر” یەکێکی تر لەو سیاسەتانەیە کە ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە دۆخی تەندرووستیی ژنان، سڵامەت و پێگەی لاوازی ئەوان لەناو بازاڕی کار دەکات. لەگەڵ گرتنەبەری ئەم سیاسەتە، خزمەتگوزاریی تەندرووستی کە پێشتر لە ناوەندەکانی بێهداشتدا بۆ ڕێگری لە دووگیانبوون دەدرایە ژنان، ڕاگیراوە و یان گەیشتووەتە کەمترین ئاستی خۆی. هەروەها چوونەسەرەوەی لەباربردنی ئیجباری و ناسالم، لەناو ژنان و بەتایبەت ژنانی دانیشتووی گوندەکان دواهاتێکی دیکەی ئەم سیاسەتەیە کە جەستە و دەروونی ژنان ئازار دەدات. لە یەک کەلامدا ئەم سیاسەتە جەستەی ژنان لە کۆنتڕۆڵی خۆیان دێنێتە دەر.
داسەپاندنی سیاسەتەکانی هەڵاواردنی ڕەگەزی کە بەشێک لە ماهییەتی ڕژیمی سەرمایەی ئیسلامی پێکدێنن، بە بزووتنەوەی ژنان دژبەم بێمافییانە خەسڵەتێکی یەکجار سیاسیی بەخشیوە و کردوویەتە ستوونێکی بەهێزی خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی. لە وەها باروودۆخێکدا وەلانانی خەبات دژبە ڕیشەکانی ستەمی ژنان و پێکهاتەی ڕژیمی سیاسیی دەسەڵاتدار کە لەلایەن بەشێک لە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بۆرژوایی و فێمێنیستە نیۆلیبرالیەکانی ناو ئەم بزووتنەوەیە تەبلیغی بۆ دەکرێت، بەکردەوە بزووتنەوەی ژنان لە چوارچێوەی بەرتەسکی یاسای کۆنەپەرستانەی زاڵ و ڕێفۆرم و تەعدیلاتێک لە بەڕێوەچوونی ئەم یاسایانە بە شیکاریی دڵخوازانەی ئەوان لە قورئان سنووردار دەبێت. ئەم هێزانە و ئەم دەستەیە لە چالاکانی بزووتنەوەی ژنان باشتربوونی وەزعییەتی ژنان نە بە ئاکامی خەباتی ڕاستەوخۆی ژنان دژبە پێکهاتەی دەسەڵاتدار بەڵکوو بە ئاکامی چەنەلێدان و گۆڕانکاری لەسەرەوە دەزانن. ئەوان بەکردەوە یارمەتیدەری مانەوەی ڕژیمی دەسەڵاتدارن و تەسلیمبوون لەبەرامبەر ئەم باروودۆخەدا پەرەپێدەدەن.
ئەزموونی مێژوو دەریخستووە کە تەنیا بە نیشاندانی ئاسۆ و بەدیلێکی ڕوونە کە دەکرێت گوڕوتینی خەبات لەپێناو ڕزگاری و گۆڕانکاریی بنەڕەتیی کۆمەڵگا پێکبێت. بزووتنەوەی ژنان وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناتوانێ بەبێ ئاسۆ وستراتێژی سۆسیالیستی پێشڕەویی خۆی زەمانەت بکات. لە باروودۆخی ئێستادا ئاراستەی سۆسیالیستی لەناو بزووتنەوەی ژنان نەتەنیا بە گەڵاڵەکردنی خواست و داخوازیی ئابووری و خۆشبژێویی ژنان بەڵکوو بە نیشاندانی ڕێگای وەدیهاتنی ئەم خواستانە و ڕێگای دەستبردن بۆ ڕیشەکانی ستەم و نابەرابەریی ژنان دەتوانێ جەماوەری بەرینی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش بەرەو گۆڕەپانی خەبات بێنێت.
وەدیهاتنی ئەم خواستانە و بەرابەریی ئابووری و دابینکردنی بەستێنە ماددییەکانی گەشە و پشکوتنی توانا و داهێنانی ژنان و هەنگاوهەڵگرتن لەپێناو دانینکردنی یەکسانیی ڕاستەقینە، لە گرەوی بەهێزکردنی ئاڵتێرناتیڤی سۆسیالیستیدایە. ژن لە کۆمەڵگەی سۆسیالیستیدا لە بواری ئابوورییەوە تەواوەن سەربەخۆیە و ناکەوێتە بەر هیچ جۆرە هەڵاواردنێکەوە. ژن لە بەرامبەر پیاودا، دەبێتە ئینسانێکی ئازاد و هاوتەراز و بەسەر چارەنووسی خۆیدا زاڵ دەبێت. ژنان لە کۆمەڵگەی سۆسیالیستیدا بەخاتری باروودۆخی سرووشتیی ژیان، دەتوانن هێزی دەروونی و فیکری و تواناکانیان بەپێی پێویستیان گەشە پێبدەن و بەکاری بێنن. ژن بۆ چالاکیکردن، هەر بوارێک کە لەگەڵ خواست و هۆگرایەتی و تواناکانی یەک بگرێتەوە، هەڵیدەبژێرێت و لەبواری کارییەوە لەگەڵ پیاو لە باروودۆخێکی یەکساندایە. وەزعییەتی ژنان لە بواری کاری زانستی و پیشەییش هەر بەم شێوەیە. ژن لە سەعاتێک لە ڕۆژدا، ڕاهێنەر، مامۆستا و پەرستارە. لە سەعاتێکی تردا هونەر تەجروبە دەکات و یان خەریکی کاری زانستی دەبێت. بەشێک لە ڕۆژیش خەریکی توێژینەوە دەبێت و یان لە بێکاری و شادییەکانی چێژ وەردەگرێت. لە سۆسیالیسمدا ژن لە هەڵبژاردنی خۆشەویستدا ئازادە و هیچ بەربەستێک لەسەر ڕێگای وەدیهاتنی خۆشەوەیستیی ڕاستەقینە بوونی نییە. بەڵام گەڵاڵەکردنی ئاڵتێرناتیڤی سۆسیالیستی وەک یەکێک لە ڕێگاچارە کردەوەیی و بەردەستەکان بۆ کۆتایی هێنان بە باروودۆخی فەلاکەتباری ئابووریی و کۆتایی هێنان بە هەموو ستەم و نەهامەتییەکانی نیزامی سەرمایەداری و لەوانە ستەم بەرامبەر بە ژنان لە گرەوی ئەوە دایە کە چینی کرێکار و ژنانی کرێکار وەک نیوەی ئەم چینە بەشێوەی ڕێکخراو پا بنێنە گۆڕەپانی کێشمەکێشە سیاسییەکان و لە هەنگاوی یەکەمدا پێشڕەوان و ڕێبەرانی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە لە حیزبێکی کۆمۆنیستیی شیاودا خۆیان ڕێکبخەن.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
https://alternative-shorai.tv