فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

لە مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی موعەلیمان پێشوازی بکەین
یەکشەممە ۲۱-۰۹-۱۴۰۰   |  12-12-2021

شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی موعەلیمان لە بانگهێشتێکدا کە ڕۆژی شازدەی سەرماوەز بڵاوی کردووەتەوە داوای لە هەموو موعەلیمان و فەرهەنگیانی ئێران کردووە کە لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە، واتە ٢٠ و ٢١ی مانگی سەرماوەز لە سەرتاسەری ئێران دەست بدەنە مانگرتن. لەم بانگهێشتەدا هاتووە: “ئەو هاوکارانەی کە بەشێوەی حزووری دەرس دەڵێنەوە لەم ڕۆژانەدا پێویستە وێڕای حزوور لە مەدرەسە، لە چوون بۆسەر کلاسەکان خۆببوێرن و لە دەفتەر کۆببنەوە و ئەو هاوکارانەش کە بەشێوەی ئانلاین لە “شاد” دەرس دەڵێنەوە وێڕای ئاگادارکردنەوەی خوێندکاران، لەم دوو ڕۆژەدا دەرس نەڵێنەوە و بەرنامەی”شاد” تەعتیل بکەن. دیارە ئەگەر نوێنەرانی مەجلیس لە ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەز لەسەر پەسندکردنی ڕیزبەندی بەشێوەی ناکامڵ تەئکید بکەن  و بڕیارەکانی مەجلیس خواستی موعەمەلیمان دابین نەکات و بەپێچەوانەی بەرژەوەندی گشتیی فەرهەنگیان بێت یان دووبارە وەدوای بخەن، ئێمە لە ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی مانگی سەرماوەزی ١٤٠٠ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەرتاسەری بەڕێوەدەبەین و ئەگەر کەمتەرخەمییەکان هەروا درێژەیان بێت، ناڕەزایەتییەکان لە حەوتووەکانی دواتردا بەشێوەی بەرینتر و درێژماوەتر ئیدامە دەدەین”. شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی موعەلیمان لەم بانگهێشتەدا تەئکیدی کردووە کە: “دەوڵەت و مەجلیس لە لایەکەوە بەکردەوەدەرهێنانی گەڵاڵەی هاوسانسازیی خانەنشینکراوانیان بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی خزمەتگوزاریی کیشوەرییان وەلاناوە  و لە لایەکی دیکەشەوە بەنیازن بە تەرخانکردنی تەنیا ١٢.٥ هەزار ملیارد تمەن گەڵاڵەی ڕیزبەندی لە ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەز جێبەجێ بکەن. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە ئەمڕۆ هەموو موعەلیمان بەباشی دەزانن کە بەکردەوەدەرهێنانی کامڵی ڕیزبەندی بەپێی هاوسانسازیی لەگەڵ مووچەی ئەندامانی هەیئەتی زانستیی زانکۆ، پێویستی بە لانیکەم ٧٦ هەزار ملیارد تمەنە و ئەگەر قەرار بێت لە شەش مانگی دووهەمدا بەڕێوەبچێت ٣٨ هەزار ملیارد تمەن بوودجەی پێویستە.”

خەباتی موعەلیمان لە ماوەی مانگ و حەوتووەکانی ڕابردوودا سەرەڕای وادە و بەڵێنییەکانی دەوڵەتی ڕەئیسی و گوشار و ڕەشبگیریی چالاکان، هەروا درێژەی بووە. ئەگەرچی ئیراهیم ڕەئیسی ڕۆژی ٣١ی خەرمانان لە کۆبوونەوەی هەیئەتی دەوڵەتدا سەبارەت بە دەستپێپکی ساڵی خوێندن، بە بێ ئاماژەدان بە ناڕەزایەتیی بەرینی موعەملیان ڕایگەیاند کە فەرمانی بە سەرۆکی ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجە داوە تا خواستی موعەلیمان جێبەجێ بکات، بەڵام دان پێدانانی وتەبێژی کۆمیسیۆنی تەلفیقی بوودجەی مەجلیسی ئیسلامی سەبارەت بە نەبوونی توانای بەڕێوەبردنی گەڵاڵەی ڕیزبەندیی موعەلیمان لە ساڵی ١٤٠٠، نەتەنیا بێناوەرۆک بوونی فەرمانی ڕەئیسی، بەڵکوو بەتاڵ بوونی خەزینەی کۆماری ئیسلامیشی ئاشکرا کرد. بەهۆی هەر ئەم کەمتەرخەمیانە و بەڵێنە بێ ناوەرۆکەکانی ڕەئیسییە کە موعەلیمانی ئێران لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا چەندین ناڕەزایەتیی سەرتاسەرییان ڕێکخستووە. موعەلیمان لە ناڕەزایەتییەکانی خۆیاندا وەک بەشی بەڵێنداری کۆمەڵگا، لەئاست چارەنووسی خوێندکاران و قەیرانی پەروەردە و بارهێنان و نەبوونی کەرەستەی پێویست کە لەئاکامدا زۆرێک لە خوێندکارانی لە حزوور لە مەدرەسەکان و فێربوونی ئانلاین بێبەری کردووە، هەستیاربوونی خۆیان نیشان داوە. موعەلیمانی ئێران لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی داخوازیی هاوبەش و ڕێکخراو و ڕێبەریی یەکدەستیان، سەرەڕای کەموکۆڕییەکانیان، توانیویانە چەندین مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی شکۆدار بەڕێوەبەرن. ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییانە، دەمێکە لەو چوارچێوە بەرتەسکانەی کە هێندێک لە ڕێکخراوە پیشەییەکانی لایەنگری ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی دیارییان کردووە تێپەڕ بوون  و گەیشتوونەتە قۆناغێک کە لە ئاخێز و بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانی ناو کۆمەڵگا کاریگەری وەردەگرن و تا گەیشتن بە خواستەکانیان پاشەکشە ناکەن. بزووتنەوەی موعەلیمان وەکوو هەموو بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دیکە لەژێر کاریگەریی ئاخێزی سەرتاسەریی مانگی بەفرانبار و ئاخێز و ڕاپەڕینی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ و مانگرتنی شکۆداری کرێکاراندا قووڵتر و بەرینتر بووەتەوە.

ڕاگەیەندراو و بانگەوازی موعەلیمان بەباشی ئەم بابەتەمان پێ نیشان دەدات کە لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا هیوایەکیان بە وەدیهاتنی داخوازییەکانیان لە ئاستی بەریندا نییە و هەربۆیە ناڕەزایەتییەکانیان زۆر بەخێرانیی سیاسی و ڕادیکاڵ بووەتەوە.  موعەلیمان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە تەئکید لەسەر خواستی خوێندنی بێبەرامبەر بۆ هەموو منداڵان و نەمانی هەڵاواردن و بردنەسەرەوەی حەقدەستەکان بۆ سەرووی هێڵی هەژاری و خواستی ڕێگری لە کاڵایی بوونی پەروەردە و دەرمانی بەخۆڕایی، بەکردەوە خواستی کرێکاران و بەشێکی بەرین لە توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگایان هێناوەتە گۆڕێ. موعەلیمان کە زۆربەیان ژینی ژێر هێڵی هەژارییان بەسەردا سەپاوە، کۆمەڵێک خواستیان هەیە کە بۆ وەدیهاتنیان پێویستیان بە خەباتی یەکپارچە و یەکگرتوویی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان هەیە و پێویستە بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی و بەشداریی خوێندکاران و بنەماڵەکانیان لەم ناڕەزایەتی و مانگرتنە سەرتاسەرییانەدا تاکتیکی گونجاو بگرنەبەر. بەلەبەرچاوگرتنی پێگە و وەزنی کۆمەڵایەتیی موعەلیمان و بەسەرەنجدان بەوەیکە موعەلیمان لە ڕێگەی ملیۆنان خوێندکارەوە لەگەڵ کۆمەڵگا لەپەیوەند دان و کێشە و گرفتی پێوەندیدار بە ژیان و گوزەرانیان بەشێوەی بەرین لە ناو کۆمەڵگادا ڕەنگدانەوەی دەبێت، بۆ بردنەسەرەوەی ئاستی خەباتی خۆیان لە پێگەیەکی گونجاو دان. لە کەشوهەوای سیاسیی ئێستای کۆمەڵگادا پێویستە لە ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی موعەلیمان پێشوازی بکەین. نابێ ڕێگە بدەین ئەم ناڕەزایەتییانە تەنیا تایبەت بە موعەلیمان و سنووردار بن. ناڕەزایەتیی موعەلیمان شیاوی پشتیوانیی جەماوەرییە. خونێدکاران و بنەماڵەکانیان پێویستە لە ناڕەزایەتی سەرتاسەریی موعەلیماندا بەشداری بکەن و بە بەشداری و پشتیوانیی خۆیان لەپێناو جەماوەری کردنەوە و بەهێزکردنی بزووتنەوەی موعەلیمان هەنگاو هەڵگرن.