دوابەدوای ڕێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی زیاتر لە ٢٠٠ خوێندکاری زانکۆی ئەمیرکەبیر بەهۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی گوڵان خوێندکارانی ئەو زانکۆیە، لە ناڕەزایەتی بەو سەرکوتکارییانە و هاوپشتی لەگەڵ هاوپۆلەکانیان، لە وانەکاندا بەشدارییان نەکرد و مانیان گرت.
ئەم مانگرتنە دوابەدوای دەرکردنی بانگەوازێک لەلایەن خوێندکارانەوە بۆ مانگرتن لە پۆلەکان و ئامادەنەبوون لە وانەکان لە ڕۆژی دووەم و سێیەمی مانگی گوڵان دروست بووە.
لەو بانگەوازەدا، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ناوی زانکۆ بە بوونی خوێندکارانەوە گرێدراوە، داوا لە خوێندکاران کراوە کە لە بارودۆخێکدا کە زانکۆ مافی بنەرەتی خوێندکارانی بە فەرمی نەناسیوە لە ڕەوایی پێدان بە زانکۆ و ئامادەبوون لە پۆلی وانەکان خۆ ببوێرن.
هەروەها لەو بانگەوازەدا بە ئاماژەدان بەوەیکە ژمارەیەکی زۆر لە هاوپۆلەکانیان لە خوێندن لە زانکۆ بێبەش کراون، جەختیان لەوە کردەوە کە ئەگەر ئەمڕۆ پشتگیریان نەکرێت سبەی خوێندکارەکانی دیکەش ناتوانن بچنە ناو زانکۆ.
ڕۆژی شەممە ١ی گوڵان، هێزەکانی حەراسەتی زانکۆی ئەمیرکەبیری تاران، بەهۆی جۆری جلوبەرگەوە ڕێگەیان بە ژمارەیەکی زۆر لە خویندکارانی کچ و کوڕ نەدا بچنە ناو زانکۆوە.
ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانان، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە لەژێر ناوی گەڵاڵەی ”نوور” هێزەکانی پۆلیس و بەسیج و هێزە لیباس شەخسییەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ژنانەی کە حیجابی زۆرەملێ لەبەرچاو ناگرن، زیاد کردووە.
لە سەرەتای جێبەجێکردنی ئەم گەڵاڵەیە تا ئێستا چەندین ڕاپۆرت لەسەر هەڵسوکەوتی توندوتیژانەی هێزەکانی ڕژیم لە دژی دژبەرانی حیجابی زۆرەملێ بڵاو کراوەتەوە.