مامۆستایانی کوردستان ڕایانگەیاندووە کە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی کوردستان، یەکێک لە تاڵترین و ناخۆشترین دەورەکانی خۆی ئەزموون دەکات.
ڕۆژی چوارشەممە ٣ی جۆزەردان، ئەنجومەنی سێنفی مامۆستایانی کوردستان (سنە- کەڵاتەرزان) لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند: کە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی کوردستان یەکێک لە تاڵترین و ناخۆشترین دەورەکانی بە خۆیەوە بینیوە.
لە بەشێک لەو بەیاننامەیەدا هاتووە، لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا زیاتر لە ٤٠ مامۆستا لە پارێزگای سنە دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەکان کراون و لە ئێستادا بە دەیان مامۆستای دیکە بە هەیئەتی سەرپێچییەکانی ئیدارەی پەروەردە ناسێندراون.
جێگەی ئاماژەیە کە پاش ئەوەیکە مامۆستایانی کوردستان دەنگی ناڕازیی خۆیان خستە پاڵ دەنگی وەگیان هاتووی خەڵکی کوردستان لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا، حەراسەتی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان و هێزە ئەمنییەتییەکانی دیکەی ڕژیم بە تۆمەتی جۆراجۆر مامۆستایانی قوتابخانەکان دەستبەسەر دەکەن و لە دۆسییەگەلێکی ساختەدا ڕەوانەی زیندانیان دەکەن.