ڕۆژی دووشەممە ١ی خەزەڵوەر، ئیدارەی کۆچبەرانی تورکییە پەیوەندیی بە شەهرام ئەلیاسی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و لەیلا ڕاوەند، هاوژینی شەهرام کردووە و ئاگاداریان کردوونەتەوە کە ئاکام و وەڵامی چاوپێکەوتنەکانیان بۆ وەرگرتنی پەنابەری دوای ١٠ ساڵ لەم وڵاتە، نەرێنییە و داخوازییەکەیان ڕەت کراوەتەوە.
ئەم بەندکراوە سیاسییەی پێشوو لەم بارەیەوە ڕاگەیاندووە: “لە ساڵی ٢٠١٤ەوە هاتوومەتە وڵاتی تورکییە و لە پارێزگای وان ناوم تۆمار کردووە، لە ساڵی ٢٠١٥ش وەڵامی ئەرێنی و وەرگیرانم لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وەرگرتووە. دوای تێپەڕبوونی ماوەی ٨ ساڵ بەسەر وەرگرتنی وەڵامی ئەرێنی و وەرگیرانم و هەروەها نزیکەی ١٠ ساڵ چاوەڕوانی لە تورکییە، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئانکارا، وێڕای ئەوەی کە هیچ کارێکیان نەکردووە بۆ ئەوەی من و بنەماڵەکەم بگوازنەوە بۆ وڵاتێکی ئەمن؛ لەبری ئەوەش ئەو هەموو ساڵە ئازار و ناخۆشییان بەسەر بنەماڵەکەمدا سەپاندووە”. شایانی باسە کە ١٠ ساڵ لە پەنابردنی ئەم پەنابەرە سیاسییە لەگەڵ هاوژین و دوو کچە منداڵەکەی بۆ وڵاتی تورکییە تێپەڕ دەبێت و لە ساڵی ٢٠١٥ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نووسینگەی ئانکارا، وەک پەنابەر وەرگیراون.
پێویستە ئاماژە بکرێت، شەهرام ئەلیاسی لە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٨٦ لە شاری مەلارد سەر بە پارێزگای تاران دەستبەسەر کراوە و پاش ٦٠ ڕۆژ لە بەندی تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی سپای پاسداران لە زیندانی ڕەجایی شار ڕاگیراوە و دواتر لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاریار بە تۆمەتی “هەوڵدان بە دژی ئاسایشی میللی”، سزای ١١ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە. ئەم هاووڵاتییە پاش تێپەڕکردنی ٦ ساڵ دەستبەسەربوون لەو ماوەیە بەسەریدا سەپاوە لە زیندانەکانی ڕەجایی شار، بەندی ٣٥٠ی ئێڤین و پاشان زیندانی مەریوان، بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی و بە مۆڵەتی ١٥ ڕۆژە لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ئازاد کراوە و دواتر ناوبراو بۆ هەتاهەتایە ناچار بە جێهێشتنی ئێران بووە.