فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ماشێنی ئێعدام و قەتڵ و جەنایەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی پێویستە ڕابگرین
دوشەممە ۱۸-۱۰-۱۴۰۲   |  08-01-2024

لەم ڕۆژانەدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ بەڕێوەبردنی حوکمی ئێعدامی موجاهد کورکور، موحسین مەزلووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پێژمان فاتحی و ژمارەیەکی دیکە لە بەندکراوانی سیاسی خۆی ئامادە کردووە. بە بنەماڵەی موجاهد کورکوریان ڕاگەیاندووە کە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ڕژیمی ئیسلامی مەحکوومیەت و حوکمی ئێعدامی ئەوی تەئید کردووە. عەباس کورکوری، ناسراو بە موجاهد کورکور، کە زیاتر لە یەک ساڵە لە ژووری تاکەکەسی و لەژێر ئەشکەنجەدایە، ٢٩ی مانگی سەرماوەزی ١٤٠١، واتە ٣٤ ڕۆژ دوای کوژرانی کیان پیرفەلەک، منداڵی ٩ی ساڵەی خەڵکی ئیزە لە گوندی “پەر سوراخ” لە هێرشی هاوبەشی “وەزارەتی ئیتلاعات، سپای وەلی عەسری ئۆستانی خووزستان و فەراجا”دا دەستبەسەرکرا. مەقاماتی ئەمنیەتی و قەزایی ڕژیمی ئیسلامی سەرەڕای ئەوەیکە دایک و باوکی کیان بە ئاشکرا ڕایانگەیاندووە کە هێزە لیباس شەخسییەکانی ڕژیمی ئیسلامی تەقەیان لە ماشێنەکەیان کردووە، موجاهید کورکوریان بە قەتڵی کیان پیرفەلەک تۆمەتبار کردووە. کاربەدەستانی ئەمنیەتیی ڕژیم موجاهد کورکوریان لە دەستڕاگەیشتنی بە پارێزەری هەڵبژێردراو بێبەری کردووە و لەژێر ئەشکەنجەدا ئیعترافیان لێ وەرگرتووە. نیگار کورکور، خوشکی موجاهد لە گرتە ڤیدیۆیەکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وتی: “تکایە ببنە دەنگی براکەم. براکەم بێتاوانە”.

بەپێی ڕاپۆرتێکی دیکە موحسین مەزلوومی ٢٧ ساڵ تەمەن و خەڵکی مەهاباد، محەممەد فەرامەرزی ٢٨ ساڵ تەمەن و خەڵکی دێهگولان، وەفا ئازەربار ٢٦ ساڵ تەمەن و خەڵکی بۆکان، پێژمان فاتحی ٢٨ساڵ تەمەن و خەڵکی کامیاران، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای دژەئینقلابی ئیسلامیی تارانەوە بە ئێعدام مەحکووم کراون. ئەم حوکمە لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای ڕژیمەوە تەئید کراوە. ئەم چوار بەندکراوە بەبێ دەستڕاگەیشتن بە لانیکەمی مافی تۆمەتبارێکی سیاسی، زیاتر لە یەک ساڵ و پێنج مانگە لە ناوەندە ئەمنیەتییەکاندا ڕاگیراون و خراونەتە ژێر هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکی جەستەیی و دەروونی. ئەگەرچی کەناڵی تەلەڤیزیۆنی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی، ئیعترافی ئیجباریی ئەم چوار زیندانییەی چەندین جار بڵاوکردووەتەوە، بەڵام پارێزەری ئەوان هەتا ئێستا دەستی بە پەروەندەکەیان ڕانەگەیشتووە. خانەوادەکانی ئەم چوار بەندکراوە لەم ماوەیەدا نەتەنها لە چاوپێکەوتنی حزووری و یان پەیوەندیی تەلەفونی بێبەری کراون، بەڵکوو هیچ زانیارییەکیشیان لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان نییە. کاربەدەستانی ئەمنیەتیی ڕژیمی ئیسلامی ئەوانیان بە هەوڵدان بۆ “تەقاندنەوەی دامەزراوە سەنعیەتییەکانی ئیسفەهان” تۆمەتبار کردووە و لەژێر ئەشکەنجەدا ئیعترافیان لێ وەرگرتوون.

ئەحکامی ئێعدامی ئەم بەندکراوە سیاسییانە و شەپۆلی ئەو ئێعدامانە کە ڕژیم خستوویەتە ڕێ بەر لەوەیکە ئەحکامی یاسایی بەدژی ئەوان بێت، ئەحکامی سیاسین و لەڕاستیدا ڕژیم بە کوشتنی ئەوان کرێکاران و جەماوەری ناڕازیی ئێرانی کردووەتە نیشانە تا لەم ڕێگەوە چاوترسێنیان بکات. هێرشی جەنایەتکارانەی داعش لە کرمان بووەتە دەرفەتێک بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تا بە مەزلووم نەمایی، خۆی وەک قوربانیی تیرۆریزم نیشان بدات و بەم بیانووەوە شەپۆلی ئیعدامکردنی بەندکراوان خێراتر بکات و فەزای سەرکوت لە کۆمەڵگادا پەرەپێبدات. بەڵام سەرانی خوێنڕێژی ڕژیمی ئیسلامی دەبێ بزانن کە ئەمڕۆ ئیتر ساڵەکانی دەیەی شەست نییە کە لە خەفادا هەزاران زیندانیی سیاسی بە جوخەی ئێعدام بسپێرن و بیانخەنە گۆڕە بێ ناو و نیشانەکانەوە. لەماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵگای ئێران سێ ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەری و هەزاران و مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاریی و جەماوەریی ئەزموون کردووە. لە جەریانی ئەم ئاخێزانەدا ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێران شەقام و زانکۆ و مەدرەسە و کارخانە و تەنانەت مەراسیمی بەخاکسپاردنی گیان بەختکردووانیشیان کردووەتە سەنگەری دیفاع لە ئازادی و بەرابەری و سەنگەری خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی. جەماوەری ڕاپەڕیو بە کەمتر لە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی ڕازی نابن. لە وەها بارودۆخێکدا ڕژیم نەفامانە لەناو زیندانەکاندا لە گیانی بەندکراوانی سیاسی بەربووە تا بە خەیاڵی خۆی خەڵک لە دەرەوەی زیندانەکان چاوترسێن بکات. بێگومان ڕژیم بێ ئاکامبوونی ئەم سیاسەتە لەناو زیندانەکان، لە دەرەوەی زیندانەکان دەبینێت. ئەمجارەیان دروشمی زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت بەهێزتر لە ڕابردوو لە بەرامبەر زیندان و ئەشکەنجەخانەکانی ڕژیمدا هاوار دەکرێت. چونکە هیچکام لە ڕژیمە دیکتاتۆرەکان بە درێژایی مێژوو نەیانتوانیوە تەنها بە سەرکوت درێژە بە دەسەڵاتیان بدەن. هەموو نیشانەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە ڕەوتی نافەرمانی لە ناو ڕێزەکانی هێزی سەرکوتگەری ڕژیمدا دەستیپێکردووە.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا کە لە قەیرانی قووڵی ئابووری و سیاسیدا دەست و پێ لێدەدات، لەژێر گوشاری مانگرتنی کرێکاران، بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینان و درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەدا هیچ پێگەیەکی لەناو بیروڕای گشتیدا نییە. لە وەها بارودۆخێکدا ئەم دەسەڵاتە تاوانکارە شمشیری لە ڕووەوە بەستووە و سات لە دوای سات جەنایەت دەخوڵقێنێت. ڕژیم بەنیازە لەوپەڕی داماویدا بە پەرەپێدانی کەشوهەوای ئەمنیەتی و ئێعدامی بەندکراوان، دەسەڵاتی ماشێنی سەرکوتەکەی بە ڕووی ئەو خەڵکەدا بکێشێت کە ترسیان لە دەسەڵات ڕژاوە و هاتوونەتە مەیدانی نەبەردەوە و بە کەمتر لە ڕووخاندنی ڕژیم ڕازی نین. نابێ بە ڕژیم ڕێگە بدرێت بە بیانووی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تیرۆریزم ماشێنی کوشتاری بەندکراوان و تیرۆریزمی دەوڵەتی خێراتر بکاتەوە و بە ئەمنیەتی کردنی کەشوهەوای کۆمەڵگا، هێرش بکاتە سەر خەڵک. پێویستە ماشێنی کوشتاری ڕژیم ڕابگیرێت. پێویستە خەبات بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی و خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام بکەینە بزووتنەوەیەکی مەزن و سەرتاسەری.