فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

مەحکوومییەتی حەمیدی نووری، سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازی و دادخوازی
ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
دوشەممە ۲۷-۰۴-۱۴۰۱   |  18-07-2022

بە بەشداریی چالاکانە و هەوڵی شەو و ڕۆژیی بنەماڵەی بەندکراوانی سیاسی، چالاکانی سیاسی و گیان بەدەربردووانی قەتڵوعامی بەندکراوانی سیاسیی دەیەی ٦٠، سەرەنجام قازی و لێژنەی دادوەریی دادگای ستۆکهۆڵم دوای ٩ مانگ لێکدانەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی جولای بەرابەر لەگەڵ ٢٣ی مانگی پووشپەڕی ١٤٠١، دەنگی نیهایی خۆیان دژبە “حەمید نووری” یەکێک لە جەلادانی گەوهەردەشت، دەرکرد. حەمیدی نووری بە ناسناوی “عەباسی” کە لە جەرەیانی قەتڵوعامی بەندکراوانی سیاسی بە فەرمانی خومەینیی جەلاد، دەستیاری دادیاری زیندانی گەوهەردەشت و یەکێک لە حێبەجێکارانی کوشتاری بەندکراوانی سیاسی لە هاوینی خوێناویی ساڵی ٦٧ بوو، بە پێی بەڵگە، بە تۆمەتی قەتڵوعامی بەندکراوانی سیاسی و تاوانی شەڕ لەم دادگایەدا موحاکمە و بە زیندانی هەتاهەتایی کە لە وڵاتی سۆئێد قورسترین سزایە، مەحکووم کرا.
لە سەروبەندی سی و چوارەمین ساڵیادی کوشتاری زیندانییانی سیاسیی هاوینی ٦٧، مەحکوومییەتی حەمید نووری کە لە هاودەستانی هەیئەتی مەرگ: ئیبراهیم ڕەئیسی، مستەفا پوورمحەممەدی، حسێنعەلی نیری، مورتەزا ئێشراقی بوو، هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی کوشتارەکانی ڕێژیمی ئیسلامی و گیان بەدەر بردووانی ئەم جەنایەتە و هەروەها سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ هەموو چالاکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی و دادخوازی لە ئێران.
مەحکووم کرانی ئەم جەنایەتکارە هەنگاوێکی گەورەیە بەرەو دادگایی کردنی بەکرێگیراوان و خوێنڕێژانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە سەرەڕای جەنایاتی بێ ئەژمار و قەتڵ و تاڵانکردنی دەستڕەنجی کرێکاران و زەحمەتکێشان، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بێ هیچ نیگەرانییەک لە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا و وڵاتانی تر لە هاتووچۆدان و ژیانێکی ئەشرافیان بۆ خۆیان پێکهێناوە.
دوای تێپەڕینی سێ دەیە لە قەتڵوعامی زیندانی سیاسی لە هاوینی ساڵی ٦٧ ئەمە یەکەمین جارە کە یەکێک لە تۆمەتبارانی ئەم پەروەندەیە دادگایی و مەحکووم دەکرێت. ئەم حوکمە مێژووییە لە حاڵێکدا دەرکرا کە لەماوەی حەوتووەکانی ڕابردوودا هەواڵی پەیماننامەی نەنگین و سەرشۆڕانەی “گۆڕینەوەی زیندانی لە نێوان ئێران و بێلژیک”دا بڵاوبۆوە. بەپێی ئەم پەیماننامەیە کە مانگی مارسی ٢٠٢٢ لە نێوان دەوڵەتی بێلژیک و ڕێژیمی کۆماری ئسیلامیی ئێراندا بەنهێنی واژۆ کراوە، هەر کەسێکی ئێرانی یان بێلژیکی کە بەپێی حوکمی دادگاکانی ئەم دوو وڵاتە بە زیندان یان جۆرێک لە سنووردارکردنی ئازادی مەحکووم کرابێت، ئەم یاسایەی بەردەکەوێت.
بەپێی بەڵگە بڵاوکراوەکان، ئامانجی ئەم پەیماننامەیە لەم باروودۆخەدا، گۆڕینەوەی “ئەسەدوڵڵا ئەسەدی” دیپۆلمات – تیرۆریستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە کە لە ساڵی ٢٠١٨دا بە تۆمەتی سازماندانی بۆمبڕێژکردنی کۆبوونەوەی “سازمانی موجاهدینی خەلق” لە فەڕانسە لەلایەن دەزگای قەزایی بێلژیکەوە بە ٢٠ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە. شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان وێڕای پیرۆزبایی مەحکوومییەتی “حەمید نووری” لە هەموو بنەماڵە و گیان بەختکردووان و چالاکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی و دادخوازی کە بۆ بەئاکام گەیاندنی ئەم پەروەندەیە هەوڵیان دا، بیروڕای گشتی بانگەشەی مەحکوومکردن و لەقاودانی موماشات و سازانی دەوڵەتی بێلژیک لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەکات.
بێگومان بە درێژەی خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ڕاپەڕینی گشتی، ڕۆژێک دێت کە جەماوەری ستەملێکراو و چەوساوە، تۆماری ئەم ڕێژیمە کۆنەپەرستە و بەکرێگیراو و باندە مافیاییەکانی تێکەوە دەپێچن و سەرجەم بڕیاردەران و ئەنجامدەرانی جەنایات و هۆکارەکانی چارەڕەشیی خۆیان دەکێشنە پای دادگاکانی خۆیان.

بڕووخێ ڕێژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیسم

٢٤ی مانگی پووشپەڕی ١٤٠١

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
واژۆکان: سازمانی ئیتحادی فەداییانی کۆمۆنیست، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری-حێکمەتیست، سازمانی راهی کاریگەر، سازمانی فەداییان(ئەقەلییەت) و هەستەی ئەقەلییەت