فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

مانگرتن و ناڕەزایەتیی ڕێکخراو، درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە
شەممە ۰۳-۱۰-۱۴۰۱   |  24-12-2022
مانگرتن و ناڕەزایەتیی ڕێکخراو، درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە

بەدوای ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەرکەوتووانەی ڕۆژانی ١٤ و ١٥ و ١٦ی سەرماوەز کە لەسەر بانگەوازی دەیان ڕێکخراوی خوێندکاران، کرێکاران، مامۆستایان، شۆفیر کامیۆن و ڕێکخراوە سیاسی و کەلتوورییەکان بەڕێوەچوو، بانگەوازێکی دیکە لە ڕێکەوتی ٢٣ی مانگی سەرماوەز بۆ بەڕێوەبردنی مانگرتن و ناڕەزایەتی لە ڕۆژانی ٢٨، ٢٩ و ٣٠ی سەرماوەز لەلایەن ژنان، لاوان و خوێندکارانی ٢٦ زانکۆ لە سەرانسەری ئێران و ٨ ڕێکخراوی لاوانی شۆڕشگێڕ و ژنانی خەباتکاری کوردستان و زاهیدان ڕوو بە خوێندکاران، لاوان، ژنان، کرێکارانی ناوەندە سەنعەتییەکان، کادری دەرمانی و بازاڕییان بڵاو کرایەوە. پەیامی ئەم بانگەوازە ئەوە بوو: “بەیانی و نیوەڕۆ مانگرتنی سەرانسەری لە ئاستی شارەکان بەتایبەت لە ناوەندەکانی کەسب و کار و لە زانکۆ و مەدرەسەکان بەرپا دەکەین. ئێوارە و شەو کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان  لە شارە جۆراوجۆرەکان بەڕێوە دەبەین و شەوی یەلداش دەکەینە درێژترین شەوی شۆڕشمان بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی و دەستبەسەکراوان و بنەماڵەی گیان بەختکردووان”. لە درێژەی بانگەوازەکەدا هاتبوو: “ئێمە وێڕای پاراستنی ئەو سەنگەرانەی کە پێشتر گرتووماننەوە، پێویستە بەردەوام ئامادە بین بۆ گرتنەوەی سەنگەرەکانی تر. بۆ ڕاگرتنی جەنایاتی کۆماری ئیسلامی، ئێعدام، سەرکوت، دەستبەسەرکردن و دەستدرێژی پێویستە بتوانین ڕەوتی ڕووخاندنی دەسەڵات و سەرکەوتنی شۆڕشمان خێراتر بکەینەوە. ئەم ئامانجە بە پەرەپێدان و گەشەی ڕەوتی ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەرانسەری و گشتی دێتە دی. لەم ڕاستایەدا بۆ درێژەی پێشڕەویی شۆڕش بە پێویستی دەزانین کە بۆ جارێکی دیکە سێ ڕۆژ بۆ مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرانسەری ڕاگەیەنین”. بانگەوازەکە لەلایەن زۆرێک لە ڕەوت و ناوەندە سیاسییەکانەوە پشتیوانیی لێ کرا. 

ئەم بانگەوازە لەلایەن خەڵکەوە وڵامی ئەرێنی وەرگرت و هەوڵی دام و دەزگای ئەمنییەتی و سەرکوتی حکوومەتی ئیسلامی بۆ ڕێگری لە ناڕەزایەتی و مانگرتن بێ ئاکام مایەوە. ڕژیم پێشتر بە بیانووی پیسبوونی هەوا ئەم سێ ڕۆژەی بۆ مەدرەسە و زانکۆکان لە هێندێک لە شارەکان تەعتیلی گشتی ڕاگەیاندبوو. هەموو دووکانداران و بازاڕیانی یەک لە دوای یەک تەهدید کردبوو کە لە ئەگەری داخستنی دووکان و پەیوەستبوونیان بە مانگرتن، دووکانەکانیان لێ پلۆمب دەکات و پەروەندەیان بۆ دروست دەکات و جەریمە دەکرێن. بەڵام خەڵکی ناڕازی و تووڕە لە دەسەڵاتی ئیسلامی، بەتایبەت دوای ئێعدامی جەنایەتکارانەی موحسین شکاری و مەجیدڕەزا ڕەهنەوەرد، لەم سێ ڕۆژەدا بە مانگرتن و خۆپیشاندان و ڕێپێوان، بە حاکمانی قاتڵ و جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامییان نیشان دا کە ناتوانێ بە ئەشکەنجە و قەتڵ و ئێعدام و جەنایەتی وەحشیانە، خەڵکی ناڕازی و شۆڕشگێڕ لە بڕیاڕیان بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی پاشگەز بکات. لەم سێ ڕۆژەدا خەڵکی خەباتکار لە زۆرێک لە شارەکان بەتایبەت لە شارەکانی کوردستان دژبە کۆماری ئیسلامی و جەنایەتەکانی دەستیان دایە مانگرتن و خۆپیشاندان. لە شارەکانی ڕەشت، گەوهەر دەشت و گوڵشەهری کەرەج، وەکیل ئابادی مەشهەد، چابەهار، ئیسفەهان و بەتایبەت لە زۆرێک لە گەڕەکەکانی تاران لەوانە ئێکباتان، تەرەشت، جەماڵزادە، کاشانی، مێترۆی تەوحید، شەهرەکی نەفت، پوونەک، ئاپادانا، سادقیە، تێهران پارس، پارکی ڤی، مەیدانی ئینقلاب و سەلسەبیل، هاتنە سەر شەقامەکان و بە دروشمی دژەدەوڵەتی وەک “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، “مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی”، “نا بۆ ئێعدام”، “زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ” بۆ جارێکی دیکە نیشانیان دا کە پەرەپێدانی سەرکوت، زیندان، و ئێعدام ناتوانێ ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی لە نابوودیی حەتمی نەجات بدات. سەرکوت و زیندان و کوشتار ئیتر ناتوانێ مانەوەی دەسەڵاتی  ڕژیمی ئیسلامی زەمانەت بکات. حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران کە بێجگەلە هەژاری و برسییەتی و نائەمنی و قەتڵ و کوشتار دەستکەوتێکی دیکەی بۆ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و بێبەشانی کۆمەڵگە نەبووە، لە کۆتایی تەمەنی نزیک بووەتەوە.

ڕق و نەفرەت لە کۆماری ئیسلامی و جەنایەتەکانی، لە دەرەوەی وڵاتیش لەناو پەنابەرانی ئێرانی و بیروڕای گشتیدا پەرەی سەندوودە. پزیشکان و کادری دەرمانیی ژمارەیەک لە شارەکانی ئاڵمان بۆ هاوپشتی لەگەڵ هاوکارانیان لە ئێران و بەتایبەت هاوپشتی لەگەڵ پزیشکان و پەرستارانی بەندکراو و مەحکووم بە ئێعدام، بڕیاریان داوە لە ڕۆژی سێهەمی ئەم مانگرتنەوە تا ڕووخانی ئەم ڕژیمە دژە زانستە، هەموو چوارشەممەیەک بازووبەندی ڕەش ببەستن. ئەوان لە سەرۆک وەزیرانی ئاڵمان و وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتەش داوایان کردووە کە لە کادری دەرمانیی ئێران پشتیوانی بکەن. لە کردەوەیەکی دیکەدا ١٨٣ نوێنەری پەرلەمانی ئوتریش و زۆرێک لە نوێنەرانی پەرلەمانەکان و هاووڵاتییانی خاوەن ناوی یاسایی ڕایانگەیاند کە حازرن وەکالەتی زیندانیانی سیاسی لە ئێران وەعۆهدە بگرن. کەسایەتییە ناسراوەکانی وەرزش و هونەریش هەر بەم شێوەیە پشتیوانیی و هاوپشتیی خۆیان لەگەڵ هاوکارانیان لە ئێران ڕاگەیاندووە. 

 ئێستا کە لە سەروبەندی سەدومین ڕۆژی درێژەی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە داین، شایەدی ئەوەین کە پێشڕەویی مانگرتن و ناڕەزایەتیی ڕێکخراوی خەڵک هاوهەنگاو لەگەڵ مانگرتنە کرێکارییەکان، کۆماری ئیسلامیی زیاتر لە ڕابردوو لاواز و داماو کردووە.  خودییەکان و “خەواسی ڕژیم” بەردەوام لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی زیاتر ناهومێد دەبن. ئەوان وەبۆڵەبۆڵ کەوتوون و ڕەخنە لە ڕژیم دەگرن و دان بەوە دادەنێن کە “ڕژیم بۆ ڕەفاه و ئاسایش و ئەمنییەتی خەڵک هیچ کارێکی نەکردووە و لە کۆتایی تەمەنی نزیک بووەتەوە”. ژمارەیەکی زۆریشیان بێدەنگییان گرتووەتە بەر و بیر لە دەربازبوونی خۆیان دەکەنەوە چونکە دەزانن کە تاکە ستراتێژی مانەوەی ڕژیم واتە سەرکوتیش ناتوانێ چارەساز بێت و ئەم شەپۆلە سەرانسەرییە تا ڕووخاندنی ڕژیم ڕاناوەستێت. لەحاڵێکدا کە بزووتنەوەی خوێندکاری ئەرکی مێژوویی خۆی دۆزیوەتەوە و لەحاڵی پێشڕەویدایە، بزووتنەوەی کرێکاریش بە پەرەپێدانی مانگرتن لە ناوەندە گرینگەکانی بەرهەمهێنان بەرەوپێش دەڕوات. بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن بە ئەزموون بۆی دەرکەوتووە کە تا کۆماری ئیسلامی یان هەر دەەسەڵاتێکی دژی ژن و پیاوسالار لەسەر کار بێت، پێویستە لەپێناو ئازادی و بەرابەریدا درێژە بە موقاومەت و خەبات بدات. بزووتنەوەی کوردستان نیشانی داوە کە لەشکرکێشی و جەنایەت و کوشتار ناتوانێ خەڵک بێدەنگ و تەسلیم بکات و ڕژیم کاری تەواوە. ئێستا کە کۆماری ئیسلامی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە ڕووخانی زیاتر نزیک دەبێتەوە، پێویستە بۆ زەمانەت و دابین کردنی ئازادی، بەرابەری و دەسەڵاتی شۆرایی لە دواڕۆژی نەمانی ئەم ڕژیمەدا دەست بەکار بین. 

تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co