سەرەڕای تێپەڕ بوونی 12 ڕۆژ بەسەر دەستبەسەر کرانی ژنێکی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی “مەنیژە خۆشنود” تەمەن ٥٦ ساڵ، هەتا ئێستا هیچ جۆرە زانیاریەک سەبارەت بە چارەنوس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەردەست نییە.
جێگای ئاماژەیە، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بۆ ئاگادار بوون لە چارەنوس و زانینی شوێنی ڕاگیرانی بێ ئەنجام بووە و ئەم دۆخەش بووەتە هۆی نیگەرانی بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، مەنیژە خۆشنوود ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژ، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بە بێ هیچ هۆکارێک، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری بۆکان دەستبەسەر و پاشان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە. شایانی باسە پاش دەستبەسەر کردنی ناوبراو، هێزەکانی ئیتلاعات ماڵەکەیان پشکنیوە دەستیان بە سەر مۆبایلەکەیدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.