زانیار توندڕەو”، کە لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە بریندارکرابوو و ڕێگای ئۆرووپای گرتبووە بەر، وێڕای بنەماڵەکەی لە یەکێک لە کەمپەکانی تورکییە لە بارودۆخێکی دژواردایە. ئەم لاوە تەمەن ١٨ ساڵە سەرەڕای مەترسی ئەگەری دیپۆرتکردنەوەی، لە دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی بێبەش کراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بنەماڵەی شەش کەسی زانیار توندڕەو، دوای گەڕاندنەوەیان لە لایەن هێزەکانی ناتۆ لە ناوچە ئاوییەکانی یۆنانەوە بۆ تورکییە، لە بارودۆخێکی دژواردا ژیان بەسەر دەبەن و لە کەمپێک لە پارێزگای “موغلا” جێگیرکراون. شایانی باسە، لە ٤٨ کاتژمێری ڕابردووەوە و دوای جێگیرکرانی ئەم بنەماڵە لە کەمپ، زانیار توندڕەو لە دەست ڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی بێبەش کراوە. جێگەی ئاماژەیە، ئەم بنەماڵە ڕۆژی ٥ی خاکەلێوە لە ڕێگای ناوچە ئاوییەکانی نێوان تورکییە و یۆنان بەرەو ئۆرووپا کەوتوونەتە ڕێ، کە دوای بڕینی مەودایەکی ٧٢ کاتژمێری لەلایەن هێزەکانی یۆنانەوە بۆ یەکێک لە دوورگەکان گەڕێندراونەتەوە. زانیار توندڕەو، لە مانگی خەزەڵوەری پارەکە و لە پیرانشار بەهۆی بەرکەوتنی گوللەی هێزەکانی ڕژیم، بینایی چاوی ڕاستی لەدەست دا. لە لایەکی دیکەوە، دیپۆرتی چەند کەس لە هاوسەفەرانی ئەم بنەماڵەیە بۆ باشووری کوردستان ئەگەری دیپۆرتکردنەوەی ئەم بنەماڵەیەی بۆ ئێران لە ڕۆژانی داهاتوودا زۆرتر کردووە.