نادیاربوونی چارەنووسی سێ هاووڵاتیی لە مەریوان و ورمێ
پێنجشەممە ۱۳-۱۱-۱۴۰۱   |  02-02-2023
هەواڵنێرییەکان ڕایانگەیاندووە: چارەنووسی هاووڵاتییەکی ڕفێندراوی دانیشتووی مەریوان پاش نزیکەی ٤ مانگ هەروا نادیارە. هەروەها دوو هاووڵاتیی لە ورمێ زیاتر لە پێنج مانگە بێسەروشوێن کراون و چارەنووسیان نادیارە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، نزیک بە چوار مانگ لەمەوبەر هێزەکانی ڕژیم هێرشیان کردە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی دانیشتووی شاری مەریوان بە ناو “ئەمیر یووسفی” و ناوبراویان ڕفاند و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نییە. لە لایەکی دیکەوە، زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر دەستبەسەرکردنی دوو برای خەڵکی ورمێ بە ناوەکانی “شاهین و ناسر وەساف” لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسداران تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەو دوو برایە بڵاونەکراوەتەوە.