فەردین محەممەدی سەمانی، لە بەندکراوانی سیاسی پێشوو و پەنابەری سیاسی خەلکی شاری سنە مەترسی جددیی ڕادەستکردنەوەی لە وڵاتی سوێد بۆ ئێران لە ئارادایە. ئەو چالاکە تۆمەتی “موحاربە”ی لەسەرە و لە ئەگەری ڕادەستکردنەوەیدا، گیانی دەکەوێتە مەترسییەوە.
بەوتەی فەردین محەممەدی سەمانی، هەرچەند ئیدارەی پەنابەرانی سوێد داوای پەنابەری ناوبراوی لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینی قبووڵ کردبوو، بەڵام لەم دوایییانەدا واتە دوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ مەترسی ڕادەستکردنەوەی بۆ ئێران کەوتووەتە ئاراوە.
ئەو چالاکە سیاسییە، ساڵی ٢٠٠٧ لەلایەن دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی “موحاربە و افساد فی الارض لە ڕێگەی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان” سزای دە ساڵ زیندان و دوورخستنەوەی بەسەردا سەپێندرا.
ئەو بەندکراوە سیاسییە پێشووە، دوای تێپەڕکردنی ماوەی سێ ساڵ لە ماوەی سزا دە ساڵەکەی، لە زیندانی ناوەندی ڕامهۆرمزی خووزستان مورەخەسی پێدرا و هەر ئەوکات لەڕووی ناچارییەوە زێدەکەی جێهێشت و بەرەو ئەورووپا ڕۆشت. لە ئەگەری ڕادەستکردنەوەی فەردین محەممەدی سەمانی، بێجگە لە سزای قورسی ئەشکەنجە، ئەگەری سەپاندنی سزای سێدارە لە ڕێگەی تۆمەتە پێشووەکانی ناوبراویش لە ئارادایە.