بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی شەممە ٥ی خەزەڵوەر، عەلی ڕۆحی (پشکۆ) تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی گوندی “ئەسراوا” سەر بە شاری مەریوان و ئەندامی پێشووی کۆمیتەی گوندی ئەنجوومەنی چیای سەوزی مەریوان، دوای بانگکران و سەردانی بۆ ئیتلاعاتی سپای ئەم شارە، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئیتلاعاتی سپای پاسداران پەیوەندییان بە عەلی ڕوحی کردووە و هۆشدارییان داوە بە زووترین کات سەردانی ئەم دەزگا ئەمنییە بکات ئەگەرنا بە توندوتیژییەوە دەستبەسەر دەکرێت. جێگای ئاماژەیە، سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە، هەوڵی بنەماڵەکەی بۆ زانینی چارەنووسی تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە و تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیاری ورد سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتەکانی وەپاڵدراو، شوێن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە.