شاری مەهاباد و دەورووبەری بەمەبەستی کۆنترۆڵ و سەرکوتی خەڵکی ئەو شارە لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە مێلیتاریزە کراوە.
لە ماوەی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی خەڵکی کوردستان دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، ئێستا هێزەکانی ڕژیم لە شاری مەهاباد بەتەواوەتی ئەو شارەیان مێلیتاریزە کردووە. لە گەڕەکەکانی”کانی سۆفی تەها، ئەسحابەی سپی و پشت تەپ”، هێزەکانی ڕژیم لە کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی بەوڵاوە لاوانی ئەو شارە دەستبەسەر دەکەن و زۆربەی خەڵکی ئەو گەڕەکانە لە ترسی دەستبەسەرکرانیان لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە، شوێنی نێشتەجێبوونی خۆیان بەجێهێشتوو و ڕوویان لە گوندەکانی دەرووبەری مەهاباد کردووە.سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە سەر ڕێگای مەهاباد بۆ پەسوێ و ڕێگای مەهاباد بۆ میاندواو و هەروەها ڕێگای مەهاباد بۆ ورمێ، خاڵی پشکنینیان داناوە و هاتوچۆی خەڵک کۆنترۆڵ و چاوەدێری دەکەن.