فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

مانگرتن لەخواردنی بەندکراوێکی سیاسی لە زیندانی ورمێ
سێشەممە ۲۸-۰۱-۱۴۰۳   |  16-04-2024

شاکر بێهرووز بەندکراوی سیاسی لە زیندانی ورمێ لە ناڕەزایەتی بە بارودۆخی ناڕوونی خۆی، مانی لە خواردن گرت.
بەپێی ڕاپۆڕتی هەواڵدەریی هێرانا، شاکر بێهرووز لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوە لە ناڕەزایەتیی بە بارودۆخی ناڕوونی خۆی پاش ٥ ساڵ بەندکران و تەواوبوونی ماوەی مەحکوومییەتەکەی، مانی گرتووە.
ئەم سەرچاوە زیادی کردووە کە بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی داداگای ورمێ بەو بیانووە کە هێشتا ناوبراو دۆسییەی لە دادگا هەیە، پاش تەواوبوونی ماوەی مەحکوومییەتەکەی، ڕێگە بە ئازادی ناوبراو نادات.
شاکر بێهرووز ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی بە تۆمەتی بەغی لە ڕێگەی یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی ڕژیم و کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران، دەستبەسەر کرا.
ناوبراو پاش دەسبەسەرکرانی بە هۆی ئەو تۆمەتەوە حوکمی لەسێدارەدانی لەلایەن لقی یەکی دادگای تاوانەکانی ورمێ بۆ دەرکرا و دواتر لە ڕێکەوتی ٦ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٠ حوکمەکەی لەلایەن لقی ٣١ی دیوانی باڵای ڕژیمەوە پشتڕاست کرایەوە، بەڵام دواتر حوکمی لەسێدارەدانەکەی بە ڕەزامەندیی سکاڵاکەر هەلوەشایەوە و تەنیا بە هۆی لایەنی گشتیی تاوانەکان، حوکمەکەی بۆ ١٠ ساڵ بەندکران گۆڕدرا.
جێی ئاماژەیە کە دواتر حوکمی ١٠ ساڵ بەندکرانەکەشی بۆ ٥ ساڵ کەم کرایەوە.
شایانی باسە کە دۆسییەکەی دیکەی شاکر بێهرووز کە لە لقی ٢ی دادگای “ئینقلاب”ی ورمێ هێشتا کراوەیە، ئەندامبوونی ناوبراو لە یەکێک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستانە کە بەو هۆیەوە بە ٥ ساڵ بەندکران مەحکووم کراوە.