لەماوەی حەوتووەکانی ڕابردوودا بۆ جارێکی تر کێشمەکێشەکان لەسەر گەیشتن بە دەسەڵات لەنێوان گرووپە ئیسلامییەکانی عێراقدا زیادی کردووە و جەماوەری ستەمدیدەی ئەو وڵاتەی لەئاست وەڕێکەوتنی شەڕی ناوخۆیی نیگەران کردووە. ئێستا دە مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا تێپەڕ بووە بەڵام هێشتا مەجلیس و دەوڵەتێک لە ئاکامیدا پێک نەهاتووە. هەڵبژاردنەکانی ئەم دوایانەی پەرلەمان کە لە دەی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠٢١دا لەژێر چاوەدێریی ناوەند و کەسایەتییە دەرەکییەکاندا بەڕێوەچوو، لەگەڵ کەمترین ئاستی بەشداریی خەڵک بەتایبەت لە بەغدا و پارێزگاکانی ناوەند و باشووری عێراق بەرەوڕوو بووەوە کە لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبوو. چونکە خەڵک بە ئەزموون بەوە گەیشتبوون کە لە وەها باروودۆخێکدا و بە وەها پێکهاتەیەک لە ڕەوتە سیاسییەکان، دەسەڵات نە لە ئاکامی دەنگی سندووقەکانی دەنگدان، بەڵکوو لە سات و سەودا و کێشمەکێشی نێوان حیزب و گرووپە چەکدارەکان و ڕەوتە ئیسلامییەکان لەسەر دەسەڵات و لە دەخاڵەتی دەسەڵاتە کۆنەپەرستەکانی پشتیوانیانەوە دێتە دەر. ئەم جارەشیان هەر ئەوە ڕووی دا کە لەماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا ڕووی داوە. کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراو و بێبەشی عێراق بەپێی شناختێک کە لەو ماوەیەدا لە ماهییەتی جەنایەتکارانەی ئەم گرووپانە بەدەستیان هێناوە، ئەوان بە گەندەڵ و قاتڵ و هۆکاری بێکاری، هەژاری و برسییەتی و کوشتار و وێرانیی خۆیان و وڵاتەکەیان دەزانن و بە پشت کردنە سندووقەکانی دەنگدان لەم هەڵبژاردنانەدا، شکستێکی سەرشۆڕانەیان بەتایبەتی بەسەر گرووپە ئیسلامییەکانی سەربە کۆماری ئیسلامیدا سەپاند.
ژمارەیەک لەم گرووپانە دوای ئەم شکستە سەرەڕای ناکۆکییەکانی نێوانیان بە دەخاڵەت و ڕێنمایی و هاوکاریی کۆماری ئیسلامی لە هاوپەیمانییەکدا لەژێرناوی “چوارچێوەی هاوئاهەنگی” کۆبوونەوە. ئەم هاوپەیمانییە کە پێکهاتووە لە دەوڵەتی یاسا بە بەرپرسایەتیی “نووری مالکی”، گرووپی “فەتح” بە بەرپرسایەتیی “هادی عامری” بەرپرسی حەشدی شەعبی، گرووپی “نەسر” بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی و ڕەوتەکانی تر لەوانە “عەسائیبی ئەهلی حەق” و حیزبوڵڵای عێراق بە سەرۆکایەتیی “قەیس خەزعەل”، بە ئامانجی ڕێگری لە پێکهێنانی دەسەڵات لەلایەن هاوپەیمانیی “موقتەدا سەدر” لەگەڵ حیزبە سوننییەکان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی عێراق، لە هیچ هەوڵێک دەریغیان نەکرد. “موقتەدا سەدر” ئەم ئاخوندە کۆنەپەرست و جەنایەتکارە هەر ئەو کەسەیە کە بە هاوکاری لەگەڵ باقی گرووپە مافیا ئیسلامییەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی، ناڕەزایەتییە بەرینەکانی جەماوەری خەڵکی عێراقیان خەڵتانی خوێن کرد. ئەم ناڕەزایەتییانە کە بە “شۆڕشی ئۆکتۆبر” ناوبانگی دەرکرد خوازیاری لەسەر کارلاچوونی هەموو کەسایەتییە گەندەڵەکانی هەتا ئێستای عێراق بوو و دەوڵەتی “عادل عەبدولمەهدی”ی ڕووخاند. گرووپە جەنایەتکارەکانی عێراق زیاتر لە ٦٠٠ کەس لە لاوان و ناڕازییانی ئەم وڵاتەیان کوشت و ڕفاندیانن و بێ سەرو شوێنیان کردن تا بتوانن دزی و تاڵانی سەروەت و سەرچاوەی خەڵک درێژە پێ بدەن.
ڕێنەکەوتنی جەریانی سەدر لەگەڵ گرووپەکانی ناسراو بە هاوپەیمانیی “چوارچێوەی هاوئاهەنگی” لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و پۆستەکانی حکوومەت بەتایبەت پۆستی سەرۆک وەزیران، موقتەدا سەدری لە پێکهێنانی دەوڵەت ناکام هێشتەوە. لەم ڕووەوە ناوبراو لە کردەوەیەکی پێشبینی نەکراودا هەموو نوێنەرانی هەڵبژێردراوی ڕەوتەکەی خۆی لەم هەڵبژاردنانە کە گەورەترین گرووپی پەرلەمانییە، لە مەجلیس هێنایە دەر. ڕەوتەکانی ناو هاوپەیمانیی “چوارچێوەی هاوئاهەنگی”، دڵخوش لەم کردەوەیە، کورسییەکانی ئەویان لەنێوان خۆیاندا دابەشکرد و هەوڵیان دا تا “محەممەد شیاع ئەلسوودانی” وەک کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران بناسێنن. ئەو لە کەسایەتییە ناسراوەکانی نزیک بە کۆماری ئیسلامییە کە لە ڕوانگەی خەڵکی عێراقەوە کەسێکی گەەندەڵ و نالایەقە. لە بەرامبەر ئەم هەوڵەدا ڕۆژی شەممە ٨ی مانگی گەلاوێژ، “موقتەدا سەدر” داوای لە لایەنگرانی خۆی کرد کە بڕۆنە ناو “ناوچەی سەوز”ی بەغدا و پەرلەمان بگرنەوە و ڕایگەیاند کە هەتا گەیشتن بە هەموو خواستەکانیان لە پەرلەمان و دەورووبەری دەست دەدەنە کۆبوونەوە و چۆڵی ناکەن. لایەنگرانی سەدر هێرشیان کردە سەر ئەو ناوچەیە و لەگەڵ هێزە پارێزەرەکانی ناوچەکە تووشی تێکهەڵچوون بوون و بە ئاسانی توانییان مانعە سیمانییەکانی “ناوچەی سەوز” تێپەڕێنن و پاشان پەرلەمانیان گرتەوە و ڕایانگەیاند کە تا ئاگاداریی دووبارە لەوێ دەمێننەوە. بەمجۆرە قەیرانی سیاسی لە عێراق چووە قۆناغێکی هەستیارەوە و ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان گرووپە میلیشیاکانی حیزبەکان نیگەرانیی لێ کەوتووەتەوە. ئەوەیکە ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەی پەرلەمانە لەجیاتی حکوومەتی تەوافوقی لەڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پێش وەختەوە. بابەتێک کە بێگومان گۆڕانێک لە ماهییەتی سیاسی حکوومەتدا پێکناهێنێت.
لەماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا کرێکاران و خەڵکی بێبەشی عێراق سەرەڕای بوونی سەرچاوەی دەوڵەمەندی نەوت و گاز و سەرەڕای چوونەسەرەوەی ڕێژەی هەناردەکردن و چوونەسەرەوەی نرخی نەوت لە بازاڕدا، لەگەڵ قەیرانی قووڵی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ناسەقامگیری و نەبوونی ئەمنییەت، لەگەڵ هەژاری و بێکاری، برسییەتی و نەبوونی پێداویستی تەندرووستی، بێ ئاوی، کەمبوونی کارەبا و باقیی پێداویستییەکانی ژیان بەرەوڕوو بوون. لەژێر دەسەڵاتی تەوافوقیدا، گرووپە دەسەڵاتدارەکان هەموو ئیمکاناتی ئەم وڵاتەیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کردووە و بەتاڵانیان بردووە. لەو نێوەدا کۆماری ئیسلامیش لەڕێگەی حیزب و گرووپەکانی نزیک بە خۆی لەم تاڵانکارییەدا بەشدار بووە. بێ دەلیل نییە کە خەڵکی ستەمدیدەی عێراق، کۆماری ئیسلامی و ڕەوتەکانی سەر بەم ڕێژیمە بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ژیانی فەلاکەتباری خۆیان دەزانن. موقتەدا سەدر کە لەئێستادا لەژێرناوی چاکسازی و حکوومەتی زۆرینە هاتووەتە مەیدان و دەڵێت ئیمکانی ڕێکەوتن و گفتوگۆی لەگەڵ کەسایەتیە گەندەڵەکانی هەتا ئێستای نییە، خۆی لەو ماوەیەدا یەکێک لە پایەکانی دزی و گەندەڵی و جەنایەت دژبە بەرژەوەندی خەڵکی عێراق بووە.
بێگومان کرێکاران و خەڵکی ڕەنجدیدەی عێراق هەروەک لە ناڕەزایەتییەکانی ناسراو بە “شۆڕشی ئۆکتۆبر” هەموو دەسەڵاتدارانی هەتا ئێستایان بە هۆکاری نەهامەتی و بێبەشییەکانیان پێناسەکرد و بردیاننە ژێر پرسیارەوە، هیچ متمانەیەکیشیان بە ئیدیعای درۆیینی موقتەدا سەدر و باقیی ڕەوتەکانی تر واتە “چاکسازی و دژایەتی لەگەڵ گەندەڵی” نییە. خەڵکی عێراق دژبە سیستمێکی گەندڵ ناڕەزایەتییان دەربڕیوە کە بە ڕێکەوتن و هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی و بەپێی ئاراستەی تایفەگەری و مەزهەب شکڵی گرتووە و هەموو سەروەت و داراییەکانی لەناو خۆیدا دابەش کردووە. خەڵکی عێراق خوازیاری ئەوەن کە هەموو ئەم گرووپە دەسەڵاتدارانە لەسەرکار نەمێنن و لەکۆڵ خەڵک بنەوە.
بەدەر لەم کێشمەکێش و ناکۆکییانە لەسەر دەسەڵات لەنێوان دەسەڵاتداراندا، کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ستەملێکراوی عێراق پێویستە بۆ جارێکی تر هێز و دەسەڵاتی خۆیان لە ئاوێنەی دوژمندا ببینن. بشێوی لەناو ڕیزی باڵاییەکاندا، لاوازی و سەرلێشێواویی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی سەربەم دەسەڵاتە، ئاکامی ڕاپەڕینی شکۆداری ئۆکتۆبری ٢٠١٩ و بایکۆتی وشیارانە و لێبڕاوانەی هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠٢١ بوو. شکۆ و عەزەمەتی هێزی جەماوەر باوەڕ بکەین و بۆ پێکهێنانی ئیرادەی ئەم هێزە مەزنە و بۆ کۆتایی هێنان بە دەخاڵەتگەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و باقیی دەسەڵاتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و جیهان لە عێراق، هیچ دەرفەتێک لەدەست نەدەین.